کاشیکاری * یا پڕکردنه‌وه‌ی ڕووبه‌رێک به کاشی، مێژوویه‌کی هه‌ره کۆنی له شارستانییه‌ت و چالاکییه‌کانی مرۆڤدا هه‌یه (نموونه‌ی دیواری ڕازاوه به کاشی له ڕووخاوه‌کانی بابل و میسری کۆندا دۆزراوه‌ته‌وه). به‌ڵام ئه‌م هونه‌ره دێرینه جگه له‌وه‌ی له بیناسازی و جوانکاری خانوو و خه‌مڵاندنی بن‌میچ و دیواری بیناکان که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرێت، لایه‌نێکی بیرکارانه‌ی هه‌یه که هێنده ئاشکرا و به‌رچاوه که که‌متر که‌سێک هه‌یه چاوی به ڕووبه‌رێکی کاشیکراو بکه‌وێت و بیر له ژماردن و جۆره ڕێکوپێکییه‌کی بیرکارانه نه‌کاته‌وه. مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی سروشتی حه‌زی له شێواز و ڕووبه‌ری جوان و ڕێکوپێکه و حه‌ز ده‌کات شێوه‌ئاسای سه‌رنجڕاکێش بدۆزێته‌وه یاخود دروستی بکات. ئه‌مه‌ش بۆخۆی له‌ڕاستیدا پێناسه‌یه‌ک بۆ چالاکیی بیرکارانه‌یه. به هه‌ر حاڵ، له‌م بابه‌ته و چه‌ند بابه‌تی تر به‌ته‌ماین له ڕوانگه‌ی بیرکارییه‌وه سه‌یری مژاری کاشیکاری بکه‌ین و چه‌ند پرسیاری جۆراوجۆر له‌م باره‌دا بخه‌ینه به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه. بۆ ده‌سپێکی باسه‌که‌مان، سه‌رنجی ئه‌م چه‌ندگۆشه‌یه (چه‌ند لایه) بده.
ده‌مانه‌وێ ئه‌م چه‌ندگۆشه‌یه به که‌ڵک وه‌رگرتن له کۆمه‌ڵه قاشولکه‌ی خواره‌وه پڕبکه‌ینه‌وه یاخود داپۆشین بێ ئه‌وه‌ی قاشولکه‌کان له یه‌ک بترازێن یاخود له سنووری چه‌ندگۆشه‌که تێپه‌ڕ بن.
قاشولکه‌کان ده‌کرێ ئاوه‌ژوو بکرێن یا به هه‌ر لایه‌کدا بیانخولێنییه‌وه به‌ڵام هه‌ر قاشوولکه نابێ زیاتر له جارێک به‌کاربهێندرێت. ئه‌گه‌ر باش سه‌رنج بده‌ین هه‌ندێک له قاشوولکه‌کان ته‌نیا له سووچێکی تایبه‌ت ده‌گونجێن، به‌ڵام له ڕاستیدا به تاقیکردنه‌وه نه‌بێ دۆزینه‌وه‌ی شیکارییه‌ک بۆ ئه‌م پازڵه زه‌حمه‌ته. هه‌ر وه‌ک ده‌بینین له خواره‌وه شیکارییه‌ک بۆ ئه‌م پازڵه نیشان دراوه.
گه‌رچی ئه‌م پازڵه و نموونه‌ی گه‌وره‌تری یارییه‌کی خۆشه، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ له ڕاونگه‌ی بیرکارییه‌وه زۆر سه‌رنجڕاکێش نییه (له بیرکاری‌دا حه‌زمان له‌وه‌یه ڕێگاچاره‌ی ژیرانه و گشتی بدۆزینه‌وه نه‌ک به تاقیکردنه‌وه کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین). به هه‌ر حاڵ، پازڵی سه‌ره‌وه بۆ ئاشنایی له‌گه‌ڵ مژاری به‌رباسمان ده‌سپێکێکی خراپ نییه. به گشتی، له کاشیکاریدا خۆمان به‌م پرسیاره‌وه سه‌رقاڵ ده‌که‌ین که ئایا ڕووبه‌رێکی دیاریکراو ده‌توانین به کۆمه‌ڵێک کاشی ( یا قاشولکه) بپۆشێنین بێ ئه‌وه‌ی کاشییه‌کان له یه‌ک تێپه‌ڕ بن و هیچ بۆشاییه‌كیش له رووبه‌ره‌كه بمێنێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه وه‌ڵامێکی ئه‌رێنی هه‌بێت، ده‌گوترێت که ئه‌م ڕووبه‌ره کاشیکارییه‌کی بۆ هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت لێره مه‌به‌ستمان هه‌موو جۆره ڕووبه‌ر و کاشییه‌ک نییه. خۆمان به كۆمه‌ڵێك ڕووبه‌ر و کاشی سه‌رقاڵده‌كه‌ین که هه‌ڵگری پرسیارگه‌لی بیرکارانه‌ی سه‌رنجڕاکێش بن. به گشتی ده‌كرێت ئه‌م پرسیارانه بكرێت بۆ هه‌ر كاشیكاریه‌ك:
ئایا کاشیکارییه‌ک بۆ ئه‌م ڕووبه‌ره بوونی هه‌یه؟
به چه‌ند شێوه‌ی جیاواز ڕووبه‌رێک کاشیکاری ده‌کرێت؟
ئه‌گه‌ر کاشیکارییه‌ک بوونی هه‌یه، ئایا ده‌توانین خێرا بدۆزینه‌وه؟
ئه‌گه‌ر ڕووبه‌رێک کاشیکاری ناکرێت، ئایا ده‌توانین به ئاسانی بیسه‌لمێنین؟
ئایا پێوه‌ندییه‌ک له نێوان کاشیکارییه جیاوازه‌کاندا هه‌یه؟
ئایا کاشیکارییه‌ک به تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دڵخواز (وه‌ک هاوتایی*) بوونی هه‌یه؟
ئایا کاشیکارییه‌ک بوونی هه‌یه؟
ته‌نیا به بینینی ڕووبه‌ر و کاشییه‌کان ناتوانین بڕیار بده‌ین که ئایا کاشیکارییه‌ک بوونی هه‌یه یاخود نییه. بۆ پازڵه‌که‌ی پێشوو وه‌ک سه‌رنجمان دا زه‌حمه‌ت بوو بێ تاقیکردنه‌وه بتوانین بڕیار بده‌ین دواترتش وه‌کو گوتمان له بیرکاری‌دا زۆر حه‌زمان له تاقیکردنه‌وه نییه. ئێسته با سه‌یری نموونه‌یه‌کی تر بکه‌ین تا زیاتر له شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی دڵخوازی خۆمان نزیک ببینه‌وه.
سه‌رنجی ئه‌م پاژانه‌ی خواره‌وه بده‌ن. به هه‌ر یه‌ک له‌م پاژانه ده‌گوترێت پێنتۆمینۆ *، وه‌ک دۆمینۆ * یا هه‌مان دۆمینه‌ی خۆمانه. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی پێناسه‌ی بکه‌ین، پێننتۆمینۆیه‌ک بریتییه له 5 چوارگۆشه‌ی لکێندراو به‌یه‌که‌وه.
وێنه‌ی سه‌ره‌وه 12 پێنتۆمینۆی جیاواز نیشان ده‌دات. چونکه سه‌رجه‌م ڕووبه‌ری ئه‌م دوازده پێنتۆمینۆیه ده‌کاته 60 ده‌کرێ له‌خۆمان بپرسین ئایا ده‌توانین لاکێشه‌یه‌کی 3 له 20 به‌م 12 پێنتۆمینۆیه پڕکه‌ینه‌وه به مه‌رجێک هه‌ر کام له پێنتۆمینۆکان ته‌نیا جارێک به‌کاربهێندرێن؟
وه‌ک له وێنه‌ی سه‌ره‌وه ده‌بیندرێت، ئه‌م لاکێشه‌یه لانیکه‌م به دوو شێوه‌ی جیاواز پڕده‌کرێته‌وه. یه‌کیان وه‌کوو وێنه‌ی سه‌ره‌وه و ئه‌وه‌ی تریان به سووڕاندنی 180 پله‌ی به‌شه بۆیاخکراوه‌وه دێته ده‌ست. له ڕاستیدا، پاش تاقیکردنه‌وه‌ی زۆر، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌م دوو ڕێگاچاره‌یه ته‌نیا شیکاریی شیاوی ئه‌م پازڵه‌ن (هه‌ڵبه‌ت جگه له شیکاریگه‌لێک که به خولاندن و ئاوێنه‌کردنی ئه‌مانه دێنه ده‌ست.)هاوشێوه‌ی ئه‌م پرسیاره ده‌کرێ بۆ دوو لاکێشه‌ی 6 و 5 یش بکرێت. ئه‌م پازڵه به دوو جۆر شیکار ده‌کرێت. یه‌کێک له ڕێگاچاره‌کان له‌م وێنه‌ی خواره‌وه نیشان دراوه. ئه‌وه‌ی تریان به جێگۆڕکه‌ی دوو کاشی به‌ده‌ست دێت ( ئاخۆ بزانن ده‌توانن په‌یدایان بکه‌ن.)
ئه‌مه ده‌سه‌لمێنێت که لاکێشه‌یه‌کی 10له 6 به شێوه‌گه‌لی جۆراوجۆر پڕده‌کرێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت په‌یداکردنی هه‌موویان کارێکی ئاسان نییه. به گوێره‌ی پرۆگرامێکی کۆمپیوته‌ری ئه‌م کاره به 2339 شێوه‌ی جیاواز ده‌کرێت!
ئه‌م جۆره پرسیارانه پازڵی سه‌رنجڕاکێشیان لێ ده‌بێته‌وه به‌ڵام هێشتا وه‌ک پرسیارێکی تایبه‌تی بیرکاری له‌قه‌ڵه‌م نادرێن. بۆ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی خۆمان باشتر ڕوون بکه‌ینه‌وه، با سه‌رنجی نموونه پرسیارێک بده‌ین که تا ڕاده‌یه‌ک نائاساییه به‌ڵام زۆرتر له هزر و لۆژیکی بیرکارانه نزیکمان ده‌کاته‌وه.
ئه‌گه‌ر له دوو گۆشه‌ی خشته‌یه‌کی 8 له 8 خانه‌یه‌ک له هه‌ر کامی بسڕینه‌وه (وه‌کوو وێنه‌ی خواره‌وه)، ئایا ده‌توانین به کاشیی دوودانه‌یی (دۆمینه) پڕی که‌ینه‌وه؟
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خشته‌یه‌کی 8 له 8 ده‌مانخاته بیر سه‌فحه‌ی شه‌تره‌نج، ده‌کرێ خانه‌کانی ئه‌م لاکێشه ناتواوه وه‌کوو سه‌فحه‌یه‌کی شه‌تره‌نج بۆیاخی بکه‌ین. ئه‌مه بیرۆکه‌یه‌کی باش بوو چونکه ده‌سبه‌جێ بۆمانی ده‌رخست که ئه‌م ڕووبه‌ره به 31 دۆمینه کاشی ناکرێت! چۆن؟ ئه‌گه‌ر باش سه‌رنج بده‌ین، هه‌ر دۆمینه‌یه‌ک، هه‌ر چۆن که داینێی، ستوونی یا ئاسۆیی، خانه‌یه‌کی ڕه‌ش و خانه‌یه‌کی سپی داده‌پۆشێ. ئه‌م له لایه‌ک و له لایه‌کی تر، له ڕووبه‌ره بۆیاخکراوه‌که‌دا، ژماری خانه سپییه‌کان له ژماری خانه ڕه‌شه‌کان دوو دانه که‌متره. که‌وایه هیچ کاشیکارییه‌ک به دۆمینه ناتوانێ ئه‌م ڕووبه‌ره بپۆشێنێت.
ئه‌مه شێوه‌یه‌ک بوو له سه‌لماندن به تکنیکی بۆیاخکردن که له بابه‌تی داهاتوودا زۆرتر له‌سه‌ری ده‌ڕۆین. ئێسته سه‌یری ئه‌م کاشیکارییه جوانه بکه‌ن که له مزگه‌وتی دارالاحسانی شاری سنه کراوه و پاڵ بده‌نه‌وه و بۆخۆتان بیر له کاشیکاری بکه‌نه‌وه.
فه‌رهه‌نگۆک
کاشیکاری : tiling
پێنتۆمینۆ : pentomino
دۆمینۆ: domino