گالیلۆ: لەدایکبونی تەلەسکۆپ

”لێرە، لە ئیتالیا، هەمو گۆشەیەک پڕە لە مشتومڕ دەربارەی ئەم دۆزینەوانەی گالیلۆ. گالیلۆ یان لە ئاسابەدەر بەناوبانگ دەبێت یاخود دەبێتە مەخسەرە.”

باڵیوزی بەریتانی لە تۆسکانی ساڵی 1611

لە کانونی دووەمی 1609 دا شاژنی تۆسکانی، کریستینا، هەواڵی نارد بۆ گالیلۆ و پێی ڕاگەیاند کە مێردەکەی، پادشای مەزن، فێردیناندۆ نەخۆش کەوتوە و پێویستە گالیلۆ ئەستێرەکانی بۆ بخوێنێتەوە و بزانێت چارەنوسی پادشا بە چی دەگات. گالیلۆ، هەرچەندە هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان و لای کەس دەری نەبڕیوە کە ئایا ئیمانی بە ئەسترۆلۆژی هەیە یان نەء، بەڵام چەند جارێک ئەم کارەی کردووە و ئەزمونی لە وانەبێژی ئەسترۆلۆژیشدا هەبوو، جگە لەوەی کاتێک مامۆستا بوو لە زانکۆی پیزا، ئەم بابەتەی بە قوتابیانی بەشی پزیشکی دەگوتەوە، هۆی بنەڕەتی ئەمەش ئەوەبوو، کاتێک ئەمانە لە دواڕۆژدا دەبونە دکتۆر، پێویست بوو بزانن کە ئەستێرەکان لەمەڕ سیحەتی ئایندەی نەخۆشەکان چی دەڵێن و چی دەخوێننەوە؟ چۆن نەخۆشییەکەش دیاری بکەن و چۆن چارەسەریش بنوسن؟

گالیلۆ، لە بارەی خوێندنەوەی ئەستێرەکانەوە سەبارەت بە نەخۆشییەکەی فێردیناند گوتی بە هیمەتی خودای گەورە شیفای بۆ دێت و وەزعی تەندروستی باش دەبێت و ساڵانیکی زۆری ژیانی بەختەوەری لەبەردەم پادشادای گەورەدایە. بە داخەوە خوێندنەوەی گالیلۆ نەک هەر هەڵە دەرچوو، بەڵکو دوای تەنها سێ هەفتە لە نەخۆشی، پادشا مرد. بەمجۆرە قوتابیەکەی گالیلۆ، کۆسیمۆی تەمەن نۆزدە ساڵ، کە ئیتر بە کۆسیمۆی دووەم ناسرا، چووە سەر عەرش و بوو بە پادشای تۆسکانی.

هاتنی کۆسیمۆی دووەم بۆ سەر تەختی دەسەڵات لای گالیلۆ فرسەتێکی زێڕین بوو بۆ زەمینە خۆشبون بۆ ئەوەی ببێتە ماتماتیکناس و فەیلەسوفی کۆشکی شاهانە، زۆر دەمێکە چاوی بڕیوەتە ئەم پۆستە و وەک خەونی دێرین سەیری کردووە، بە تایبەت لە ساڵی 1603 وە، ئەو ساڵەی کە ڕیچی، ماتماتیکناسی کۆشکی شاهانە کۆچی دوایی کردووە و پۆستەکەش هەروا بە بەتاڵی ماوە. هەر زوو تەڵەبی پێشکەشکرد بە خاوەن شکۆ کە ئامادەیە لەو پۆستەدا کاربکات، بەڵام بە داخەوە ئەم جارەش نائومێد بوو.

گالیلۆ لە تەمەنی چل و پێنچ ساڵاندا بوو، لەم تافەدا، وەک زۆربەی ساڵانی ژیانی هەمیشە خەمی دارایی هەبوو، موچەکەی تەنها 500 کراون بوو، کە ئەمەش نیوەی موچەی زۆر لە فەیلەسوفانی تر بوو، بە تایبەت چاوی هەر لە کرێمۆنینی بوو کە هەزار کراونی وەردەگرت. گالیلۆ، لە لایەکی ترەوە هەقی بوو خەمی بێت، سێ منداڵی هەیە، مەسرەفی مارینای دۆستی دەکات کە سەربەخۆ دەژی، موچەی خزمەتکارەکانی دەدات، گوزەران بۆ دایکی فەراهەم دەکات، کە هەرگیز نە ڕازییە، نە شوکرە، جگە لەوەی هێشتا پرسی مارەییەکانی خوشکەکانی یەکلایی نەبوەتەوە. بە هۆی خەمی پارەوە، زۆر جار گالیلۆ هاوڕی دەسڕۆیەکانی بێزاردەکرد و سەری دەکردە سەریان بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ بەرپرسان بکەن کە موچەکەی بۆ زیادبکەن، تەنانەت جارێک ئەوەندە فشاری خسبوە سەر ساگریدۆ، کە لە بری ئەو داوای موچە – زیادکردنی لە دەسەڵاتداران کردبوو، سەرەنجام، کارەکە وەها شکایەوە کە ساگریدۆ لە لای بەرپرسان هەستی بە شەرمەزاری کردبوو، جارێکی تر و لە بۆنەیەکی تردا بە سارپپیان گوتووبوو، ئەگەر ئەم کابرایە بە موچەکەی ڕازی نییە، دەتوانێت وازبهێنێت. جگە لە ئالودەیی بۆ پارە، گالیلۆ هەمیشە خەمی سیحەتی خۆی دەخوارد، بە تایبەت چونکە زەمەنێکی درێژی لەگەڵ قوتابیاندا بەسەر دەبرد، نەجیبزادەیەک ماڵئاوایی دەکرد، دەبوو پێشوازی لە خوێنکارێکی خانەدانی نوێ بکات. ئێستا قوتابیەک لە ماڵەکەی دەژی و هەر ئەم یارمەتی دەدات و سەعی پێدەکات بۆ بەدەستهێنانی دکتۆرا، گەلێک جاران لە خەیاڵی خۆیدا دەیگوت، ” دەبێت هەر خەریکی خزمەتی کەسانی تر ببم”، هەر ئەمانەش ئاوەها لە پادوا کۆت و زنجیری کردون. چیتر لای وی ژیانی پادوا بە سەفاهەت و ڕۆاژانی خۆش نەدەهاتنە بەرچاو، خۆ لەوەتەی هاوڕێی ئازیزی، ساگرێدۆ چووەتە وڵاتی شام، هەست دەکات کە بۆشاییەک و تەنیاییەک لە ناخیدا سەری هەڵداوە و زۆر بە سەختی بیری دەکات و تامەزرۆی ڕۆژانی شادی و پڕ لە پێکەنین و مۆسیقا و شیعر خوێندنەوە و دەیان بیرەوەری شیرین و تاڵ دەکات، لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە بە هەقەت بیری خاکوخۆڵی فلۆرەنس دەکات، ئەوە نیشتمانی رەسەن و ڕاستیەتی، هەمیشە چاوانی لە سەرییەتی و ڕۆحەکەی هەر لەوێ دەژی، ئەوە عەردی منداڵییە و هەمیشە و هەمیشە هەر بیری لێدەکاتەوە، کاتێک لە پشوەکاندا دێتەوە، هەر لە دورەوە بۆنی خۆڵەکەی لە هەموو عەترێک خۆشترە، کە تێکەڵ بە هەناسەکەی دەبێت، سیمای جۆرێکی تری لێدێت، یاخود کە نەسیمی سارد و نەرمی دەشتاییەکانی فلۆرەنسا پێشوازی لێدەکات، دەڵێی بەخێرهاتنەوەی ئاشنایەکی دێرینی خۆی دەکات، ئەم نەسیمە پڕە لە عەنبەری ڕۆژ و بەرامەی شەوانی هەرزەکاری، ئاخر چی لە هەوای ئەو یادانە دڵگیرترن. بەڵکە ئەمە خودایە لە ئەندامانی شاهانەی تۆسکانی نزیک ببێتەوە و بە یەکجاری بگەڕێتەوە زێدی منداڵی خۆی و لەوێ لە زانکۆی فلۆرەنسا ببێتە ئوستاد، هەرچەندە هەڵوەدای پارەوپوڵە، بەڵام خۆ بە هەمان موچەوە لەوێ بژی ئەوە زۆر خۆشترە و ئیسراحەتی دڵ مسۆگەرترە. چەند ساڵێک لەوەبەر، کاتێک ئوستادی تایبەتی کۆسیمۆ بوو، بە ڕاشکاوی بە پادشای گەورەی تۆسکانی گووت، فلورەنسای زۆر خۆشدەوێت، دڵی پڕە لە عەتف و موحیبەت بەرانبەر بە هەوای فلۆرەنس و حەزدەکات لە فلۆرەنسا لە خزمەتی پادشا و خەڵکی تۆسکاندا بێت. هەرچەندە فێردیناندی یەکەم گوتبوی کە، ” گالیلۆ نایابترین ماتماتیکناسی مەملەکەتی مەسیحانە”، کەچی هێشتا هەر هیوایەکی گەورەی بە گالیلۆ نەبەخشی کە ببێتە ماتماتیکناسی کۆشک. گەرچی گالیلۆ قودرەتی ماتماتیکی و داهێنەرانەی لە ئاسابەدەربوو، کەس نەبوو، شان بدات لە شانی، خۆشی زۆر باش لەم هەقیقەتە گەیشتبوو، بەڵام ئەم خۆبردنە پێشەوە، بە تایبەت لە سەر خوانی نەجیبزادەکان و ئەریستۆکراتەکاندا، گەلێک جاران بە زیان بۆ خۆی دەگەڕایەوە.

لە مانگی شوباتدا بوو کە گالیلۆ دیسانەوە لە پادوا گەڕایەوە بۆ پرسە زانستییە کۆنەکان و کەوتەوە کارکردن لەسەر کۆمەڵێک توێژینەوە کە زەمەنێک بوو دەستبەرداری بووبوون، هۆکەشی دەگەڕیتەوە بۆ زۆری دەرسە تایبەتیەکان و سەرقاڵی زانکۆ. یەکێک لەو بوارانەی کە دیسان گەڕایەوە سەری بریتی بوو لە لێکۆڵینەوە لە جوڵە و کەوتنەخوارەوەی تەنەکان، بە تایبەت کەوتە گەڕان لە دوی پرینسیپە ماتماتیکیەکانی ئەم پرسە، چونکە بە هەقەت ئەوە ئامانجی سەرەکی گالیلۆ بوو، واتە گەڕان لە دوی پێکهاتەی ماتماتیکیانەی سروشت و دیاردەکان کە تێیدا ڕودەدەن. یاساکانی جوڵە، یەکێک لەو مەسەلە گرنگانە بو کە ساڵەهای ساڵ بو زانایانی سروشتی سەرقاڵ کردبوو، بەلام گالیلۆ کەسێک بوو، هەرگیز وەها بە سانایی کۆڵ لەم پرسە قوڵ و سەرنجڕاکێشانە نادات، هەرچەندە چەندەها جار پەتی کارکردنی پچڕاوە و بوە بە هۆی وەستانی لەم کارە، بەڵام دیسانەوە دوای چەندان ساڵ گەڕاوەتەوە بۆی.

لە بەهاری 1609 دا زانایەکی غەریبە ڕویکردە ڤێنیس بۆ مەبەستی نمایشکردن، ڕێکلامکردن و هەوڵدان بۆ فرۆشتنی ئامێرێکی نوێ بە دەسەڵاتدارانی ڤێنیس. ئەم پیاوە ناوی هانز لیپێرشی Hans Lippershey بوو، ئامێرەکەش وەک چاویلکە وەهابوو کە بە چاویلکەی سیخوری ناسرابوو، بەلام لە بری یەک هاوێنە دوو هاوێنەی بەکار هێنابوو، ساڵێک بوو ئەم ئامێرەی دروستکردبوو، نایابیەکەشی لەوەدا بوو کە ئەگەر سەیری دونیای دوری خۆت بکەی ئەوا شتەکان نزیک دەکاتەوە و گەورەشیان دەکات، خۆ ئەگەر کەسێک لە دووری دوو کیلۆمەترەوە بێت ئەوا زۆر بە ڕونی دەبینرێت.

هەرچەندە لە زۆربەی سەرچاوەکاندا داهێنانی ئەم ئامێرە دراوەتە پاڵ لیپێرشی هۆڵەندی، بەڵام هەتا ئێستا پرسەکە یەکللایی نەبۆتەوە، چونکە هەندێک مێژونوسی گەورەی زانست[i]، ئەو بانگەشەیە دەکەن کە تۆماس هارییەت Thomas Harriot لە ئنگلترە و سایمۆن ماریۆس Simon Marius لە ئەڵمانیا ئەم جۆرە ئامێرەیان، کە بە چاویلکەی سیخوڕی بەناوبانگ بوە، هەبوە و سەیری مانگیان پێکردووە. ئەمە جگە لەوەی کە تۆماس دیگس لە ئنگلترە لە ساڵی 1571 باس لە ئامێرێک دەکات کە هاوشێوەی تەلەسکۆپە.

کاتێک گالیلۆ، بۆ یەکەمجار ئەم هەواڵەی لە زارانەوە بیست، یەکسەر چووە لای هاوڕێی دێرین و خۆشەویستی خۆی سارپی، کە بزانێت و حاڵی ببێت ئەم مەسەلەیە و بانگەشەکەی چۆنە. سارپی، بە گالیلۆی ڕاگەیاند ئەو ماوەیەکە بەم داهێنانە تازەیەی زانیووە و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەمەڕ ئەم ئامرازەوە لەگەڵ دیپلۆماتێکی فەرەنسی کردووە، ئەوەشی گوت کە ئەو دیپلۆماتە کۆنە قوتابی گالیلۆ خۆی بوە و لە حاڵی حازردا لە سەفارەتی فەرەنسی کاردەکات. ئەمە جگە لەوەی کە سارپی ئەوەشی پێگوت کە ساڵێک دەبێت ئەم ئامێرە وەک وازی منداڵان لە پاریس دەفرۆشرێت و ئێستاش، دوای هەڵسەنگاندن و بینینی چاویلکە سیخوڕییەکەی لیپێرشی، پێدەچێت سێنەتەرەکان ئەم ئامێرە لەم زانا هۆڵەندییە بکڕن. گالیلۆ گوتی سەیرە کە تۆ لەم بارەیەوە هیچت بە من نەگووتووە، سارپی لە وەڵامدا گوتی کە لە نامە نوسین بۆ ئەو دیپلۆماتە وەستاوە، چونکە ئێجگار سەرقاڵە بە کاروبارەکانی هۆڵی سێنەتەرەکانەوە[ii]. گالیلۆ بە سارپی گوت، ئەمە شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە و داوای لێکرد کە بە هەر نرخێک بووە دەبێت پرینسپە بنەڕەتی و سەرەتاییەکانی چۆنیەتی بنیاتنانی ئەم ئامرازەی بۆ فەراهەم بکات. گالیلۆ جگە لەوەی زانا بو، جگە لەوەی داهێنەر و دەستڕەنگین بوو لە دیزانی ئامراز و شتی تردا، هەر بە هەقەت ئەقڵێکی بەرزی بازرگانی و خستنەبازاڕی داهێنانەکانی خۆی هەبوو، زۆر بە وردی سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا، بە تایبەت نەجیبزادەکان و دەستەودایەرەی میرەکان.

بەمجۆرە گالیلۆ، بە هۆی سارپییەوە، توانی زانیاری لەمەڕ بنەما بنەڕەتییەکانی ئەم ئامێرە بەدەست بخات. کاتێک گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، بۆ پادوا، زۆر بە ڕژدی(جدی) کەوتە بیرکردنەوە لە بنیاتنانی ئامێرێکی وەها کە بتوانێت ململانێی ئەم کابرا هۆڵەندییەی پێ بکات. هات دوو هاوێنەی  lenses  هێنا، کە لەو سەردەمەدا بۆ چاویلکەسازی بەکاردەهات، یەکێکیان هاوێنەی قۆقزی  convex (لە ناوەڕاستدا ئاوساو و لە قەراغەکانیدا تەنکە) بوو، ئەوی تریان هاوێنەی ناوچاڵ concave (لە ناوەڕاستدا چاڵە و لە قەراغەکانیدا ئەستورە) بوو. هەر بۆ ئەم مەبەستە بۆرییەکی هێنا، یەکێک لە هاوێنەکانی لە سەرێک و هاوێنەکەی تریشی لە جەمسەرەکەی تر دانا. پاشان کەوتە بەکارهێنانی ئامێرەکە و لە سەری قۆقزەکەوە سەیری شتی دووری کرد، زۆر سەیربوو، شتەکان چەندجارە گەورە دەکەن و لە هەمان کاتدا نزیکیان دەخەنەوە. سەرەتا ئەم ئامرازە سەرنجڕاکێشە، کە گالیلۆ دروستیکرد، قودرەتی هەشت ئەوەندەی[iii]  گەورەکردنی هەبوو، بەڵام ئەمەی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بنیاتنا، کاتێک گالیلۆ بە خۆی و ئامێرەکەوە چوە ناو شاری ڤێنیس، لەسەر سەکۆیەکی بەردەم کڵێسەیەک داینا و خەڵک لە گالیلۆ کۆبوونەوە، لە چاوی ئەم ئامێرەوە سەیری شتی دووریان دەکرد، بۆیان دەرکەوت ئەمە بە ڕاستی شتێکی دانسقەیە. بەمجۆرە قسە کەوتە زاران، کەوتە شاران. دەنگۆ تەشەنەی کرد کە گالیلۆ ئامێریکی زۆر سەیری دروستکردوە، شت نزیک دەخاتەوە. جوانی ئەم ئامێرەی گالیلۆ لەوەدا بوو، کە جگە لەوەی بابەتەکانی نزیک دەخستەوە و بە ڕوونی نمایشی دەکردن، بە پێچەوانەی ئەوەی لیپێرشییەوە، شتەکانی لنگەوقوچ نەدەبینی بەڵکو بە ڕێکی وەک خۆیان لە چاویلکەکەوە بەدیاردەکەوتن.

گالیلۆ هەواڵی بۆ سارپی نارد کە ئامێرێکی وەهای بنیاتناوە، سارپی، چونکە ڕاوێژکاری سێنەتەرەکان بوو، مەسەلەی کڕینی چاویلکەی سیخوری زانا هۆڵەندییەکەی دواخست، ئەمەش بوارێکی زۆرتری بە گالیلۆ بەخشی کە بتوانێت ئامێرەکە باشتر بکات، هەم لە ڕوی چلۆنایەتی و هەم لە ڕوی جوانییەوە، ئەمە جگە لەوەی توانستی دە ئەوەندە گەورەگردنی هەبوو. بەمجۆرە لە کۆتایی مانگی ئابی 1609 دا نامەی نارد بۆ سارپی و پێی ڕاگەیاند کە پرۆژەکە سەرکەوتوو بوە و ئامادەیە نمایشی بکات.

گالیلۆ ئامێرەکەی برد بۆ نمایش. کاتێک کەوتنە ڕوانین لە دەریا، بە تایبەت پاپۆڕەکان، هێشتا لە دوری چەند کیلۆمەترێکەوە بوو، کەچی لە چاوی ئەم ئامێرەوە زۆر نزیکترن، بە لای ئەم جۆرە خەڵکانەوە ئەمە شتێکی تەواو نوێ و نایاب بوو، ئامێرێکە هەر بە ڕاست داهێنانێکە شایستەی گەلێک شتە. گالیلۆ زۆر زیرەکانە زانی کە چەندە شتێکی دانسقە و بێوێنەی دروستکردووە و گرنگییەکەشی لەولا بوەستێت، هەم لە بواری زانستی و هەم بواری سەربازی، بەڵام سەرەتا پێویستە بایەخی سەربازیەکەی گەورە بکات و زیاتر باس بکات، پێویستە جەخت بکات لەوەی کە هونەری جەنگ لە گۆڕاندایە. ئاخر هەر خۆت تەسەورکە، لە مەیدانی جەنگدای، دوژمن چەند کیلۆمەترێک لە تۆ دورە، تەنانەت هێشتا تۆی هەر بەدی نەکردووە، کەچی تۆ زۆر بە ئاسانی دەتوانیت ئەم دوژمنە ببینیت، قەرار بدەیت، کە بیکوژی یان نەء. بەمجۆرە لێرەدا دەردەکەوێت کە گالیلۆ چۆن توانی ئەم ئامرازە نوێیە، هەرچەندە داهێنانی خۆی نەبوو، لە بەرژەوەندی خۆی بخاتە بەردەم پادشا، میر و سەنەتۆرەکان.

گالیلۆ، گەرچی زانا بوو، بەڵام لێرەدا زۆر دانایانە بیری کردەوە کە باس لە فرۆشتنی ئەم ئامێرە نەکات، بەڵکو بیکاتە دیارییەکی نایاب و جوان، پێشکەشی پادشای بکات. لە نامەیەکدا بۆ یەکێک لە زاواکانی نوسیبوی” کە گرنگی ئەم ئامێرەم لە بواری دەریایی و سەربازیدا بۆ دەرکەوت و دوایی کە سایەی گەورەم بینی و ئارەزویەکی مەزنی هەبوو کە ببێتە خاوەن ئامێرەکە، دوای چوار ڕۆژ چومەوە کۆشک و وەک دیارییەک پێشکەشی سایەم کرد.”

کاتێک گالیلۆ ئامێرە بە نرخەکەی پێشکەش بە سایە کرد، لە هەمبەر پادشادا نەوییەوە و گوتی: ” من گالیلۆ گالیلەیم، خزمەتکاری لێبوردەی سایەتان، هەمیشە بە بێوچان و بە هەموو گیانمەوە ئەرکی خۆم واری دەکەم، هەمیشە دەگەڕێم بۆ ئەوەی شتێک بدۆزمەوە کە سودی ئێوەی گەورەمانی تێدا بێت…ئێستاش من ئەم ئامێرە نوێیە سیحراوییەم هێناوە، دوای ئەو حوکمەی کە ئەم ئامێرە شایستەی ئەوەیە لە لایەن جەنابتەوە پێشوازی لێکراوە، من وەک دیارییەک پێشکەش جەنابتانی دەکەم، جا خۆشت حوکم بدە کە ئایا زیاتر لەم ئامێرە دروست بکرێت یان نەء! ئەمە یەکێکە لە بەرهەمانی زانست، ئەو زانستەی کە من هەڤدە ساڵە لە پادوا کاری تێدا دەکەم، بەو هیوایەی کە بتوانم داهێنانی زیاترت پیشکەش بکەم، ئەگەر خوداوەند پایەدار بێت، سایەمان یار بێت، ئەگەر جەنابتان و خوداوەند فەرمان بدەن ئەوا من هەموو باقی ژیانم لە خزمەتی جەنابتاندا سەرف دەکەم.”

لە دواییدا گالیلۆ ویستی ماڵئاوایی بکات، پێیان گوت: بۆ چەند دەقەیەک لە دەرەوەی هۆڵی سەنەتەرەکان چاوەڕوان بێت. گالیلۆ لەم مەسەلەیە حاڵی نەبوو، دوای کەمێک، بەرپرسێکی زانکۆی پیزا هاتەدەر و هەواڵێکی زۆر نایاب و دڵخۆشکەرانەی بە گالیلۆ گەیاند، گوتی کە ئامێرەکە هەتا بڵێیت لای سایەی گەورەمان و سەنەتەرەکان دیارییەکی بە نرخە و هەر لەوێدا بڕیاریان داوە کە پۆستی پرۆفیسۆری ماتماتیک لە زانکۆی پادوا بە جەنابت ببەخشن و موچەکەشت دەبێتە هەزار کرۆن. بێگومان پادشا و ڕاوێژکارەکانی نەیاندەزانی کە گالیلۆ لە ئەسڵدا یەکەم داهێنەری ئەم ئامێرە نییە، ئەمە جگە لەوەی گالیلۆش نەک هەر باسی نەکرد و هەستی بە گوناه نەکرد بەوەی کە ئەم ئایدیای تەلەسکۆپەی لە لیپێرشی دزیوە، بەڵکو هەر هیچ شەرمیشی نەکرد کە لە زۆر شوێنان خۆی پێ فش بکاتەوە، تەنانەت نوسەرێک لەم بارەیەوە دەڵێت کە ”گالیلۆ بە پەڕی ئەوانی تر خۆی دەڕازێنێتەوە[iv].” بە ڕاستی ئەمە تەبعی گالیلۆ بوو، پیاوێکی خۆپەرست بوو. هەرچەندە ئامێرەکەی لیپێرشی بە بەراورد بەوەی گالیلۆ پێشکەوتوو نەبوو، بەڵام لە مێژوودا تەواو ئاشکرایە کە ئایدیاکە هی لیپێرشییە و دوای ئەمە ئامێرەکەی لیپێەرشی لە ئەوروپا وەک کەرەسەتەیەکی بازرگانی هەر دەفرۆشرا.

سەرەتا گالیلۆ زۆر شادمان بوو، تەواو ڕازیبوو، بەڵام کاتێک کەوتە تاوتوێکردنی وردەکاری گرێبەستەکە، نائومێدی سیمای داگرت و تەواو لە ناوەڕۆکەکەی ناڕازی بوو، چونکە یەکەم گرێبەسەتەکە ساڵێکی تر دەکەوێتە کار و دوەمیش وەها پێویست دەکات کە گالیلۆ هەتا کۆتایی ژیانی لە زانکۆی پادوا ئوستاد بێت. ئەمەیان هەر تەواو سەغڵەتی کرد، ئەو لە دوی پۆستێک دەگەڕێت کە چیتر وانەبێژی لەخۆنەگرێت و لە ژاوەژاوی قوتابیان بە دوربێت، کەچی ئەمە پێچەوانەکەی دەرچوو. لە مامۆستاییدا وێنەی نەبوو، قودرەتێکی سروشتی لە ئاسابەدەری گەیاندنی زانیاری و ماریفەتی هەبوو، دەیزانی چۆن زانست بۆ ئنسانی سادە هاسان بکات، بەڵام ئەگەر بۆ بژێوی نەبێت هەرگیژ ناچێتە سنفەوە و ڕقی دنیای لێیەتی. گالیلۆ ئارەزوی نەبوو خۆی بەم گرێبەستانەوە گرێ بدات. لەم سەروبەندەدا سەفەریکرد بۆ فلۆرەنسا. لێرە کەوتە کارکردن لەسەر باشترکردنی تەلەسکۆپەکەی، هات شوشەی هاوێنەیی(زەڕەبین) تازەی بە تایبەت کڕی و هەر خۆی کەوتە ڕنین و داتاشین و سافکردنیان، بە جۆرێک کە توانی لە مانگی کانونی یەکەمدا هەمان ساڵدا ئامێرێکی نوێی وەها ئەنتیکە دروست بکات کە هەم قودرەتەکەی بیست ئەوەندە بێت و هەم لە ڕوی شکڵەوە جوانتر بێت. ئەم ئامێرەی کردە دیاری و پێشکەشیکرد بە قوتابی دێرین و پادشای ئیستای تۆسکانی، کۆسیمۆی دووەم، ئەمەش بە مەبەستی ئاواڵەکردنی دەروازەی فرسەتێک کە ساڵەهای ساڵە وەک مەراز بیری لێدەکاتەوە، بەڵکو خودایە ئێستا مەرازی حاسڵ بکەی و ببێتە ماتماتیکناس و فەیلەسوفی کۆشکی شاهانە و بۆ یەکجارەکی بتوانێت واز لە ئوستادی و قەرەباڵغی پۆل و سەرئێشەی قوتابی خسوسی بهێنێت و بگەڕیتەوە فلۆرەنس، پێگەی بیرەوەیەکانی ڕۆژانی منداڵی.

لەم مانگەدا گالیلۆ نەک هەر ئاڕاستەی چاوی تەلەسکۆپەکەی بەرەو ئاسمان گۆڕی، بەڵکو ئەسترۆنۆمی کردە پیشەیەک کە ئاکامەکەی لە دوا ساڵانی ژیانیدا گەلێک تاریک بوو، بە جۆرێک بو بە هۆی دروستبونی تاریکایی لە چاوانی خۆیدا. بۆ یەکەمجار تەلەسکۆپەکەی وەرچەخاند و لە بری سەیرکردنی دیمەنەکانی سەر عەرد و دەریا، ڕوی چاوانی ئامێرەکەی کردە ئاسمان و لە مانگ وردبوەوە.

گالیلۆ، گەلێک شتی بەدیکرد، دەڤەری بینی لە دەریا دەچوو. کاتێک کەوتە خوێندن و خوردبونەوە لە سێبەرەکان و لایەنە ڕوناکیەکانی سەر ڕووی مانگ، گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە کاتێک ڕوناکی خۆر دەگاتە سەر مانگ و ڕۆشنایی خۆی پەخشدەکات، سێبەرەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت، بەرزی و نزمییان تێدایە و ناڕێکیەکەشیان هەمیشە لە جوڵەدایە و لەسەر یەک هێڵ ناوەستن. لای گالیلۆ ئەمەش بەڵگەن بۆ ئەوەی کە سەر ڕوی مانگ ساف نییە[i] و مانگیش خۆی وەک هەسارە شێوەکەی خرێکی کەماڵ نییە، بە پێچەوانەی تێڕوانینی خەڵک و ئەوەی فەیلەسوفانی یۆنان، بە تایبەت ئەرستۆ، بانگەشەیان بۆ کردوە. گالیلۆ، ئەوەی خستەڕوو کە مانگ لە بەرزی و نزمی دروستبووە و وەکو عەرد بە چیا و دۆڵ داپۆشراوە.

گالیلۆ ١

گالیلۆ نەک هەر کەوتە وەسفکردنی وردی چیاکانی سەر ڕوی مانگ، بەڵکو توانی بەرزی ئەم چیایانە بدۆزێتەوە، ئەمە خاسیەتی گەورە و بەرچاوی زانایە بە پێوەری ڕۆژگاری ئەمڕۆ، واتە تەنها بە وردبونەوە و تێڕامانەوە ناوەستێت و رازی نابێت، بەڵکو چەمکی پێوان دەخاتەگەڕ بۆ سەرکەوتنی پرۆژەکەی و فەراهەمکردنی ئەنجامێکی ورد. گالیلۆ هەمیشە تێدەکۆشا کە بەڵگەی قایلکەر و کۆنکریتی بخاتە بەردەم خوێنەران، جا خەڵکانێک هەبون، بە تایبەت فەیلەسوفان نەیان دەویست لەم پرسە حاڵی ببن، هەر بۆیەش لای گالیلۆ ئەمە مایەی پێکەنین بوو. گالیلۆ بە هەقەت فیساگۆرسی بوو، ئیمانی تەواوی بە بیردۆزی فیساگۆرسی هەبوو، هەر بۆیەش بۆ پێوانی هەندێک لە چیاکانی سەر ڕوی مانگ ئەم بیردۆزە جوانەی خستەگەڕ. لە ئەنجامی حساباتەکەیدا، گالیلۆ گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە بەرزی هەندێک لەم چیایانە شەش کیلۆمەتر و نیوە. بە پێوەری ئەم سەردەمە گالیلۆ لە کارەکەیدا زۆر ورد بووە و بەهای زۆر باش و گونجاوی بەدەستهێناوە.

لای گاالیلۆ ئێمە چۆن ئێستا، کاتێک لە مانگ دەڕوانین، بەو جۆرە بەرزی و نزمییەی دێتە بەرچاومان، ئەوا خۆ ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان خودای گەورە کردی و ئادەمیزاد توانی بگاتە ئاسمان و لە قوڵایی ئاسمانەوە سەیری عەرد بکات، ئەوا بێ هیچ گومانێک عەرد وەک ئێستای مانگ دێتە بەرچاو، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە عەرد و مانگ لە هەمان پێکهاتە دروستبوون، هەردوک بەرزی و نزمی لەخۆدەگرن، واتە تەواو بە پێچەوانەی مەزەبی ئەرستۆییەوە دەبێت کە پێمان دەڵێت ئاسمان لە توخمی جیاواز، کە ئەویش ئیسەر، یاخود توخمی پێنجەمە، دروستبووە. لای گالیلۆ ئەمەیە گرفتی کۆسمۆلۆژیای ئەرستۆیی، پێویستی بە هەڵتەکاندن هەیە، بەڵام فەیلەسوفانی هاوچەرخی گالیلۆ و پیاوانی کڵێسە بۆیان ئەزم ناکرێت، هەر بۆیەش لە نائومێدیدا پەنا دەبەن بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵێک دەق لە کتێبی پیرۆزەوە بهێنن و لەگەڵ بیروباوەڕی خۆیاندا تەریبی بکەن. دەنا، هەروەک گالیلۆ گوتی، ئەرستۆ فەیلەسوفێکی حەکیمە، ئەگەر ئێستا بێت و بە چاوانی خۆی لە تەلەسکۆپەکەی منەوە لە مانگ وردبێتەوە، دڵنیام کە دێتە سەر ڕای من.

یەکێک لەو پرسە سەرنجڕاکێشانەی تر کە هەر لە سەردەمانی فیساگۆرس، هەتا ئەرستۆ و دواییش هەتا دێتە سەر کۆپەرنیکۆس و مایەی گفتوگۆ بووە، ئەوە بووە، ئایا گەردون سیمایەکی ناکۆتای هەیە یان بۆ خۆی کۆتا دێت و ئەستێرە جێگیرەکان دوا هێڵەکانی سنوری گەردونن. بێگومان کڵێسە، لێرەشدا، دیسانەوە تەبەننای چەمکی کۆسمۆلۆژی ئەرستۆیی دەکرد کە دەڵێت گەردون لە ئەستێرە جێگیرەکاندا کۆتایی دێن و سنورەکانی ئەودیو عەرشی خوداوەندە، کە بزوێنەری تاک و تەنهای گەردونە و مەملەکەتی فریشتەکانە. کاتێک گالیلۆ، لە شەوانی تاریک و تەواو نوتەکی دوور لە تریفەی مانگە شەو، سەیری ئەستێرەکانی ئاسمانی کرد، بۆی دەرکەوت کە بە پیچەوانەی وێنەی مانگ، ئەم ئەستێرانە گەورەتر نابن، هەر چاوان دەتروکێنن. ئەمەش، لای گالیلۆ بەڵگە بوو بۆ ئەوەی کە ئەستێرەکان دەبێت ئێجگار دوور بن، تەنانەت لە هەسارەکان زۆر دورترن، چونکە هەسارەکان لە چاوی تەلەسکۆپەوە گەورە دەبن، بەلام ئەم ئەستێرانە نەخێر. ئەمە هەر هەمان ڕای کۆپەرنیکۆسی بوون، دواییش هەر بە هەمان دیدی کۆپەرنیکۆسی، لە ساڵی 1576 دا فەلەکناسی ئنگلیزی تۆماس دیگز (1546 – 1595) بە هەمان شێوە ئاخاوت. بێگومان مەبەستی بیرکردنەوەی ئەم زانا گەورانە ئەوەبوو کە گەردون بەرەو ناکۆتا دەڕوات و درێژدەبێتەوە و هەرگیز سنووری بۆ نییە، بەڵام کەس جورئەتی نەبوو بەو شێوە زمانە قسە بکات چونکە تەواو پیچەوانەی دەرسەکانی کڵێسە و پرینسیپەکانی ئەرستۆ بون. تەنانەت لێرەدا پیویستە جارێکی تر ناوی گیۆردانۆ برونۆ  (1546 – 1600) بخەینەوە یادی خۆمان، کاتێک بە شارانی ئەوروپادا دەگەڕا و بانگەشەی ناکۆتای گەردون و فرە گەردونی دەکرد و دەیگوت دەشێت هەر گەردونە و حەزرەتی عیسای خۆیان و هاوشێوەی ئەمەی ئێمەیان هەبێت. سەرەنجام گیرا و تۆمەتی کفری درایە پاڵ و بە زیندویی لە ساڵی 1600 دا برژاندیان.

گالیلۆ، توانی خەڵکی زیاتر لە خۆی و ئکتشافەکانی کۆبکاتەوە، زۆر کەس هەوڵیاندا تەلەسکۆپ بکڕن، بە تایبەت دوای ئەوەی گالیلۆ سەیری ئاسمانی پێکردبوو و سەرنجی لە مانگ دابوو. بەڵام هەموو کەسیش خۆشی بە داهێنانە نوێکەی گالیلۆ نەدەهات، یاخود هەندێکی تر ئیرەییان بە زانست و بلیمەتیی گالیلۆ دەهات و ئامادەنەبون گوێ لە دۆزینەوە تازەکانی بگرن، گەلێکی تریش بە هەڵەوەڕ ناویان دەبرد و دەیان گوت تەنها مەبەستی ئەو ئەوەیە کە دژایەتی ئەرستۆ و بنەما فەسەلەفییە زانستییەکانی بکات.

مانگەکانی مشتەری

مرۆ، لە دێرزەمانەوە زانیوتی کە عەرد مانگی خۆی هەیە و بە دەوریدا دەسوڕێتەوە، ئەمەش چونکە بە چاو دەبینرێت و پێویست ناکات هیچ تەلەسکۆپێک بەکاربهێنین. بەلام لە سەرەتای سەدەی هەڤدەدا هیچ کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە دوور نییە لە ئاسماندا هەسارەی تر هەبن و خۆیان مانگی خۆیان هەبێت، وەک ئەوەی عەرد، بە دەوریدا بسوڕێتەوە، بەڵام گالیلۆ ئێستا بووەتە خاوەن گرنگترین ئامێر لە مێژوودا کە دەتوانێت لە قوڵاییەکانی ئاسمان وردبێتەوە و خۆی دەرەنجام پێشکەش بکات. ئەو دەرەنجامانەی لە ڕامان لە مانگەوە وەدەستی خستن بوون بە هۆی ئیلهامبەخشین بە گالیلۆ بۆ ئەوەی زیاتر لە ئاسمان بڕوانێت و لە قوڵاییەکانی وردبێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە لە کۆتایی ساڵی 1609 دا دیسانەوە کەوتە باشترکردنی جۆری ئامێرەکەی، بە جۆرێک سەرقاڵی کارکردن بوو لەسەر تەلەسکۆپەکە کە لە بۆنەکانی سەری ساڵ و پشوەکانی جەژنی مەسیحاندا هەموو ئاهەنگ و سەفاهەتێک فەرامۆش بکات و بە درێژایی ئەو شەو و رۆژانە توانی بگاتە ئاکامێکی وەها نایاب کە قودرەتی گەورەکردنی تەلەسکۆپە نوێکەی سی(30) ئەوەندە بێت.

 کاتێک لە 7 ی مانگی کانونی دووەمی  1610 دا لە هەسارەی زەبەلاحی مشتەری (جیوپیتەر) هەرە دوری سیستەمی خۆری ڕاما، توانی یەکێک لە کارە ئەسترۆنۆمییە هەرە نایابەکانی خۆی تۆماربکات و ناویشی بە نەمری لەگەڵ سیستەمی کۆپەرنیکۆسیدا بنوسێتەوە. ئەوەی سەرنجیدا شتێکی نوێ و سەیربوو، هەرگیز ئەقڵی بۆ ئەوە نەدەچوو کە لە مانگەکانی هەسارەی مشتەری دەڕوانێت. سەرەتا سێ تەنی بچکۆلەی گەشاوەی بینی کە زۆر نزیکن لەم هەسارەیەوە، یەکەمجار بە ئەستێرە وەسفی کردن.

گالیلۆ هەوڵیدا زۆر بە دیقەت و ورد ئەم دیاردەیە تۆمار بکات، شەوانە سەری هەڵدەبڕی بۆ ئاسمان و لە ئەستێرە و هەسارەکان ورد دەبووەوە، هەرچەندە هەواکەی لە ئاسابەدەر سارد بوو، بەڵام ئەم مرۆیەک بوو هەرگیز کۆڵی نەدەدا. دەستەکانی دەلەزین و هەندێک جاران زەحمەت بوو بتوانێت ئامێری تەلەسکۆپەکەی بە شێوەیەکی هاوسەنگانە ڕابگرێت، ئەمە جگە لەوەی جار جارە هەستی دەکرد تەزوی سەرما بە تیژی بە ناخی دڵیدا ڕەتدەبێت و خەریکە لە گۆی دەخات و سەرتاپای خوێنی دەمارەکانی دەکاتە سەهۆڵ و گیانی بە تەواوی سڕدەکات. هەناسەکانی دەتگوت هەور پەخش دەکەن، زوو زوو بە پەڕۆیەک تەمی سەر جامی هاوێنەکانی تەلەسکۆپەکەی دەسڕی.

گالیلۆ ٢

بۆ شەوی دوایی، واتە 08 کانونی دووەم سەیری کرد کە مەوقیعی هەر سێ ئەستێرەکە جێگۆڕکێیان کردوە و هەمویان هاتوونەتە لای ڕۆژئاوای هەسارەی مشتەری. بە ڕاست ئەمە شتێکی تەواو سەرسوڕهێن بوو، تۆ بڵێی هەسارەی مشتەری بە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵات نەجوڵێت و سوڕانەوەکەی پێچەوانە بێت؟ دیسانەوە بڕیاریدا بزانێت دەبێت شەوی داهاتو چی دەقەومێت، تۆ بڵێی گۆڕانی تر و سەیرتر ڕوبدات. بە داخەوە 09 ی مانگ هەوربوو، ئەوەی ئەو شەیدای دۆزینەوەی بو نەهات، ناچاربوو شەوی 10 ی مانگ زۆر بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی بکات و بەڵکو ئەمە خودایە هەوریش نەبێت. ئەمشەو شتەکە ئەفسوناویتر بوو، یەکێک لە ئەستێرەکان دیارنەماون و دوانەکەی تریش هێشتا لە ڕۆژهەڵاتی هەسارەکەوەن و هەردوکیشیان هەمان قەبارەیان هەیە. گالیلۆ تەسەوری ئەوەی کرد کە دەبێت ئەم ئەستێرە نادیارە چوبێتە پشت هەسارەی مشتەرییەوە. دیسانەوە دوای شەوێکی تر، واتە لە 11 ی مانگدا تێبینیکرد کە تەنها هەر دو ئەستێرە دیارن، بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمان و تێڕامانە ئەوەیە کە یەکێک لە ئەستێرەکان لەوی تر گەورەترە. سەرەتا گالیلۆ قەراری بۆ نەدرا، بەڵام دواجار،  دوای سێ شەوی تر، ئەستێرەی چوارەم دەرکەوت. ئیتر لێرەدا گالیلۆ بە تەواوی دەرکی پێکرد کە ئەمەی لێرەدا من دەیبینم ئەوەیە کە عەرد تەنها و تەنها هەسارە نییە مانگی هەبێت، بەڵکو مشتەریش هەسارەیەکی ترە و لە باتی یەک مانگ یاخود بڵێین یەک ئەستێرە، دەشێت چەندەها مانگی خۆی هەبێت.

گالیلۆ هێندە سەرقاڵ بوو بەم هەسارە و ئەستێرەکانیەوە کە بۆ شەش هەفتە بە بەردەوامی کەوتە تۆمارکرنی دیاردەکان و نوسینەوە و وێنەکردنی جوڵە و مەوقیعی گرافیکی مانگەکان. هێدی هێدی، گالیلۆ بە تەواوی قایل بوو کە ئەمانە ئەستێرە نین، بەڵکو مانگن و بە دەوری هەسارەی مشتەریدا دەسوڕێنەوە. گالیلۆ ئەوەی خستەڕوو کە مانگەکانی هەسارەی جیوپیتەر، هەندێک جار پێش هەسارەکە یان دوای هەسارەکە خۆی دەکەون، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە کە هەم دەورانی زەمەنی هەریەکەیان دیاریکراو و نەگۆڕە، هەم لە هەمان کاتدا دوورییان لە هەسارەکەوە، جا لە ڕۆژئاوا یان ڕۆژهەڵاتی هەسارەکەوە بێت، هەر نەگۆرە. ئەمەش بەڵگەن بۆ سەرکەوتنی مۆدڵە ماتماتیکییەکەی کۆپەرنیکۆس، چونکە وەڵامێکی دەمکوتکەرانەی پتەوە بۆ ئەو فەلەکناسانەی کە دەڵێن ئەگەر عەرد بە دەوری خۆردا بسوڕێتەوە ئەوا مەحاڵە مانگ بە دەوری هەم عەرد و هەم شانبەشانی عەردیش بە دەوری چەقی گەردون، کە لێرەدا خۆرە، بسوڕێتەوە؟ ئەی چۆن مانگ بە ئاڕاستەیەکی تردا ناجوڵێت و پارچە پارچە نابێت[1]، ئەمە هەرگیز ڕوونادات. بۆ وەڵامی ئەمانە دەبینین، هەروەک گالیلۆ وەسفیکرد، کە نەک هەر عەرد و مانگ پێکەوە بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، بەڵکو مشتەری (جیوپیتەر) و هەر چوار مانگە یاوەرەکەی، وەک خێزانێک، بە هەمان شێوەی عەرد و مانگ بە دەوری چەقی گەردوندا دەسوڕێنەوە و مەودای زەمەنی سوڕانەوەکەشیان بە دەوری خۆردا دوازدە ساڵە. بێگومان لێرەدا پێویستە ئیشارە بەو هەقیقەتە بدەین کە هێشتا چەمکی هێزی ڕاکێشان و کایەی هێزی ڕاکێشان لای مرۆڤ نەبوبوە ڕاستییەک وەک ئەوەی لەسەر دەستی نیوتندا ڕویدا.

گالیلۆ زۆر زو توانی پرسەکەی گەورە بکات و مەسەلەیەکی گەرم بۆ مشتومڕ لە ناوەندەکاندا بخاتە ئاراوە. کەوتە کۆکردنەوە و گەڵاڵەکردنی دۆزینەوەکان و ئەو دەرەنجامە زانیارییەنەی بەدەستی هێناون. گالیلۆ ویستی هەمو ئەم کارە زانستییانە لە دووتوێی کتێبکێکدا بە چاپ بگەیەنێت، چونکەی باش دەزانێت کە خەڵکانێک هەن لە دەرەوە، دور و نزیك خەریکی چنینەوەی بەرهەمی خەڵکانی ترن و بە ناوی خۆیانەوە بڵاوی دەکەنەوە و خۆیان لە میران و پادشاکان نزیک دەکەنەوە. گالیلۆ ناهەقی نەبوو، لەوەبەر ئەزمونی تاڵی هەبوو، بە تایبەت کاتێک کۆنە قوتابیەکی خۆی ویستی پەرگالە جیۆمەتری و نامیلکەکەی بدزێت.

گالیلۆ لە هەمان کاتدا، بە شێوەی زاری دۆزینەوەکانی خۆی بە ناو خەڵکدا بڵاوکردەوە، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بزانن کە خۆی یەکەم کەسە ئەم کارانەی کردووە، ئەمە جگە لەوەی بە ئاشکرا بانگەوازیکرد بۆ فەلەکنسان کە سەرنج بدەن لەم داهێنانە گرنگ و دانسقەیە و بەکاری بهێنن بۆ ئەوەی سەیری ئاسمانی پێ بکەن، چونکە پڕە لە نهێنی و چاوەڕوانی مرۆڤن کە ئاواڵەیان بکەن. گالیلۆ مەبەستی بو خەڵکانی تریش دەرەنجامەکانی وی بەدەست بهێنن، چونکە ئەمە تیورییەکانی ئەو لەمەڕ مانگ و مانگەکانی هەسارەی مشتەری پتەودەکەن و لە هەمان کاتیشدا پێگەی مۆدڵی چەقە – خۆری کۆپەرنیکۆسی لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکاندا بەهیز دەکەن.

گالیلۆ گومانی نەبوو لەوەی ڕۆژ لە دوی ڕۆژ ئەم تەکنەلۆژیای تەلەسکۆپە بەرەو پێش هەنگاو هەڵدەگرێت. بەڵام کاتیك دەهاتە سەر مێژو، هەرگیز خۆی لە یاد نەدەکرد. خۆی بە یەکێک لە ڕابەرە هەرە گەورەکانی ئەم ئامێرە و دەرەنجامەکانی دادەنا، بێگومان هەقیشی بوو، بەڵام گالیلۆ هەرچەندە زاتێکی گەورە و لە ئاسابدەر بلیمەت بوو، کەسێکی لە خۆبایی و لوتبەرز بوو، بە تایبەت کە دەهاتە سەر نەیارانی. هەر بۆیەش کە وەسفی خۆی دەکرد دەیگوت: ” گومانم نییە کە لەگەڵ ڕەوتی زەمەندا، ڕامانی زیاتر ئەم زانستە بەرەو باشتر دەبات. بەڵام ئەمە ڕۆڵی پڕشنگداری یەکەم سەرنجدەر ناسڕێتەوە.”

کاتێک گالیلۆ لە کۆتایی مانگی کانونی دووەمدا خەریکی کۆکردنەوەی ئەو زانیاری و بەڵگە و دەرەنجامانە بوو کە لە ئەنجامی واریکردنی تەلەسکۆپەکەیەوە فەراهەمی کردون و – ئامادەی کردن بۆ ئەوەی بە لاتینی بە چاپی بگەیەنێت، بڕیاریدا سەفەرێک بکات بۆ ڤێنیس بۆ ئەوەی بکەوێتە مامەڵەکردن لەگەڵ خانەیەکی چاپدا . گالیلۆ مەبەستی بوو ئەم کتێبە پێگەیەکی تاببەتی لە ناو خەڵک و ناوەندە ڕۆشنبیری و مەڵبەندەکانی خوێندندا، بە تایبەت قوتابخانە کڵێسەییەکاندا، هەبێت. لە هەمان کاتدا نامەیەکی نوسی بۆ هاوڕێی دێرینی، بێلاساریۆ ڤینتا Belasario Vinta کە ئێشتا سکرتێری پادشای مەزنی تۆسکانی بوو، تێیدا کەوتە باسکردنی تەلەسکۆپە جوان و نایابەکانی و وەسفکردنی کارە فەلەکییەکانی و دۆزینەوەکانی لەمەڕ هەر یەک لە مانگ و مانگەکانی هەسارەی مشتەری. لە نامەکەدا گالیلۆ دەکەوێتە وەسفی خۆی و هەتا دەگاتە ئەوە کە دەنوسێت:” هەتا پلەی ناکۆتا هەست بە سەرسوڕمان دەکەم، هەتا ناکۆتا سوپاسگوزاری بۆ خودا دەنێرم.” ئەوەش بە ڤینتا دەڵێت کە ئێستا لە ڤێنیسە و هاتووە گرێبەست لەگەڵ خانەی چاپدا دەکات بۆ ئەوەی گەڵاڵەی داهێنان و دۆزینەوە زانستییەکانی خۆی بە چاپ بگەیەنێت. جگە لەمەش پێی ڕاگەیاند کە بەم زووانە تەلەسکۆپێکی شاز و دانسقەی بێوێنە و هەموو شتێک دەنێرێت بۆ پادشای گەورەمان لە تۆسکانی.

دوای دوو هەفتەی تر نامەیەکی تری نارد بۆ ڤینتا و تێیدا خواستێکی گەورەتری خستە بەردەم ڤینتای سکرتێری پادشا، گالیلۆ ڕایگەیاند کە نەک هەر حەزدەکات کتێبەکە پێشکەش بکات بە سایەی گەورەمان، بەڵکو ئاواتەخوازە ناوی پادشا هەمیشە بە زیندویی و درەوشاوەیی لە نێو ئەستێرەکان بگەشێتەوە. گالیلۆ گوتی ئەم چوار مانگەی هەسارەی مشتەری کە کەشفی کردون هێشتا ناویان بۆ دانەنراوە و ئەویش بە ئەرکی خۆی دەزانێت ناوی ئەم مانگانە بنێت و بە ڕاستیش پڕ بە دڵ ئارەزو دەکات کە ناوی پادشا بەکاربهێنێت بۆ ناونانی ئەم مانگانە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە ئایا ناوی بنێت کۆسیمیچی، لە دوای ناوی کۆسیمۆی پادشا، یاخود ناوی هەر چوار براکەی بنەماڵەی مێدیچی بەکاربهێنێت، لێرەدا گالیلۆ بە ڤینتای گوت کە بە ڕاستی پێویستی بە ئامۆژگاری ئەوە، گالیلۆ گوتیشی خۆ ئەگەر ئەوان فەرمان دەفەرمون ئەوا دەتوانین ناویان بنێین مانگە مێدیچیەکان، کە ناوی بنەماڵەی پادشایە؟ دوای شەش ڕۆژ ، نامە هاتەوە، ڤینتا ڕایگەیاند کە دوای ڕاوێژ لەگەڵ پادشای گەرورە، پادشا نێوی مێدیچی هەڵبژاردووە.

هێدی هێدی گالیلۆ کەوتە ڕێخۆشکردن بۆ ئەوەی سەرنجی پادشای تۆسکانی بۆ لای بلیمەتی خۆی و داهێنانەکانی ڕابکێشێت، بە تەواوی مەبەستی بوو لە ڤێنیش دوور بکەوێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا نایەوێت بە بێ سپۆنسەر هەنگاوبنێت و دەستبەرداری گەلێ شت ببێت. گالیلۆ زۆر دەمێکە لە هەلێک دەگەڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر ئەم بنەماڵەیە و سەرنجیان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، خۆ ئەوە ئێستا زروفەکە زۆر لەبارە و دۆزینەوە تەلەسکۆپییەکانی لە ناوەندەکاندا بە تەواوی دەنگۆیان هەیە و بوون بە مایەی مشتومڕی فکری. گالیلۆ مەبەستی بوو بە یەکجاری ڤێنیس جێ بهێڵێت و بگەڕێتەوە بۆ فلۆرەنس، بەڵام خۆ دەبێت ژیانێک مسۆگەر بکات. لێرەدا پێویستە ئەوە بگوترێت کە دەهاتە سەر ئەوەی کە بنەماڵەی مێدیچیەکان زۆر خولیا و زەوقی هونەر و زانست ئەدەبیان هەبووە، بەڵام کاتێک دەهاتە سەر ئەوەی کێ هەڵبژێرن بۆ ئەوەی دەرامەت و بژێویەکی نایابی بۆ فەراهەم بکەن، زۆر وردبون لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، چونکە، بۆ نمونە کاتیک ئیتالێا لە بەرەبەیانی ڕینیسانسدا بوو، فلۆرەنساش هەم ناوەندی سەرەکی و هەم پێشڕەوی ئەم بزوتنەوەیە بوو، پێگەی دەیان پەیکەرتاشی بەهرەمەند، زانای بلیمەت و هونەرمەندی مەزن بوو. ئەو کاتە، واتە زیاتر لە سەد و چل ساڵ پێش گالیلۆ، پادشای تۆسکانی لۆرێنتسۆ مێدیچی بوو. لە نێو کەڵە هونەرمەندانی وەکو لیۆناردۆ داڤینچی، مایکل ئەنجلۆ و بۆتیچێللی، تەنها مایکل ئەنجلۆیان سپۆنسەر کردووە، بە جۆڕیک ئەوەندەیان پارە بۆ هەڵڕشبوو، کە تەواو خویان شڕکردبوو، کەچی سیمایەکی گەورەی مێژوی ئیتالیای وەکو لیۆناردیان فەرامۆشکردووە. بە هەمان شێوە، دەبینین لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەم بنەماڵەیە، پارەیەکی باش و چەوریان خستبووە بەردم چەندەها زانا، کە ئاستی فکریی ماتماتیکی و فەلەکییان هەرگیز ناگاتە ئاستی بیرکردنەوەی چەند سەعاتێکی گالیلۆ، بەڵام لە مەسەلەی گالیلۆدا، پێدەچێت مێدیچییەکان ئەوەیان باش لە بیربێت کە لە ساڵی 1592 دا گالیلۆ ڕۆیشت و هیچ بیری لە دەرەنجامەکانی نەکردەوە.

سەرباری ئەوەی گالیلۆ، پەیوەندیەکی نزیکی لەگەڵ فێردیناندۆی دووەم، واتەی بابی پادشای ئێستا، نەبو، بەلام شاژن، کریسینا، هەمیشە و بە بەردەوامی گالیلۆی لە یادبوو، هاوینا بانگی دەکرد بۆ ئەوەی ببێتە ئوستادی خسوسی کۆسیمۆی منداڵ، کە ئێستا پادشای ووڵاتە، جگە لەوەی لە ئاهەنگی ژنهێنانی کۆسیمۆدا، بە تایبەت داوەتیکرد بۆ ئەوەی هەم وەک ئەستێرەیەک ئامادەیی هەبێت و هەم ڕۆڵی هەبێت لە پرس و ڕا، سازکردن و ڕێکخستنی زەماوەندەکە و جگە لەوەی دو جاریش لە وادەی نەخۆشی مێردەکەیدا نامەی نارد بۆ گالیلۆ بۆ ئەوەی ئەستێرەکان بخوێنێتەوە و بەڵکو بتوانێت ئایندە و چارەنوسی مێردەکەی پادشای گەورە پێشبینی بکات.

خانم کریستینا هەمیشە خۆشی بە خوانی گالیلۆ دەهات و وەک ئەندامێکی بنەمالەی شاهانە دەروازەی کۆشکی بۆ ئاواڵە دەکرد، هەمیشە حەزی دەکرد گوێ بگرێت لە ئاخاوتنی زانستییانە و فەلسەفییانەی گالیلۆ. لای کریستینا گالیلۆ زاتێکی گەورەی سەردەمەکە بو، ئەمە جگە لەوەی ڕەوانبێژێکی کەم – وێنەی ڕۆژگاری ڕێنسانس بوو، بە تایبەت کاتێک دەهاتە سەر مشتومڕی زانستی، کەسێک بوو هیچ کەس توانستی بەڕەنگاربونەوەی نەبوو، لە بەرانبەر نەیارانی فیکری خۆیدا سەرسەخت و ڕەق بوو، بە تایبەت کاتێک لەگەڵ ئەرستۆییەکاندا ئاخاوتنی دەکرد. بیروراکانی سەرنجڕاکێش بوون.

لە ناوەراستی ئاداری 1610 دا، کتێبەکەی گالیلۆ چاپخانەی جێهێشت و بڵاوبووەوە، ناوی کتێبەکە بریتی بوو لە پەیامی ئەستێرەیی و بە تیراژی 550 دانە لە ناوەندەکاندا بڵابووەوە. گالیلۆ ئەم پەڕتوکەی بە زمانی لاتین نوسی، چونکە مەبەستی بو لە نێو زانایان و ڕۆشنفکرانی هەموو ئەوروپا برەوی هەبێت، جگە لەوەی میر و پادشاکان زمانی لاتینیان وەک زمانی ڕەسمی بەکاردەهێنا. نوسخەی کتێبەکە نێردرا بۆ هەمو زانکۆکان و خەڵکانی بەناوبانگ. هەرچەندە چاپخانە بڕیایدابو کۆمەڵە نوسخەیەکی باش بۆ گالیلۆ خۆی دابنێت، بەڵام تەنها شەش کۆپی بەرکەوت، کتێبەکە زۆر زو لە بازاڕدا فرۆشرا، هیچ زانایەک لە چەرخی هەڤدەهەمدا هێندەی گالیلۆ شۆرەتی پەیدانەکردبو. کتێبەکە بو بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە چاپکراوەکانی سەدەی هەڤدە. نوسەرەکەیان بە کۆلۆمبەس، دۆزەری ئەمریکا دادەنا و چەندەها پارچە شیعری نایاب و دانسقە لە مۆناسەبەتەکاندا سەبارەت بەم کتێبە خوێندرایەوە. کتێبەکە دوای پێنچ ساڵ تەرجەمەی زمانی چینی کرا و لە چینیش بلاوکرایەوە. لە ڤێنیس، گالیلۆ و کتێبەکەی بوون بە بابەتی سەرەکی مشومڕ، لای هەندێک خۆشەویست و لای خەڵکانێکی تر مایەی پێکەنین و گاڵتەجاری بوو.

لە 13 ی مانگی ئاداردا، ئەو ڕۆژەی کە پەیامی ئەستێرەیی لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرا، باڵوێزی بەریتانی لە ڤێنیس، هێنری ۆتۆن، زۆر بە جموجۆڵی خەڵکەکە لە هەمبەر ئەم کتێبە سەرسوڕماو دەبێت. نامەیەک بۆ وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەی خۆی دەنوسێت و دەڵێت: ” سەیرترین هەواڵ لە دونیادا لێرەوەیە،” پاشان باس لە بەکارهێنانی تەلسکۆپ و دۆزینەوەی هەر چوار مانگەکەی مشتەری دەکات و ئەوەش باسدەکات کە گالیلۆ لەمەڕ وەسفی مانگدا دەڵێت ” مانگ بە هیچ جۆرێک خڕ نییە، بەڵکو پڕە لە بەرزی و نزمی و بە هۆی تیشکی خۆرەوە ڕوناک دەبێتەوە کە لە عەردەوە عەکس دەبێتەوە.” پاشان پێشبینی ئەوە دەکات کە ئەم دۆزینەوانە دەبن بە هۆی ئاوەژوکردنی سەرتاپای ئەسترۆنۆمی و ئەسترۆلۆژی. هەمو جێگایەک پڕە لە مشتومڕ سەبارەت بە گالیلۆ و کتێبەکەی. هەروەک دەڵێت: ” لێرە، لە ئیتالیا، هەمو گۆشەیەک پڕە لە مشتومڕ دەربارەی ئەم دۆزینەوانە” لە کۆتاییدا دەڵێت کە ”گالیلۆ یان لە ئاسابەدەر بەناوبانگ دەبێت یاخود دەبێتە مەخسەرە.[2]

گالیلۆ کتێبەکەی پێشکەشکرد بە فەرمانڕەوای گەورەی ڕۆژگارەکە لە فلۆرەنس، پادشا کۆسیمۆی دووەم، کە ڕۆژانێک بوو قوتابی خۆی بووە، جگە لەوەی بە هیوای نزیکبونەوەش بو لەم بنەماڵە گەورەیە، بۆ ئەوەی سەرنجیان بۆ بلیمەتی گالیلۆ خۆی ڕابکێشێت. سەرباری ئەمەش وەک شەرەفێکی گەورە بۆ ئەم بنەماڵەیە، گالیلۆ هەر چوار ئەستێرەکەی، یاخود مانگەکانی مشتەری ناونا ئەستێرەکانی مێدیچی. لە کتێبەکەیدا بانگەوازدەکات بۆ هەمو فەلەکناسان کە تەلەسکۆپێک بەدەستبخەن و ڕووی بکەنە ئاسمان و شەوانە لە ئەستێرەکان و هەسارەکان وردببنەوە.

لە پراگ ماتماتیکناس و فەلەکناسی کۆشکی شاهانە، یۆهان کێپلەری (1571 – 1630) مەزن، کە تازە کتێبەکە گالیلۆی بە دەست گەیشتبو، دوای خوێندنەوەی، بێ ئەوەی هیچ تەلەسکۆپێکی نایابی لەبەر دەستدا بێت بۆ ئەوەی ئەم دۆزینەوانەی گالیلۆ پشتڕاست بکاتەوە، لە دورەوە نامەی نارد بۆ گالیلۆ و بانگەشەی کرد کە تەواو پشگیری لە گالیلۆ دەکات و لە گەڵ هەمو دەرەنجامەکانیدا هاوڕایە، سەرباری ئەوەی کە خۆی لە بارەی پراکتیکییەوە هێشتا هیچ شتێکی لەو بارەوە نەسەلماندوە. لە نامەکەدا کێپلەر دەڵێت: ” بەڵام بۆچ باوەڕ بە داناترین ماتماتیکناس نەکەم، کە ستایلەکەی پاسادانن بۆ ڕاستی حوکمەکانی؟” گالیلۆ هەر ئەم نامەیەی قۆستەوە و وەک بەڵگەیەکی سەرکەوتنی کارەکانی ناردی بۆ کۆشکی پادشای تۆسکانی، کە تەنانەت فەلەکناسی گەورەی ئەوروپاش هاوڕایە لەگەڵیدا.

بەزمی تەلەسکۆپ وەها باڵی کێشابو بەسەر کۆمار و مەملەکەتەکانی ئیتالیا و ئەوروپا، خەڵکی عەوام بە گشتی و میر و و ئەندامانی بنەماڵەی پادشاکان بە چاوێکی سەرنج و دڵێکی خرۆشەوە سەیری ئەم داهێنانە نوێیەی گالیلۆیان دەکرد. کابرایەک تەلەسکۆپێکی تازەی کڕیبو، لە خۆشیدا بەیانییەک زو لە ڤێنیس چووبوە سەر بورجە بەناوبانگەکەی کڵێسەی ساینت مارک، لەوێ ویستبوی بە کەماڵی ئیسراحەت لە شتە دورەکان بڕوانێت و ئەم ئامێرە تازە ئەفسوناوییە تاقی بکاتەوە. کاتێک حەشاماتەکە بەمە دەزانن وەک تانجی لە دوی کەروێشک ڕابکات، دوای دەکەون بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ئەوانیش بتوانن لە چاوی تەلەکسکۆپەکەوە سەیری دونیا و ئاسمان بکەن. کابرای نەگبەت بە هەڵەداوان ئەقوچێنێ و دوایی بڕیاردەدات بچێتەوە دەرەوەی ڤێنیس بۆ ئەوەی بتوانێت تۆزێک چێژ لە ئامێرەکەی وەربگرێت.

لە نێو پادشا و خێزانەکانیاندا تەلەسکۆپ بوە بابەتێکی مشتومڕ، بە تایبەت چونکە لەو لایەنەوە کە گالیلۆ گوتبوی کە ناوی مێدیچیەکان هەتا ئەبەدییەت لە ئاسماندا بە نەمری دەمێنێتەوە. هەمو نامەیان دەنارد کە ئەم ئامێرەیان دەوێت. تەنانەت شاژنی فەرەنسا، ماری دی مێدیچی، کە ئامۆزای پادشای گەورەی تۆسکانی بو، لە چاوی ئەم ئامێرەوە سەیری ئاسمان و چیاکانی مانگی کردبو، ئەوەندە خرۆشابو کە دوایی بە مێردەکەی دەڵێت نامە بنوسێت بۆ گالیلۆ و پێی ڕادەگەیەنێت ئەگەر ئەستێرەیەکی تری دۆزییەوە ئەوا حەزدەکات ناوی ئەوانی لێ بنرێ، چونکە ئەویش دەویەوێت وەک ئامۆزاکانی ناوی لە ئاسماندا هەمیشە و هەتا ئەبەدییەت بدەروشێتەوە. کاتێک پادشای فەرەنسا، هنری چوارەم، نامەکە دەنێرێت شتێکی تر نوسراوە و دەڵێت: ” ئەگەر هاتو ئەستێرەیەکی نایابی ترت دۆزییەوە، ناوی بنێ ئەستێرەی مەزنی فەرەنسا، بلیمەترین لە ناو هەمواندا، یاخود بە ناوی پاشا خۆیەوە ناوی بنێ ، واتە هێنری، لە باتی ئەوەی بە ناوی بنەماڵەکەیەوە بێت. بەمجۆرە، نەک تەنها کارێکی دروست دەکەیت، بەڵکو خۆت و خێزانەکەت هەتا هەتایە دەوڵەمەند و پایەدار دەکەیت.” دوای مانگێک کە گالیلۆ نامەکە بە دەستی دەگات شا هێنری تیرۆر دەکرێت.

بەمجۆرە گالیلۆ و تەلەسکۆپەکەی لەسەر خوانەکانی کۆشکی پادشاکان بوبوە مایەی مشتومڕ و لە هەمو گۆشەیەکی ئەوروپا باسیان دەکرد. گالیلۆ بۆ ئەوەی پرسەکەی خۆی هێندەی تر بە گرنگ سەیربکرێت، کەوتە ناردنی چەند دانەیەک لە تەلەسکۆپ و کتێبەکەی بۆ سەفارەتەکانی ئەوروپا. ئەمە جگە لەوەی لە مانگی ئاداردا بو کە گالیلۆ پێشنیازیکرد بۆ ڤینتا کە خاوەنشکۆ لە گەشتەکانیدا بۆ شانشینەکان و کۆمارەکانی ئەوروپا تەلەسکۆپ وەک دیاری دیپلۆماتی بەکاربهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش، گالیلۆ خۆی نایابترین و قەشەنگترین تەلەسکۆپ دروست دەکات، خۆ ئەگەر پێویست بەوەش بکات کە گالیلۆ وەک چاوساغێک بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرەکە، دەتوانێت یاوەری سایەی مەزن بکات لە گەشتەکانیدا. بە ڕاستی مرۆ لێرەدا زیرەکی و دانایی گالیلۆی بۆ ئاواڵە دەبێت، دیەوێت تەنانەت پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیپلۆماتییەکانی پادشا بکات بە هۆکارێک بۆ ناوبانگی خۆی.

لە ماوەیەکی کورتدا، دوای بڵاوبونەوەی کتێبەکە و سەرکەوتنی بێوێنەی لە ناوەندەکاندا، بنەماڵەی مێدیچیەکان و پادشای تۆسکانی بڕیاریاندا ئاوڕ لە زاناکەی خۆیان بدەنەوە، کاتی ئەوە هاتووە، گالیلۆ بێتەوە بۆ شارەکەی خۆی و وەک سەرمایەیەکی بەنرخ لە کۆشکدا سەیری بکرێت و ڕێزی لێ بگیرێت. ڕاوێژکارەکانی بۆیان دەرکەوت کە دەبێت پۆستی ماتماتیک لە کۆشکی شاهانەدا پێشکەش بکرێت بە گالیلۆ.

کاتێک گالیلۆ بانگهێشت کرا بۆ تۆسکانی و بوە میوانی کۆشکی پادشا و بە دیداریی سایەی لاو شاد و بەختەوەر بو. پێکەوە ڕویان کردە یەکێک لە کۆشکەکانی پادشا و لەوێ کەوتنە ڕامان لە ئەستێرەکانی مشتەری، کە ئێستا بە ناوی بنەمالەی مێدیچیەکانەوە ناسراون، هەر وەک لە کتێبەکدا هاتوە. پاشان هەر لەم سەفەرەدا چاویکەوت بە وەزیری دەوڵەتی تۆسکانی، بێلاساریۆ ڤینتا Belasario Vinta. ڤینتا هاوڕێیەکی دێرینی گالیلۆ بوو، جگە لەوەی زاتێک بو کە کاریگەری هەبوو لەسەر بنەماڵەی مێدیچیەکان. لە دیدارەدا هەردوک کەوتنە سەر ئەوەی کە دەشێت گالیلۆ بگەڕیتەوە بۆ فلۆرەنسا، زێدی خۆی و پۆستێکی بۆ فەراهەم بکات. کەوتنە تاووتوێکردنی دیاریکردنی ئەرکەکانی گالیلۆ. گالیلۆ بە ڕاشکاوی ئەوەی گوت کە گرێبەستە تازەکەی لەگەڵ زانکۆی پادوا لە ڤێنیس هەزار کرۆنە، بەڵام ئەمە بۆ ژیانە و جگە لەوەی ئەرکی وانەبێژی لەسەر دەبێت، هەر بۆیەش دەیەوێت ئەوێ جێ بهێڵێت. ڤینتۆ ئەوەی بە گالیلۆ ڕاگەیاند کە ئەوان بە هیچ جۆرێک لارییان لەوە نییە کە موچەکەی ساڵانە هەزار کرۆن بێت، هیچ پێویست ناکات لە زانکۆ ئەرکی وانەبێژی هەبێت، گالیلۆ زۆر مەراقی ئەم خاڵەی بو لە گرێبەستەکەدا، تەنها لە کۆشک سەرقاڵی کارکردن دەبێت. پێویستە مرۆ لێرەدا ئەو هەقیقەتە بڵێت کە هەزار کرۆن باشترین موچە بو، چونکە خۆی، واتە ڤینتا، کە بەرزترین پلەی فەرمانداری لە کۆشکدا هەیە، تەنها سێ سەد (300) کرۆن وەردەگرێت، خۆ ڕیچی، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئوستادی خسوسی گالیلۆ خۆی بوە، زیاتر لە بیست ساڵ، هەر لە ساڵی 1584 هەتا ساڵی 1604 ، ماتماتیکناسی کۆشکی شاهانە بو، موچەی ساڵانەی تەنها 144 بو. گالیلۆ بە دڵ ڕازیبو، بەلام دوایی ئەو تەڵەبەی خستەڕو کە چیتر نابێت زاواکانی بۆ پارە سەغڵەتی بکەن و پێویستە هەرچی باقیاتی مارەیی خوشکەکانی هەیە لەسەری بسڕڕێتەوە. دوای چەند هەفتەیەک ئەم خاڵانە کرانە بەڵگەنامەی فەرمی و گالیلۆ ئیمزای کردن و لەگەڵ ئەمانەدا گالیلۆ داوایەکی تری خستەڕو، ئەویش ئەوەبو کە ناوەکەی لە ماتماتیکناسی کۆشکی شاهانەوە بکرێت بە ماتماتیکناس و فەیلەسوفی کۆشک. بێگومان ئەم کابرایە، واتە گالیلۆ هەتا بڵێی لە ڕوی مامەڵەی ئەقڵی تیجارییەوە زۆر زیرەک بو، چونکە هەتا ئەو ڕۆژگارەش فەیلەسوف ناوێکی گەورەبو، لە هەمو شوین و کاتێکدا ڕێزی تایبەتی بۆ دادەنرا و خەڵک بە چاوێکی بەرزترەوە سەیریان دەکرد. ئەمە جگە لەوەی ڕاستە گالیلۆ پسپۆڕە لە کارکردن بە ژمارە و جیۆمەتری، بەڵام خەڵکیش زۆر سەیر بیردەکەنەوە، هێشتا هەر ناوی فەیلەسوف لە فەلەکناس، ماتماتیکناس بە شتێکی گەورەتر دەزانن. بەمجۆرە گالیلۆ لە تەموزی 1610 دا بە ڕەسمی بو بە ماتماتیکناس و فەیلەسوفی کۆشکی شاهانە. ئیتر لەم پۆستە و لەم شارە هەتا دوا ڕۆژەکانی ژیانی مایەوە، هەرچەندە دوایی، کاتێک باس لە ڕوژابی بەختەورەی ژیانی خۆی دەکات، ئەو ساڵانی ڤێنیس، کە لە ساڵی 1592 دەست پێدەکات، بە خۆشترین و کامەرانیترین ساڵانی هەمو ژیانی خۆی دادەنێت.

گالیلۆ دەست لە کارکێشانەوەی خۆی لە زانکۆی پادوا ڕاگەیاند، بە بێ ئەوەی چاوەڕوان بێت کە گرێبەستێکی باشتری بخەنە بەردەم، بەرپرسانی کۆمار بەم کارە بێتاقەت بون، چونکە ئەستێرەیەکی گەورەی زانستی نوێ و هاوچەرخیان لە دەستدا، بەڵام کابرا بیری خاک و خۆڵەکەی خۆی دەکات و بۆیە ئەوانیش ڕێگەیان لێنەگرت. گالیلۆ دڵنیا بو ئەم هەواڵە لە کۆماری ڤێنیس کاردانەوەکەی بۆ خۆی خۆش نابێت، دەزانێت کە دۆستە نزیکەکانی، ئەوانەی چەندەها ساڵە هەوڵی بۆ دەدەن و یارمەتی باشیان داوە هەرگیز لێی نابورن، گالیلۆ بە کەسێکی بێوەفا دێتە بەرچاو. لای پادشا، کە لەگەڵ گالیلۆ هاوڕییەتیان هەبو، ئەمەی گالیلۆ کردی، کارێکی لەخۆباییانە و مایەی دڵ شکاندن بو، هەرگیز نایەوێت چاوی بە کەسێکی وەک ئەم کابرایە بکەوێت. گالیلۆ لە پای ئەو هەمو شەرەفە گەورەیەی لێرە پێیان بەخشیبو، چۆن توانی ئاوەها بۆی دەرچێت، ئەی ئەو وەعدەی کە پێمانی دابو، چی لێهات. بەرپرسانی ڤێنیس ئەمەیان بە ئیهانەیەک زانی بۆ کۆمارەکەیان، چونکە ئەو ڕێزەی گالیلۆ لە نێو خەڵک و زانکۆدا هەیبو هەرگیز بە کەس نەدرابو. بە ڕاستی کۆمار بێ هیوا بو، ئەمە شتێک بو بیرچونەوەی زەحمەت بو. لە نێو برادەرانیدا ، سارپی ئامۆژگاری کرد و دوایش نامەیەکی لە ساگرێدۆوە پێگەیشت، کە بەم هیجرەتە، چەندە ئازادی لەدەست دەدات و هیچ حسابێکی بۆ بیرکردنەوەی سەربەستانەی زانستی نەکردوە کە لە کۆماری ڤێنیس چۆنە و لە تۆسکانی چۆن دەبێت. ئەوەی بیرچۆتەوە کە لە ڤێنیس دەتوانێت ئازادانە قسەبکات و میر و پادشاکانیش چەند بە ڕێزەوە گوێی لێدەگرن و چۆنیش پارێزگاری لێدەکەن لە هەمبەر فەرمانڕەوایی پیاوانی بێبەزەیی کڵێسەدا؟ بەڵام گالیلۆ هیچ بیری لە ئایندە نەکردوەتەوە. ساگریدۆ زۆر ڕاشکاوانە ئامۆژگاری دەکات. بەڵام ئەو کات کار لە کار ترازابو، دوای چەندەها ساڵ گالیلۆ بۆی دەردەکەوێت کە ئامۆژگای هاوڕێی دێرینی ساگریدۆ ڕاستبون. لای گالیلۆ وەک دوایی دانی پێدا دەنێت هەرچەندە لە پادوا بەختەوەر بو، بەڵام هەر زادی خۆی لە لا خۆشتر بو. ئەمە جگە لەوەی بوارێکی بە نرخی بۆ دەڕەخسێت بۆ نوسینی کتێب و کارکردن بۆ تاقیکردنەوە و داهێنانی زانستی نوێ، هەروەک لە مانگی مایسدا دیسانەوە لە نامەیەکدا بە ڤینتای ڕاگەیاند کە گەلێک پرۆژەی گەورە و نایابی ئامادەکردوە، وەکو نوسینی دو کتێب لەمەڕ سیستەمی بنیاتی گەردون، سێ پەڕتوک لەمەڕ میکانیک و چەند کارێک سەبارەت بە ڕوناکی، ڕەنگ و دەنگ و مانگ – گیران، ئەمە جگە لەوەی ڕایگەیاند کە زۆر شەیدای توێژینەوەیە لە پرسی بەرەوپێشبردنی ستراتیژیەتی جەنگ، بە جۆرێک کە دەخوازێت ماتماتیک بخاتە گەڕ بۆ مەبەستی سەربازی، بە تایبەت لە بواری تۆپ – هاوێژیدا. بەمجۆرە پەیمانیدا کە کارەکانی تەرخان بکات بۆ خزمەتی کۆشک و خەڵکی تۆسکانی.

لەم پۆستە نوێیەدا، جگە لەوەی دڵی زۆر خۆشە کە دێتەوە بۆ وڵاتی یادگارییەکانی منداڵی و هەرزەکاری خۆی، لە هەمووی گرنگتر لای گالیلۆ بریتی بوو لەوەی کە چیتر ناچێتە ژوری موحازەرەوە و وانەبێژی بکات، ئەمە کۆتایی هات و بوو بە دیاردەیەکی مێژوویی و جارێکی تریش خودا یار بێت هەرگیز نابێتەوە بە ئەسیری فلانە قوتابی کوڕی خانەوادەی فڵانە بەگزادە، لای گالیلۆ گەورەترین کۆت و زنجیری ژیانی بریتی بووە لە مامۆستایی، خۆ هەرچەندە لە وانەبێژیدا بلیمەت بووە، بەڵام کاتێکی زۆری لێ دەسەنێت، بە تایبەت لەوەدا کە حەزدەکات کاتێکی باش بۆ تاقیکردنەوەی کارە زانستیەکانی بەسەربەرێت، بە تایبەت لە ئێستادا کە ئامێرێکی ئاوەها نایابی دروستکردووە و سەیری قوڵاییەکانی ئاسمانی پێ دەکات. گالیلۆ هەروەک خۆی دەڵێت ” دەمەوێ نانەکەم لە ڕێگەی نوسینەکانمەوە فەراهەم بکەم” ئەم پەیامەی بە ئاشکرا لەبەردەم نوێنەری پادشای تۆسکانیدا یەکلایی کردەوە. ئەمە و جگە لەوەی لای وی ئەوەبوو کە ناونیشانی پۆستەکە بریتی بوو لە ماتماتیکناس و فەیلەسوفی کۆشکی شاهانەی تۆسکانی. چونکە گەورەیی ئەم نازناوە شەهامەتێکی تر بە کەسایەتی گالیلۆ دەبەخشێت و خەڵکیش بە چاوێکی تر سەری ڕێز و نەوازشی بۆ دادەنەوێنن. خۆ ئەگەر مرۆ بێت و گەلێک لە بیرکردنەوەکانی گالیلۆ لەو ڕۆژگارەدا تاووتوێ بکات، ئەوا دەردەکەوێت کە گالیلۆ ناهەقی نەبوو، چونکە ناوبانگی وەک گەورەترین زانای ئەوروپا ڕۆیشتبو. کاتێکیش خۆی لەگەڵ گەلێک لە فەلەکناسان و فەیلەسوفان و ماتمیکناساندا بەراورد دەکرد، هەستی دەکرد کە دەبو زۆر زووتر لەم مێژووە لە کۆشکی شاهانەدا بوایە. بۆ نمونە، ئەگەر بڕوانیتە کێپلەری ماتماتیکناس و فەلەکناسی هاوڕێی، خۆ هەرچەندە لە کارەکانیدا شاندەدات لە شانی گالیلۆ، بەڵام ئەوە دە ساڵ زیاترە لە پراگ بوە بە ماتماتیکناسی کۆشکی شاهانە.

بەمجۆرە گالیلۆ زو خۆی ئامادەکرد بۆ ماڵئاوایی لە کۆمار و گەلێک لە هاوڕێ دێرینەکانی، بە تایبەت ئەوانەی لە وەزعی گالیلۆ حاڵی بوبون. گالیلۆ دوای چەند ساڵێک، مێژوی هەژدە ساڵەی کارکردنی خۆی لە کۆمار بە خۆشترین و بەختەوەرترین و پڕ سەفاترین ساڵەکانی ژیانی خۆی وەسفکرد. گالیلۆ پێویست بو لە تەموزی  1610 دا بە فەرمی لە کۆشکی پادشاییدا دەست بە کارکردن بکات. گالیلۆ لە حاڵی حازردا هیچ بیری نەکردوەتەوە لە سەرهەڵدانی ناتەبایی لە نێوان خۆی پیاوانی کڵێسەدا، جگە لەوەی هێشتا نەکەوتبوە بەراوردی کەشی بیرکردنەوەی ئازاد لە نێوان کۆماری ڤێنیس و تۆسکانی.

تێبینی: ئەمانە چەندین چاپتەرن لەسەر گالیلۆ نوسیومن، هەتا ئێستا هەشت چاپتەرم نوسیوە. ئەمە چاپتەری شەشەمە کە پەیوەستە بە تەلسکۆپەوە. شێرکۆ رەشید قادر

سەرچاوە و پەراوێزەکان

[1]  Cohen, Bernard. The Birth of a New Physics W. W. Norton & Company; Revised and Updated edition (1985)
فیزیکناس و مێژوناسی گەورەی ئەمەریکی بێرنارد کۆهن، لەم کتێبەدا، دوای توێژینەوەیەکی زۆر ئیشارەی پێدەدات کە لە مانگی ئۆکتۆبەری 1608 دا بڵاوکراوەیەک ئەوە ڕادەگەیەنێت کە ئامێرێک داهاتووە، نەک هەر شتەکانی سەر عەرد نزیک دەکاتەوە، بەڵکە ئەگەر سەیری ئاسمانی پێ بکەی، ئەو ئەستێرانەش بە چاوی ڕوت نابینرێن ئەوا بەم ئامێرە دیارن.

[2]  Gribbin, John R. The Scientists: A History of Science Told Through the Lives of Its Greatest Inventors. Random House Trade ( Aug 2004)

[3]  Cohen, Bernard . The Birth of a New Physics W. W. Norton & Company; Revised and Updated edition (1985)

[4]  Sharratt, Michael.  Galileo: Decisive Innovator, Cambridge Science Biographies, (1996) [Paperback]

[5]  لە یۆنانی کۆن، یەکەم کەس کە ئەم فکرەیەی سەبارەت بە ناڕێکی و بەرزی و نزمی مانگ وروژاندبێت ئەناکساگۆراس بو. کە ئەویش بە هەمان چارەنوسی گالیلۆ تۆمەتی کفری دەدەنە پاڵ و داوای کوشتنی دەکەن، بەڵام چونکە لە پادشای ئەسینا، پێریکلەوە نزیک بو، ئەم قەرارە گۆرانی بەسەردا هات و ناچارکرا ڕو لە مەنفا بکات. دوایی گوتی ئەوە خەڵکی ئەسینایە منیان پێویستە نەک من ئەوانم پێویست بێت. هەتا بڵێی ماتماتیکناسێکی بلیمەت بو.

[6]  ئەم فکرەیە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانەکان و کاتێک ئەریستاکەس، فەلەکناسی بلیمەتی ڕۆژگاری ئەسسکەندەرییە، بانگەشەی بۆ مۆدڵی چەقە – خۆری کرد، واتە خۆر چەقی گەردونە و عەرد و هەموو هەسارەکانی تر بە دەوریدا دەسوڕێنەوە. وەک کاردانەوەیەک بە ستایلێکی گاڵتەجارانە دەیانگۆت کە ئەگەر عەرد بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە ئەی چۆن ئەو هەموو مانگا و ئەسپ و ئاژەڵانە بە ئاسماندا بڵاونابنەوە و هەپرون بە هەپرون نابن.

[7]  Sobel, Dava. Galileo’s Daughter: A Drama of Science, Faith and Love. HarperCollins Publishers. Kindle Edition.

Sherkodylan@gmail.com

Advertisements