خونچه‌و دواهه‌مین پرسیاری تیۆری ژماره‌كان

پێنج خوله‌كێكی مابوو تا كاتی دیاریكراوی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ ته‌واوبێت خونچه‌ داوای له‌ مامۆستاكه‌ی كرد كه‌ گه‌ر بكرێت بۆ چه‌ند خوله‌كێكی تر كاته‌كه‌ درێژ بكاته‌وه‌، مامۆستایش سه‌ری له‌ داواكاریه‌كه‌ی خونچه‌ ده‌رنه‌ده‌كرد، ئاخر خۆ ناحه‌قیشی نه‌بوو چونكه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و یه‌كه‌مین كه‌س بوو كه‌ وه‌ره‌قه‌كه‌ی ته‌سلیم ده‌كرده‌وه‌  و هه‌میشه‌ به‌رزترین نمره‌یشی ده‌هێنا، تاوه‌كو ده‌هات خونچه‌ شپرزه‌و په‌شۆكاوتر ده‌بوو، ده‌مێك به‌ خێرایی دێره‌كانی لاپه‌ره‌ سپیه‌كه‌ی به‌ كۆمه‌لێك هاوكێشه‌ و وێنه‌ی روونكرده‌وه‌ی پرده‌كرده‌وه‌ ده‌مێكیش به‌ لاستیكی خه‌تكوژێنه‌وه‌كه‌ی ره‌شی ده‌كرده‌وه‌، زیاتر له‌ دۆخێكی سیزیفیانه‌ ده‌چوو وه‌كو ئه‌وه‌ی قه‌ده‌ری ئه‌وا وابێت خونچه‌ هه‌رگیز نه‌توانێت له‌و ماوه‌ كه‌مه‌ وه‌لامی دواهه‌مین پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌ی تیۆری ژماره‌كان بداته‌وه‌. ده‌تووت ماخۆلانیه‌تی به‌رده‌وام رووی خۆی وه‌رده‌گێرا بۆ ئه‌ملاو ئه‌ولا و كه‌مه‌ كه‌مه‌یش به‌ده‌م خۆیه‌وه‌ به‌ ده‌نگێكی نزم شتێكی ده‌تووت بۆ نموونه‌ جارێك ده‌یووت ئه‌م پرسیاره‌ حاله‌ته‌ گشتیه‌كه‌ی فیساگۆره‌ ده‌بێت به‌ ده‌رئه‌نجامی بیركاری بیسه‌لمێنم  و جارێكی تریش ده‌یووت نا ئه‌مه‌ هاوكێشه‌یه‌كی دیۆفانتیسه‌ و سه‌لماندنه‌كه‌ی پێویستی به‌ میتۆدی دژ یه‌ك هه‌یه‌، هه‌ركامێكێیانیشی تاقیده‌كرده‌وه‌ دواجار ده‌گه‌یشته‌ بنبه‌ست ئه‌م بۆڵه‌بۆله‌ی سه‌ری له‌ ته‌له‌به‌كانی تریش تێكدابوو له‌روویشی نه‌ده‌هات پرسیار له‌ مامۆستا بكات،  چونكه‌ به‌ به‌سروشت كه‌سێكی شه‌رمن بوو ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی له‌ خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاره‌وه‌ هاتبوو، باوكی له‌ ناوبازار عه‌ریزه‌ی ده‌نووسی و دایكیشی ئافره‌تی ماله‌وه‌بوو، له‌ مالی ئه‌وان سونه‌ت وابوو كه‌ ئافره‌ت ده‌بێت بێده‌نگ بێت و كه‌م قسه‌ و كه‌م پرسیار بكات، خونچه‌ ئه‌م ئاكاره‌یشی له‌گه‌ڵ خۆیدا بردبووه‌ ناو زانكۆ، ئه‌و كه‌له‌به‌شی بیركاری ده‌یخوێند و له‌ قۆناغی چواره‌م بوو كه‌چی هێشتا بۆ ته‌نها جارێكیش له‌ هیچ وانه‌یه‌كدا پرسیاری نه‌كردبوو، نه‌ك هه‌رئه‌وه‌ به‌لكو هه‌رگیز هه‌لیشتنه‌سابوو بۆ سه‌رته‌خته‌ره‌ش بۆ پرسیار حه‌لكردن، ته‌نانه‌ت جارێك مامۆستای كالكوله‌س به‌ قوتایبه‌كانی ووتبوو ئه‌وه‌ی ته‌واوكاری ڕه‌گی دووجای تانی ئیكس بدۆزێته‌وه‌ بۆم ئێستا ٥ نمره‌ی ئه‌ده‌مێ له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی خونچه‌ وه‌لامه‌كه‌ی ده‌زانی كه‌ پێویستی به‌ هه‌ردوو ته‌خته‌ ره‌شه‌كه‌و به‌كارهێنانێكی زیاد له‌ چوار میتۆدی ته‌واوكاری هه‌یه‌  كه‌چی به‌ژداری نه‌كرد.

********

خوله‌كێكی ماوه بۆ ئه‌وه‌ی‌ تاقیكردنه‌وه‌كه ته‌واوبێت ‌ و خونچه هه‌ر ‌ به‌ چاوی كه‌سه‌ره‌وه‌ سه‌یری دواهه‌مین پرسیار ده‌كات، وه‌كو چۆن مرۆڤێك له‌ناوه‌راستی بیابانێك به‌جێبهێلیت ئه‌ویش ئه‌وها خۆی ده‌هاته‌ به‌رچاو نه‌یده‌زانی كام ڕێگایه‌ بگرێته‌ به‌ر، هه‌ستی ته‌ریقبوونه‌وه‌ی لا درووستبووبوو كاتی فكری له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ مامۆستا ده‌یبینێت هیچی له‌سه‌ر له‌و پرسیاره‌ نه‌نووسیوه‌. هه‌تاوه‌كو ده‌هات گومانی له‌ توانستی خۆی له‌ بیركاری بۆ دروست ده‌بوو، ئاخر ناحه‌قیشی نه‌بوو، تۆ چوار ساڵ له‌و به‌شه‌ بخونێیت و هه‌رگیز توشی حاله‌تی له‌و جۆره‌ نه‌بیت تۆیش بیت هه‌ر واده‌بیت. ئه‌وه‌نده‌ی نوسیبوو وه ڕه‌شیكردبووه‌وه‌ خه‌ته‌ شینه‌ كاله‌كانی لاپه‌ره‌كه‌ شێوه‌ی نه‌خشه‌ی ته‌ژێ و ته‌ژێ ته‌واویان وه‌رگرتبوو له‌ دڵی خۆیدا ده‌یووت مه‌گه‌ر جلی سواڵكه‌ره‌كانی ناوبازار به‌قه‌ده‌ر ئه‌م په‌ره‌یه‌ی به‌رده‌ستم چلكی پێوه‌بێت، مرۆڤ له‌و كاتانه‌ی كه‌ ده‌سه‌لاتی به‌سه‌ر شتێكدا ناشكێت دڵی زۆر ناسك ده‌بێته‌وه‌، له‌و كاتانه‌ زۆر حه‌زده‌كه‌یت بگریت، حه‌زده‌كه‌یت هاواربكه‌یت حه‌زده‌كه‌یت باوه‌شبكه‌یت به‌ كه‌سێكی زۆر نزیكی خۆتدا. خونچه‌ له‌ناو ئه‌م خه‌یاڵه‌ قوڵانه‌ نوقم بووبوو كاتێك مامۆستا هاته‌ نزیكی و به‌ هێمنی ووتی خونچه‌ كات ته‌واو بوو پێنج خوله‌كیش لایداوه‌، كاتێك خونچه‌ سه‌ری هه‌لبری و به‌ ئاگا هاته‌وه‌ ته‌ماشای كرد كه‌س له‌ پۆل نه‌مانه‌وه جگه‌ له‌م و مامۆستای تیۆری ژماره‌ و ‌مامۆستای ته‌حلیل ریازی كه‌ دیاربوو نۆره‌ی ده‌رسی ئه‌و بوو.

خونچه‌ به‌ ناچاری و نابه‌دڵی لاپه‌ڕه‌كانی دا به‌مامۆستا دواتر جانتاكه‌ی به‌په‌له‌ په‌ل هه‌ڵگرتو قه‌له‌م جافه‌كانی بێ نانه‌وه‌ی سه‌ره‌كانی به‌خێرای فێڕدایه‌ ناو جانتاكه‌یه‌وه‌. وه‌كو ئه‌وه‌ی بڵی چێشتی به‌سه‌ر ئاگره‌وه‌ به‌جێهێشتبێت خێرا به‌ره‌و ماله‌وه‌ رۆیی، تاقه‌ پێنج هه‌زاریه‌كه‌ی ناو جانتاكه‌ی دا به‌ تاكسی تاوه‌كو به‌زوترین كات بیگه‌یه‌نێته‌ ماله‌وه‌ و تا به‌دوربێت له‌ موناقه‌شه‌كردنی پرسیاره‌كان له‌گه‌ل ته‌له‌به‌كان، هه‌موو جارێك دوای تاقیكردنه‌وه‌ ته‌له‌به‌كان وه‌كو زه‌رده‌واله‌ له‌ده‌وری كۆده‌بوونه‌وه‌ تاوه‌كو بزانن وه‌لامی راست چیه‌. 

********

كه‌ گه‌یشته‌ ماله‌وه‌، به‌ره‌و ژووره‌كه‌ی خۆی له‌ نهۆمی دووه‌می هه‌نگاوی نا، به‌خێرای ده‌رگاكای پێوه‌دا  و خۆی كرد به‌ ژێر به‌تانیه‌ پڵنگه‌كه‌وه‌ كه‌ كاتی خۆی دایكی له‌ ئۆرزدیباك به‌ چه‌ند دینارێكی كریبوو. زۆری نه‌برد دایكی به‌ په‌له‌په‌ل و هه‌ناسه‌ بڕكی خۆیكرد به‌ ژووره‌كه‌یدا و پرسی ها كچی خۆم چی بووه‌؟ سه‌لامه‌تیت؟ خۆ كه‌س رێگای لێنه‌گرتوویت؟ كۆمه‌ڵێكی تری له‌م پرسیاره‌ جاڕسكه‌رانه‌‌ كرد كه‌ هه‌میشه‌‌ هه‌موو دایكیكی ئه‌م وولاته‌ ده‌یكه‌ن كاتێك ده‌بینین كچه‌كه‌یان كه‌مێك بێتاقه‌ته‌ وه‌كو بڵی كچیش به‌شه‌ر نیه‌ و نابێت جار به‌جار بێتاقه‌ت بێت. خونچه‌ به‌ زووی و بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ گومانه‌كان ووتی دایكه‌ جیان هیچ نیه‌ ته‌نها له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌مرۆدا خراپ بووم‌. دایكی  به‌وه‌لامه‌كه‌ی ئارامی هاتوو دواتر بێ كردنی هیچ پرسیارێكی تر گلۆپی ژووره‌كه‌ی كوژانده‌وه‌ و خونچه‌ی به‌تانیا به‌جێهێشت.

********

بێ ئه‌وه‌ی خه‌وی لێبكه‌وێت بۆ چه‌ند كاژێرێك له‌ناو جێگادا مایه‌وه‌، ئه‌و به‌جه‌سته‌ له‌ماله‌وه‌ بوو هزر و خه‌یاڵی هێشتا له‌گه‌ڵ دواهه‌مین پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كه‌ بوو، هه‌موو ئه‌و ته‌كنیكانه‌ له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی زانكۆ فێری بووبوو تاقیكردنه‌وه‌، بۆ نموونه‌ هه‌ندێك شێوازی سه‌لماندن هه‌بوون كه‌ هیچ قوتابیه‌ك نه‌یده‌زانی ( یاخود باشتره‌ بلین له‌ بیریان نه‌مابوو) ئه‌و نه‌بێ وه‌كو سه‌لماندن به‌ڕێگای شه‌كه‌تكردن كه‌ له‌مامۆستا ره‌هه‌نده‌وه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م فێڕبوو بوو كاتێك وانه‌ی بیركاری دابڕاوی پێده‌وتن هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت مرۆڤ قسه‌یه‌كیش بۆ خوا بكات مامۆستا ره‌هه‌ند سه‌رجه‌م ته‌له‌به‌كانی ئاگاداركردبووه‌ كه‌ هه‌رگیز بیر له‌م جۆره‌ سه‌لماندنه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ مه‌گه‌ر هه‌موو رێگاكانی تر به‌كه‌لك نه‌یه‌ن چونكه‌ وه‌كو له‌ناوه‌كه‌یه‌وه‌ دیاره‌ تاقه‌تت لێده‌برێت هه‌تاوه‌كو پرسیارێكی پێحڵده‌كه‌یت، هه‌رده‌م خونچه‌ ئه‌م رێگایه‌ تاقیده‌كاته‌وه‌ كاتێك بیردۆزێكی عاسی ده‌هاته‌ ڕێگه‌.

********

دواجار بریاریدا له‌ژێر به‌تانی بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و چیتر بیر له‌ دواهه‌مین پرسیاره‌كه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی تیۆری ژماره‌كان نه‌كات، سه‌ره‌تا چووه‌ ژووری میوانه‌  و ده‌ستی برد بۆ كۆنترۆلی سه‌ته‌لایته‌كه‌ خستیه‌ سه‌ر كه‌نالی BBC ئینگلیزی، خونچه‌ هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژی زانكۆه‌وه‌ ده‌یزانی ده‌ببێته‌ بیركاریزانێكی باش بۆیه‌ له كاتی پشوودانیدا یان چیرۆكی ئینگلیزی ده‌خوێنده‌وه‌ یان سه‌یری كه‌نالی BBC ده‌كرد هه‌موو ئه‌م كارانه‌یشی بۆ ئه‌وه‌بوو له‌ داهاتوو له‌ یه‌كێك له‌ باشترین زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌ بخوێنێت، خونچه‌ به‌ نیوه‌ ئاگایه‌وه‌ چاوی له‌ كه‌ناله‌ بڕیبوو كه‌ ده‌نگی ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ ئه‌وه‌نه‌ نه‌بوو تاوه‌كو به‌باشی بزانێت باسی چی ده‌كات، بینی بێژه‌ره‌كه‌ باس له‌ پیاوێكی موو سوركه‌ڵه‌ی باڵابه‌رزی باریكه‌له‌ ده‌كات كه‌ چاویلكه‌كه‌یكی پزیشكی ئه‌ستووری له‌ چاودا بوو له‌گه‌ل بوونی پێكه‌نیێكی ساردی سوریالیانه‌ كه‌ له‌ته‌نیشت ته‌خته‌ ڕه‌شێكه‌وه‌ وه‌ستابوو، وورده‌ ورده‌ دیمه‌نه‌كه‌ زیاتر زیاتر جونچه‌ی به‌ ئاگا ده‌هێنایه‌وه‌ هه‌روه‌كو چۆن نه‌خۆش له‌ژێر به‌نجدا دوای نه‌شته‌گه‌ری به‌ئاگادێته‌وه‌ ئه‌ویش هه‌مان هه‌ستی هه‌بوو.

له‌ پڕ شتێك كه‌له‌سه‌ر ته‌خته‌ ڕه‌شه‌كه‌ی ته‌نیشت كابرا سوركه‌له‌كه‌ نووسرابوو خونچه‌ی ڕاپه‌راند ڕێك وه‌كو ئه‌وه‌ی چۆن كابرایه‌كی سه‌رخۆش بهێنیت و سه‌تڵێك ئاوی سارد بكه‌یت به‌سه‌ریدا ئه‌ویش ئاوها بوو، له‌سه‌ر ته‌خته‌ ڕه‌شه‌كه‌ نووسرابوو:-

x^n+y^n \ne z^n \

ئه‌مه‌ ڕێك دوا هه‌مین پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی خونچه‌ بوو كه‌ نه‌یزانی، به‌ په‌له‌ ده‌نگی زیاد كردوو و كابرای بێژه‌ر ده‌یگووت كه‌ ئه‌ندرێ وایلی ئینگلیزی كه‌ مامۆستای زانكۆی ئۆكسفۆرده‌ ئه‌مرۆ پاداشتی ئه‌بیلی وه‌رگرتووه‌ كه‌ زۆركه‌س به‌ نۆبڵی بیركاری ده‌شووبهێنین هۆكاری خه‌لاته‌كه‌ حلكردنی دواهه‌مین بیردۆزی فیرماته‌ كه‌ بیركاریزانه‌كان به‌ درێژایی ٣٠٠ ساڵ شكستیانهێنا له‌ شیكاركردنیدا و ئه‌ندرێ وایلز له‌ ساڵی ١٩٩٤ دوای هه‌شت ساڵی به‌رده‌وام كاركردن له‌سه‌ری دواجار شیكاری كرد.

خونچه‌ بزه‌یه‌ك گرتی و له‌ دڵی خۆیدا ووتی “ به‌سنه‌بوو حلم نه‌كرد!!”.

1790

سه‌رنج:-

تیۆری ژماره‌ی: number theory

هاوكێشه‌ی دیۆفانتس: Diophantus Equation مه‌به‌ست له‌جۆره‌ هاوكێشه‌یه‌كه‌ یه‌ك یان زیاتر له‌ چه‌ند-گۆراوێكی تیادایه‌ كه‌ ئامانج لێی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌ ته‌واوانه‌یه‌ كه‌ ئه‌م پاسادانی ئه‌م هاوكێشانه‌ ده‌كه‌ن. بۆ نموونه‌ هاوكێشه‌ی فیساگۆر جۆرێكه‌ له‌ هاوكێشه‌ی دیۆڤانتس.

بیركاری دابڕاو: discrete mathematics ئه‌مه‌یش  هه‌موو ئه‌و به‌شانه‌ی بیركاری ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ بونیاده‌ پچرپچره‌كان یاخود دابراكان ده‌كۆڵێته‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی بیركاری به‌رده‌وام كه‌ له‌ بونیاده‌ به‌رده‌وامه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه‌ بۆ نموونه‌ كالكوله‌س به‌ بیركاری به‌رده‌وام ئه‌ژمادرده‌كرێت له‌ كاتێكدا كۆجیك یان تیۆری گراف به‌ بیركاری دابڕاو ئه‌ژمارده‌كرێت.

سه‌لماندن به‌رێگای-شه‌كه‌تكردن: Proof by exhaustion جۆرێكه‌ له‌ رێگاكانی سه‌لماندن وه‌ زۆرجار ئه‌م رێگایه‌ له‌لایه‌ن كۆمپیۆته‌ره‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت به‌ تایبه‌ت گه‌ر هاتوو نه‌توانرا به‌ ڕێگای ئاسانتر و خێراتر شیكار بكرێت.

دوا بیردۆزی فێرما: Fermat Last Theorem به‌ گرنگترین و به‌ناوبانگترین و بیردۆزی شیكاركراوی داده‌نرێت له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، بۆ نزیكه‌ی 300 ساڵ سه‌رجه‌م بیركاریزانه‌ به‌ناوبانگه‌كان خه‌ریكی شیكاركردنی ئه‌م بیردۆزه‌ بوون تاوه‌كو له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا وه‌ دوای داهێنانێ زۆر تیۆریای جیاوازی وه‌كو هه‌نده‌سه‌ی جه‌بری ئینجا توانرا له‌لایه‌ن Sir Andrew J. Wiles l له‌ساڵی 1994 دا شیكاربكرێت. چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر خه‌لاتی Abel وه‌رگرت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بیركاری و بره‌كه‌ی ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 700,000$ دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و سالانه‌ ده‌به‌خشرێت و هاوتای پاداشتی نۆبڵه‌.

Advertisements

One thought on “خونچه‌و دواهه‌مین پرسیاری تیۆری ژماره‌كان

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s