تۆ پرسیارێکی قورس دەکەیت

نوسینی: شێركۆ ڕه‌شید قادر

تۆ پرسیارێکی قورس دەکەیت، بەڵام لە هەمان کاتذا هەتا بڵێی سەرنجڕاکێشە و مامۆستاش لە پۆلدا پێویستە ئەو پرسیارە بکات کە چۆن بتوانم ماتماتیک لای قوتابیان بە تایبەت و لای خەڵکی سادە خۆشەویست بکەم یان هەر هیچ نەبێت بتوانم ئەو پەیامەی خۆم بڵاوبکەوە کە بە ڕاست بۆچی ماتماتیک گرنگە؟ بۆچی هەقیقەتی ماتماتیک گەورەترە لە هەقیقەتی زانستی؟ لەگەڵ ئەوەشدا کە مامۆستا هەیە خولیای ئەوەی هەیە بابەتە ماتماتیکییەکەی بکاتە شتێکی سەرنجراکێش، کەچی ئوستادیش هەیە دەڵێ ڕۆژانە من ماتماتیک دەڵێـمەوە و هیچ باکیشم نییە تێدەگەن یان نەء یان، چونکە ئەم مامۆستایە هیچ لە گرنگی پەروەردەیی و فەلسەفی ماتماتیک حاڵی نەبوە و جگە لە زانستێکی تەکنیکی لە چەند هێما و ژمارە و سیمبولێکی جەبری پوخت هیچی تری لێ فێرنابێت و وەک سەرچاوەیەکی بژێویش کاری پێدەکات و تەواو.

بەڵام کاتێک مرۆڤ، جا مامۆستا بێت یان قوتابی بێت کەوتە ئەو قۆناخەوە بکەوێتە پرسیارکردن و بڵێت ماتماتیک چییە؟ و بۆچی راستە؟ یاخو بپرسێت کە بۆچی و چۆن بیکاتە دەرسێکی سەرنجڕاکێش ئەوە زۆر گرنگە و ئەو مامۆستایە عەوداڵی پرسی فەلسەفی ماتماتیکیە و دەخوازێت وەڵامەکانی دەستبکەوێت، خۆ ئەگەر بتوانێت ئەمە لەگەڵ قوتابییەکانیدا تاووتوێ بکات، ئەوە چاوەڕوانی هەنگاوی گەورە لە قوتابییەکان دەکرێت.

ئەم مەسەلەیە لە هەمو دونیادا وەک کێشە سەیردەکرێت و چارەسەرکردنیشی هەروا ئاسان نییە. ئەوەندە بەس نییە کە مامۆستا ستایل و تەرزی تایبەتی سەرنجڕاکێشی هەبێت، وانەبێژی تەکنیکی بەس نییە بۆ ئەوەی بتوانیت کرۆکی بابەتەکەت، بە تایبەت ماتماتیک، لای قوتابی خۆشەویست بکەیت.

لای زۆر لە خەڵک، بە داخەوە، بیرکاری زانستێکی وشکە، کەچی باشیش دەزانن کە دایکی هەمو زانستەکانە، شاژنی هەمو هەقیقەتێکە، دەروازەی چونە ناو پەنهانییەکانی گەردونە و شازادی فڕین و چونە ئاسمانیشە. تەنانەت لای هەندێک جگە لە بە فیڕۆدانی زەمەنی ئنسان هیچ بایەخێکی نییە. مامۆستایەکم دەناسی سۆسیۆلۆژیای دەگوتەوە، جارێک گوتی من هیچ تێناگەم تیوری فیساگۆرس چ سودێکی هەیە و من هیچ پێوسیتم پێی نییە. لای داروین، ماتماتیکناس وەک پیاوێکی نابینا وایە و لە ژورێکی تاریکدایە و بۆ پشیلەیەکی ڕەش دەگەڕێت کە وجودیشی هەر نییە.

بە ڕای تەنها خستنەگەڕی تەکنیکی ماتماتیکی وەک هەوڵێک و مەبەستێک بۆ ئەوەی ماتماتیک بکەینە بابەتێکی گەرمی بیرکردنەوە و سەرنجڕاکێش لای قوتابیان بەس نییە. ئەگەر قوتابیان ، بە تایبەت لە بابەتی ماتماتیکدا، هەر خەریکی لەبەرکردنی هاوکێشەی تەکنیکی و حلکردنی پرسیاری وشکی وەکو کالکیولەس بن، بێ ئەوەی لە مەبەستی پراکتیکییانەی بگەن، ئەوا قوتابی بێ هیچ گومانێک توشی مەلەل وبیزاری دەبێت لە پۆلدا. خۆ ئەگەر سەرکەوتوش بێت ئەوا جگە لە پسپۆڕێکی تەکنیکی هیچی تری لێ پەروەردە و نابێت و لێ ناکەوێتەوە. بەڵام کاتێک مامۆستا هات و پرسە قوڵەکانی ماتماتیکی خستە بەردەم قوتابی و پرسی ئەوە چییە؟ بۆچی ماتماتیک ڕاستە؟ بۆچی ماتماتیک سەرچاوەی یەکەمی یەقینە بۆ ئنسان؟ بۆچی زانایان تێدەکۆشن تیورییەکانیان فۆرمولە بکەن و لە هاوکێشەیەکی ماتماتیکیدا بەرجەستە بکەن؟ بۆچی پەیوەندییەکی زیندوی ڕاستەقینە لە نێوان ماتماتیک و سروشتدا هەیە؟. ئایا راستە کە یاساکانی گەردون ماتماتیکین؟ خۆ ئەگەر راستە بۆچی بەو جۆرەیە؟ یاخود لە راستیدا هەقیقەتی ماتماتیکی چییە و بۆچی دیاردەیەک کە لە باری ماتماتیکییەوە راست بو ئیتر هەتا کۆتایی زەمەن بە راستی دەمێنێتەوە. ئەگەر ئەم پرسیارانە ڕوبەڕوی قوتابیانی پۆلەکانی ناوەندی و ئامادەیی بکرێنەوە ، گرنگی زیاتر دەبێت. چونکە مرۆڤ لەم تەمەنەدا شەیدای گەڕانە لە دوی دیاردەی ڕاستی و پێویستە هان بدرێت کە ڕاستی چییە؟ چۆن بەدەست دێت؟ چۆن پارێزگاری لێ دەکەیت.

لای گالیلۆ مرۆڤ ناتوانێت هەرگیز پەی بە پەنهانییەکانی گەردون بەرێت هەتا زمانی گەردون فێرنەبێت، ئەو زمانەش لای گالیلۆ بریتییە لە ماتماتیک، عەرفەکانیشی بریتین لە سێگۆشە و بازنە و هەمو هێماکانی تر.

بۆچی فەیلەسوفێکی گەورەی وەک ئەفلاتون لە سەر دەروازەی ئەکادیمییە فەلسەفیەکەی نوسیبوی” هاتنەژور بۆ کەسانی ناشی بە جیومەتری قەدەخەیە.” گومانی تێدانییە کە بنچینە و کرۆکی فەلسەفەی ئەفلاتونی بەندە لەسەر ماتماتیک. کاتێک لە ساڵی ١٩١٦ دا ئاینشتاین تیورییەکەی لەمەڕ نسبیەتی گشتی خستە بەردەم مرۆڤایەتی و تەنها چەند کەسێک توانیان لێی تێ بگەن، لە نێویاندا ئارتەر ئێدینتۆن فەلەکناسی ئنگلیزی بو. ئێدینتۆن لە ساڵی ١٩١٩ دا توانی بەشێک لەم تیورییە بسەلمێنێت کە پەیوەست بە چەمانەوەی روناکی کاتێک بە لای تەنێکی زەبەلاحی وەکو خۆردا گوزەردەکات. بێگومان تیورییەکەی ئاینشتاین ماتماتیکی بو. دوای سەلماندنی بڵاوبونەوەی شۆرەتی ئاینشتاین بە سەتاسەری دونیادا، کچێک لە ئاینشتاینی پرسی ؛؛ مامۆستا ئەگەر ئەو کابرایە و تاقیکردنەوەکانی تیورییەکەی تۆیان ڕەت بکردایاتەوە، چییت دەکرد؟ ئاینشتاین لە وەڵامدا گوتی،” هەستم بە هیچ خەمێک نەدەکرد، بەڵکو تەنها ئەسەفم بۆ ماندوبونی ئەو کابرایە دەخوارد، دەزانی بۆچی؟ چونکە تیورییەکەی من هەر ڕاستە و هەر بە راستیش دەمێنێتەوە، ئەوە ئەدینتۆن خۆیەتی لە تاقیکردنەکەدا هەڵەی کردوە نەک من.

 بە رای من باسکردن و وروژاندنی فەلسەفەی ماتماتیک لە قۆناخەکانی ناوەندی و ئامادەییدا زۆر گرنگن بۆ ئەوەی لاوان ماتماتیکیان خۆش بوێت. چونکە بە تەنها گرنگیدان بە لایەنی تەکنیکییانەی ماتماتیکی قوتابی (یان بڵێین زۆر قوتابی) لە  کرۆکی گرنگی ماتماتیک خۆر دوردەخاتەوە.

لە پۆلدا گەلێک گرنگە باسی پرسێکی مێژویی وەکو ناکۆتا بهێنیتە پێش و پرسیاربکەیت لە قوتابی کە ئایا ناکۆتا چییە؟ و دید و وێنایان لەمەر پرسێکی سەیر و قوڵی وەک ناکۆتا چییە؟ ئەو پرسە کە هەندێک دەڵێن مێشک قبوڵی ناکات و ئەقڵی مرۆ بۆی ئەزم ناکرێت، دەبێت بزانین کە کاردانەوەی قوتابیان دەبێت چۆن بێت؟ پێوستە لە قوتاییەکان بپرسیت کە بڕۆن بە ئارەزوی خۆتان وەڵامی ئەم پرسە بدەنەوە و بگەرێن کە لەمێژودا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا کراوە؟ ئایا هیچ حەلێکی هەیە؟ وەڵامم بۆ بهێننەوە و منیش نمرەتان بۆ دادەنێم. بە داخەوە هەرچەندە زۆربەی مامۆستایانی ماتماتیکی لە جیهاندا دەسەڵاتی تەکنیکییان بەسەر مادەکەدا دەشکێت و قودرەتی تەفسیکردنی هەمو پرسێکی ماتماتیکییان هەیە بەڵام ڕۆشنبیری ماتماتیکی زۆر بە دەگمەن لە مامۆستای ماتماتیکدا بەدی دەکەیت(بێگومان هەموی نا).

ئایا ئێوە دەزانن کە  گرنگی ژمارە خۆبەشەکان چییە؟ ئەو ژمارانەی کە تەنها بەسەر خۆیان و یەکدا دابەش دەبن و هیچ کۆلکەیەکیان نییە، نمونەی ئەم ژمارانە بریتین لە ٢، ٣، ٥، ٧، ١١، ١٣ و ئیتر بەمجۆرە. ئایا ئێوە دەزانن کە ژمارە خۆبەشە دوانەییەکان(وەکو ١١ و ١٣، ١٧ و ١٩، ٢٩ و ٣١ ……. چین؟ ئایا کێ دەتوانێت پیمان بڵێت یان بۆمان بسەلمێنێت کە ئایا قانونێک هەیە کە بتوانیت هەتا ناکۆتا هەبونی ئەم جۆرە ژمارە خۆبەشە دوانییانە بسەلمێنێت؟

 ئایا دەزانیت ئەم ژمارە خۆبەشانە لە مەسەلەی ئەمن و ئاسایشی بانقەکان و بەگری و پێنتاگۆن و وەزارەتە هەرە هەستیارەکاندا رۆڵی سەرەکییان هەیە و هەمو پاسۆرد و ژمارەی نهێنی دەزگاکان بەم ژمارانە دەنوسرێن و کۆدەکانیان بەم ژمارانە هۆنراونەتەوە و وەک بچوکترین تەنۆلکەی ماتماتیک بەکاردەهینرێن و بە بێ ئەمانە ئەمن و ئاسایشی ئیمەیل و بانق و هیچ نەتەوەیەکی باڵادەست بەڕێوە ناچێت.

ئەمە و دەیان ژمارەی تری سەرنجڕاکێش کە هەر یەکەیان بۆ خۆی داستانێکی گەرم لە پشتیەوە خۆی پەنهان داوە، وەکو ڕەگی دوجای نێگەتیڤ یەک \sqrt{-1} ، یان تیوری فێرمات، تیورییەکانی ئەرکەمیدس و دەیان شتی تر. جگە لەوەی ژیانی بلیمەتانی ماتماتیک و مێژوی ماتماتیکیش بۆ خۆیان شایانی گوتنەوەن لە پۆلدا و پێوستە بەشێک بن لە خوێندنی بەرنامەیی و لە تاقیکردنەوە گرنگەکاندا بایەخیان پێ بدرێت. ئەمە کێشەیەکە هەر لە وڵاتی ئێـمەدا نییە، بەڵکو هەمو دونیا گیرۆدەی بوە، ماتماتیک وەک زانستێکی زۆر وشک و پوخت لە بەرنامەی خوێندندا دەخوێندرێت، بە داخەوە بە تەرزێکی زیندو پەیوەندی بە ژیانی مرۆڤەوە نییە.

پێوستە ئیشارە بە مەتەڵی ماتماتیکیش بدەین کە بە هیچ شێوەیەک لە بەرنامەی خوێندنی ماتماتیکدا حزوری نییە، قوتابیان هیچ شارەزاییەک لە مەتەڵی ماتماتیکیدا لە بنکەکانی خوێندندا پەیدا ناکەن، کە ئەمە بەشێکی گرنگ و بەهێزی هاندانە بۆ بیرکردنەوەی لۆژیکییانەی قوتابیان.

وەک لە سەرەتادا گوتم تۆ پرسیارێکی قورست کرد، چونکە بەرنامەی خوێندن لە زۆربەی وڵاتان بوارێکی باش بۆ ئازادی مامۆستا فەراهەم ناکات بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ قوتابییەکاندا گفتوگۆی لۆژیکییانەی ماتماتیکی بکات، چونکە بەرنامەی خوێندن و پرۆگرامەکەی پێویستە لە زەمەنێکی دیاریکراودا تەواوبکرێت.

لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێم کە پەروەردە بە گشتی و پرۆگرامی پەروەردەیی ماتماتیک لە زۆربەی دونیادا پێویستە بە شۆڕشێکی تازەدا بڕوات و گۆرانکاری زۆر و بازدانی گەورە پێوستن بۆ ئەوەی سیستەمی خوێندن بە ئاراستەیەکدا بەرین کە پێشبینی ئایندەیەکی گەش و ئاسۆیەکی ڕۆشنتر بۆ نەوەی داهاتو بکەین کە چەندەها زانا و ماتماتیکناس لەخۆبگرێت و بتوانین کۆمەڵگەیەکی زانستی و پیشەسازی بنیات بنێین. کۆمەڵگەیەک کە هەلومەرجی زانستی تێیدا باڵادەست و فەرمانڕەوابێت نەک پڕ بێت لە شەهادە و دکتۆرای(ببورن) پاتاڵ و بەتاڵ و مشەخۆر و موچەی بەرز و چەوری بێ بەرهەم.

ئەمە تەنها لایەنێکی بچوکی باسەکەیە. بە هیوام درێژەی هەبێت.

Advertisements

2 thoughts on “تۆ پرسیارێکی قورس دەکەیت

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s