ئەلبێرت ئاینشتاین: زانایەکی موجیزە

einstien-2

شێرکۆ ڕەشید قادر

لە ساڵی ١٩٠٥ دا، پەیپەرێکی زانستی لەمەڕ تیوری نسبی تایبەتی لە ژورناڵێکی ئەڵمانیدا بڵاوبوەوە. شرۆڤەکاری ئەم تیورییە زانستییە ئەمەندە کاریگەربو کە شۆڕشێکی لە زانستی فیزیکی کلاسیکیدا بەرپاکرد و سەرتاپا دیدی زانستییانەی مرۆڤی لە هەمبەر فەزا، زەمەن، مادە، وزە و ڕوناکیدا گۆڕی.

نوسەری ئەم تیورییە موەزەفێکی تەمەن بیست و شەش ساڵان بو کە لە ئۆفیسێکی پشکنینی نامەی زانستی کاری دەکرد، ئەم لاوە ناوی ئەلبێرت ئاینشتاین (١٨٧٩ – ١٩٥٥) بو. سەرەتا ئاینشتاین لە زانکۆ مامۆستا یان موحازیر نەبو، تەنانەت بۆ ئامادەکردن و نوسینی ئەم نامە زانستییانە هیچ دەرفەتێکی وەهای نەبو کە بچێتە کتێبخانە و سەرچاوەی ئەکادیمی بخوێنێتەوە و بۆ ئەم کارانە سودیان لێوەربگرێت. هزرە زانستییەکانی لە هیچ سەرچاوەیەکەوە نەهاتون. هەر وەک چۆن فیزیکناسی گەورەی بەریتانی، سی.پی.سنۆ دەڵێت ”ئەو بە بیرکردنەوەی پوخت گەیشتوەتە ئەم دەرەنجامانە” دوای دە ساڵ، یەک لایەنە ئەم شۆڕشەی تەواوکرد، ئەویش بە بڵاوکردنەوەی تیوری نسبی گشتی، کە تەفسیرێکی نوێی سەبارەت بە هێزی کێشکردن پێشکەشکرد. بەمجۆرە فیزیک، لەسەر دەستی ئاینشتاین، تەواو گۆڕانی بەسەردا هات.

ژیانی منداڵی

ئەلبێرت ئاینشتاین ، لە ١٤ مارسی ١٨٧٩ لە  ئەڵمانیا لەدایکبوە. لە میونیخ گەورەبوە. بە منداڵی هیچ سیمایەکی بلیمەتی پێوە دیارنەبوە. هەندێک دەڵێن هەتا تەمەنی سێ ساڵان هیچ فێری ئاخاوتن نەبوە. ئاینشتاین ر‌قی لە قوتابخانە و دیسپلینە توندەکان و بەرنامەی خوێندنە قورسەکانی بو. تەنانەت ئایندەیەکی بەرچاوی پێشکەش نەدەکرد. لەگەڵ ئەمانەشدا خولیای موسیقا و چێژی کەمانچەژەنینی  هەبو، تەنانەت دوایی بە درێژایی ژیانی مۆسیقای لێدەدا. لەگەڵ مۆسیقاشدا زۆر هۆگری ماتماتیک بو، هەمیشە سەرقاڵی خوێندنی ئەم زانستە پوختە بو. لە تەمەنی پازدە ساڵیدا، بێ ئەوەی هیچ بڕوانامەیەک بۆ خۆی فەراهەم بکات، قوتابخانەی جێهێشت.

بۆ ئەوەی نەچێتە خزمەتی سەربازی، ئاینشتاین دەستبەرداری بەڵگەنامەی هاوڵاتی ئەڵمانی خۆی بو، دوای ئەمە ڕویکردە سویسرا و لە شاری زوریخ دوای دوەم هەوڵ، توانی بچێتە پۆلیتەکنیک بۆ ئەوەی لە بواری فیزیک و ماتماتیکدا بخوێنێت. دوای تەواوکردنی پۆلیتەکنیک، لە ساڵی ١٩٠٠ دا، بە شێوەیەکی کاتی، ئاینشتاین بوە مامۆستا، بەڵام هەمیشە هیوای ئەوە بو کە بچێتە زانکۆ بۆ ئەوەی لە خوێندندا بەردەوام بێت. دوای ئەوەی هەوڵیدا لە چەند ناوەندێک وەربگیرێت، بەڵام سەرەنجام هیچی بۆ خۆی فەراهەم نەکرد.

لە ساڵی ١٩٠٢ دا ، ئاینشتاین وەک پشکنەرێکی تەکنیکی لە فەرمانگەی پەیتێنت( ئەو فەرمانگەیەی کە نامەی زانستی وەردەگرن و مافەکانیان دەپارێزن) لە بێرن دامەزرا. داهاتەکەی لەسەر ئەم کارە نوێیەی بەس بو بۆ ئەوەی دەزگیرانە هەنگارییەکەی، کە نێوی مێلیڤا ماری بو، مارەبکات، جگە لەوەی کاتێکی باشی بۆ رەخسا کە خۆی خەریک بکات بە بیرکردنەوەی ماتماتیکییەوە. هێدی هێدی کەوتە ناردنی کارە زانستییەکانی بۆ ژورناڵی فیزیکی ئەڵمانی، کە نێوی ساڵنامەی فیزیکی بو.

ساڵانی موجیزە

ساڵی ١٩٠٥ دا، ساڵی تەقینەوەی داهێنانی زانستییانەی مێشکی ئاینشتاین بو. پێنچ پەیپەری زانستی نارد بۆ ژورناڵی”ساڵنامەی فیزیک”، ئەم کارانە لە ئاسابەدەر قوڵ و کاریگەربون، لە ڕاستیدا یەکێکیان هەر زۆر ڕوداوێکی مێژویی بو لە زانستدا. نامەی زانستی یەکەم بریتی بو لە تەفسیری کاریگەری فۆتۆکارەبایی و لە ساڵی ١٩٢١ دا ئاینشتاین خەلاتی نۆبڵی بۆ ئەم کارە پێ بەخشرا. نامەی دوەم پەیوەست بو بە پێوانی قەبارەی مۆلیکیولەکان. کە ئاینشتاین بڕوانامەی دکتۆرای لە پۆلیتەکنیکی زوریخ پێ وەرگرت. نامەی سێیەم بریتی بو لە تەفسیرکردنی تیورییانەی جوڵەی براونی ئەو تەنۆلکە وردانەی لە شلەدا پێیان دەگوترێت مادە هەڵواسراوەکان. ئاینشتاین توانی لە باری ماتماتیکییەوە ئەم دیاردەیە لێکبداتەوە و سەلماندی کە هۆکاری جوڵەی ئەم تەنۆڵکانە دەگەڕیتەوە بۆ جوڵەی بەردەوامی مۆلیوکیولەکانی شلە کە وزەی گەرمییان هەیە و هەمیشە لەگەڵ تەنۆڵکەکاندا بەیەکدادەدەن. ئەم کارە زانستییەی ئاینشتاین بەڵگەیەکی تر بو بۆ بونی ئەتۆم.

تیوری نسبی تایبەتی

 چوارەم و گرنگترین نامەی زانستی ئاینشتاین لە ساڵی ١٩٠٥ دا بریتی بو لە ” لەمەڕ ئەلیکترۆدانەمیکی تەنە جوڵاوەکان”. لەم کارەدا ئاینشتاین هێڵە گشتییەکانی تیوری نسبی پێشکەش دەکات. لێرەدا زەمەن و فەزا بە نیسبەت بینەرێکی وەستاوەوە تەفسیردەکات و دەخاتە ژێر توێژینەوەوە. لای ئاینشتاین هەر هەمومان هەمان فەزا و زەمەن ڕاڤە دەکەین، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەمومان بە هەمان خێرایی دەجوڵێین، واتە هەمومان بە نیسبەت یەکترەوە هەمان خێراییمان هەیە. کاتێک چاودێران بە خێرایی جودا دەبزوێن، گەلێک شتی غەریب ڕودەدەن. بۆ نمونە، ئەگەر کەسێک لەسەر عەرد بێت و سەنج بداتە کەشتییەکی ئاسمانی کە بە خێراییەکی نزیک لە خێرایی ڕوناکی ڕەت دەبێت، ئەوا کەشتییەکە کورت دەبێتەوە. ئەگەر چاودێرێک لەسەر عەرد بتوانێت بارستایی کەشتییەکە بدۆزێتەوە، ئەوا بۆی ساخ دەبێتەوە کە کەشتییەکە قورستر بوە. خۆ ئەگەر بتوانێت سەعاتێک لەسەر کەشتییەکە ببینێت، ئەوا سەرنج دەدات کە زۆر خاوترە لە سەعاتی سەر عەرد. لەگەڵ ئەمانەشدا لە چاوی ئەو فەلەکناسەی کە لە نێو کەشتییەکەدایە، هەمو شتێک ، هەر لە درێژی و بارستایی کەشتییەکەوە هەتا دەگاتە گوزەری زەمەن، زۆر ئاسایی دێتە بەرچاو.

ڕاڤەکاری سەمەرە و سەرسامی ئەم تیورییە لەوەدایە کە شتێک لە ئارادا نییە کە پێی بگوترێت زەمەن و فەزای ڕەها – بەڵکو بەندن بە مەوقیع و خێرایی ئەو تەنەی ئەم دو خاسیەتە لەخۆدەگرن. پێشتر ئەمە مایەی سەرنج نەبوە چونکە بە هۆی خاوی خێرایی ژیانی ئێمەوە، یاساکانی فیزیکی کلاسیکی – کە دەڵێت فەزا و زەمەن رەهان – راست دێنە بەرچاو. لای ئاینشتاین، تەنها شتی ڕەها بریتییە لە خێرایی ڕوناکی، کە هەر هەمان خێراییە، جا لە هەر شوێن و لە هەر کاتێک و بە هەر شێوەیەک بێت و بپێورێت. هەروەها ئەوەشی بۆ دەرکەوت کە هیچ شتێک لە خێرایی ڕوناکی خێراتر نییە، چونکە هەمو تەنێک کە دەگاتە ئەو خێراییە، بارستاییەکەی دەبێت بە ناکۆتا، نە درێژی و نە زەمەن بە وەستاوی دەمێننەوە و نە خۆیان بۆ ڕادەگیرێت بە جۆرە بمێننەوە.

E = MC2

دوا بە دوای ئەوەی کە ئاینشتاین کارە زانستییەکانی نارد بۆ ژورناڵی فیزیکی ئەڵمانی، بواری ڕاڤەکاری تیورییەکانی زیاتر بو. ئنجا کەوتەخۆ بۆ نوسینی نامەی زانستی پێنجەم. ئاینشتاین لەوەبەر ئاماژەی بەوە کردبو کە ئەگەر تەنێک بە خێراییەک بڕوات کە لە خێرایی ڕوناکییەوە نزیک بێت، ئەوا بارستاییەکەی زیاددەکات. بۆ بەدەستهێنانی ئەم بارستاییە زیادەیە، وزەیەک پێویستە بۆ ئەوەی تەنەکە خێراتر بکات، بە واتایەکی تر وزە دەبێت بە بارستایی یان مادە. سەرەنجام ئاینشتاین گەیشتە ئەو ئاکامەی کە مادە یان بارستایی وزەیە بە فۆرمێکی تر. لێرە گەیشتە ئەو هاوکێشە هەرە بەناوبانگەی جیهان کە دەڵێت:

E=MC^2 ( وزە = بارستایی X دوجای خێرایی ڕوناکی)

واتە وزە دەکاتە بارستایی کەڕەت وجای خێرایی ڕوناکی. لە ڕاستیدا ئەمە چەمکێکی تەواو نوێ بو، جگە لەوەی هەر ئەم هاوکێشەیە تەفسیری ئەوە دەکات کە شەبەنگ radiation چۆن کاردەکات و دروست دەبێت. دەشێت ئەم هاوکێشەیە بەکاربهێنرێت بۆ پێشاندانی ئەوەی کە چۆن دەکرێت بڕێکی زۆر بچکۆلە مادە یان بارستایی بگۆڕدرێت بۆ وزەی شەبەنگی. هەروەها هەر ئەم هاوکێشەیە ئەوە دەردەخات کە هەر ئەتۆمێک وزەیەکی گەورە و بە قودرەت لەخۆدەگرێت.

لە سەرەتادا، تیورییەکانی ئاینشتاین نەبون بە مایەی سەرنج و تێڕامان لای زانایان، چونکە ئەو کەسەی کە ئەمانەی ئەنجامداوە موەزەفێکی سادەی ئۆفیسفێکە، تەنانەت ئەگەر دکتۆراشی هەبوایە، ئەو پێویستی بەوە هەبو کە ئاشنایەتی یان پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵەیەکی زانستی یان پێگەیەکی بەرچاوی هەبێت. ئەمە جگە لەوەی تیورییەکانی ئەوەندە غەریب و شۆڕشگێڕانە بون، هاوکێشە ماتماتیکییەکان ئەوەندە ئاڵۆز و وردبون، کە زۆر لە زانایان بە تەواوی لێێان تێنەدەگەشتن، یاخود هەندێکی تر ڕەتیان کردەوە چونکە لایان وابو ئەمانە کاری زەلامێکی خڵەفاوە. دواجار لە ساڵی ١٩٠٦ دا،  نامەیەکی لە فیزیکناسی هاوچەرخ و بەناوبانگ، ماکس پلانکەوە، پێگەیشت کە داوای لێکرد زیاتر ڕونکردنەوە سەبارەت بە تیوری نسبی بخاتەڕو. ئیتر دوای ئەمە بیرورا قوڵ و رادیکالییەکانی ئاینشتاین بڵاوبونەوە و بایەخی خۆیان لای زانایان و ناوەندە زانستی و زانکۆییەکان پەیداکرد. لە ساڵی ١٩٠٧ وە ناوبانگ و شۆرەتی ئاینشتاین گەشەی کرد، لە نێو خەڵکدا کارەکانی دەخوێندرانەوە، هەرچەندە زۆربەی خوێنەران بە حاڵ، یان هەر هیچ لێی حاڵی نەدەبون

ئاینشتاین کەوتە گەڕان لە دوی زانکۆیەک کە هیچ نەبێت بتوانێت توێژینەوەکانی خۆی درێژە پێ بدات. دوای دو ساڵ پۆلیتەکنیکی زوریخ بانگێشتیان کرد و پۆستی پرۆفیسۆری فیزیکی تیورییان بۆ پێشنیارکرد، ئەویش قبوڵی کرد و کارەکەی پێشوی جێهێشت. هەتا ساڵی ١٩١٢ لێرە ئوستادێکی بەرچاو و گەورەبو. لە ساڵی ١٩١٣ دا، ماکس پلانک توانی قایلی بکات کە لەگەڵ خۆی، لە زانکۆی بەرلین ببێتە پرۆفیسۆر. لێرە ئاینشتاین، بڕیکی زۆر کەم موحازەرەی دەدا، زۆربەی کاتی سەرقاڵی توێژینەوە بو.

einstien-3

تیوری نسبی گشتی

ئاینشتاین ویستی تیوری نسبیەتی تایبەتییەکەی فراوان بکات و سیمایەکی گەردونی لە خۆبگرێت، هەر بۆیەش لای وی زۆر گرنگ بو کە هێزی ڕاکێشان، یان کێشکردن پێگەیەکی بەرچاوی هەبێت لە تیورییەکەدا، بەلام ئەمە پێوستی بە کاتێکی زۆر یان ساڵانێک بو بۆ ئەوەی ئەم کارە ئەنجام بدات. تیوری نسبی تایبەت بۆیە پێێ دەگوترێت تایبەت چونکە تایبەتە بەو تەنانەی بە کە بە خێراییەکی نەگۆڕ دەجوڵێن، بەڵام بۆ ئەو تەنانەی کە خێراییەکەیان یان ئاڕاستەکەیان لە گۆڕاندایە بە هۆی هێزی کێشکردنەوە ئەم تیورییە گونجاو نییە. سەرەنجام ئاینشتاین لە ساڵی ١٩١٥، واتە دوای دە ساڵ ماندوبون و کارکردن، تیوری نسبی گشتی پێشکەشکرد.

ئاینشتاین، لەم تیورییە نوێیەدا، بۆ یەکەمجار، دوای سێسەد ساڵ، هەر لە ڕۆژگاری نیوتنەوە هەتا سەرەتای سەدەی بیستەم، تەحەدای هەمو فیزیکی کلاسیک و باڵادەست یان فەرمانڕەوای کرد و ئەوەی خستەڕو کە کێشکردن هێز نییە، بەڵکو شێواندنێکە لە فەزا – زەمەندا، بە هۆی حزوری مادەوە دروستبوە. لای ئاینشتاین، مەبەست لە فەزا – زەمەن بریتیە لە فەزا و زەمەن، کە ئێمە وەک دو شتی جیاواز سەیریان دەکەین، بەڵام لای وی لە هەقیقەتدا دیاردەیەکی چوار رەهەندی دروست دەکەن. سیان لەم ڕەهەندانە، کە فەزا دروست دەکەن، بریتیین لە درێژی، پانی و بەرزی، چوارەمیش زەمەنە، هەر بۆیەش دەگوترێت فەزا – زەمەن. بە پێێ تیوری نسبی گشتی تەنەکان، کە بارستاییان هەیە، لە فەزا – زەمەندا، شێواندن یان چەمانەوە دەخوڵقێنن، خۆ ئەگەر هەتا بارستایی تەنەکە گەورەتربێت، ئەوا شیواندنەکە یاخود چەمانەوەکە گەورەتر دەبێت. لای ئاینشتاین هەسارەکان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، هۆکەی ئەوە نییە کە هێزێک پاڵیان پێوەدەنێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی خۆر فەزا – زەمەنێکی چەماوەی هەیە و دەبێت بە هۆی ئەوەی کە هەسارەکانیش لە فەزادا و لە سوڕانەوەیاندا ملکەچی هێڵێکی چەماوەی هێلکەیی بن.

لای زۆربەی خەڵک ئەزمکردنی ئەم تیورییەی ئاینشتاین شتێکی مەحاڵ بو، یان بە واتایەکی تر بڵێین زەحمەت بو کە وێنابکرێت. ئەوانەش کە لە سەرەتادا لێی تێگەیشتن وەک تیورییەکی ناقۆڵا ڕەتیان کردەوە. بەمجۆرە ئاینشتاین پێوستی بە سەلمانادنی فیزیکی بو بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕ بە تیورییەکەی بکەن و پێێ قایل بن. ئاینشتاین گوتی هەمو شتێک دەچێتە ژێر کاریگەری ئەم شێواندنەوە، تەنانەت روناکیش. خۆ ئەگەر بتوانێت ئەوە بسەلمێنێت کە ئەگەر ڕوناکی لە ئەستێرەیەکەوە بێت و بە بەردەم خۆردا گوزەربکات، یەکێکیش لەسەر عەردەوە سەیری بکات و ببینێت کە ئەم ڕوناکییە کە لە ئەستێرەکەوە دێت و بە بەردەمی خۆردا تێپەردەبێت ئەوا دەچەمێتەوە. ئاینشتاین چاوەڕوان بو بەڵام دوای چەند ساڵێک سەلماندنی ئەم تیورییە گەورەیە دەرکەوت. زانای گەورەی ئنگلیزی، ئارتەر ئێدینتۆن[1]، مەبەستی بو ئەم تیورییە تاقی بکاتەوە و بە چاوانی خۆی چەمانەوەی ئەو ڕوناکییە ببینێت و تۆمار بکات کە لە ئەستێرەیەکەوە دێت و بە بەردەم خۆردا گوزەردەکات. دەکرێت ئەستێرە لە ڕۆژدا ببینرێت، بەڵام تەنها کات کە دەکرێت ئەم دیاردە گرنگە تۆماربکرێت کاتی خۆرگیرانە. لە ٢٩ ی مانگی مایسی ١٩١٩ دا ئێدینتن، بە خۆی و تیمێکەوە گەیشتە وڵاتی گوینا لە ڕۆژئاوای ئەفریقا بۆ ئەوەی لە خۆرگیرانەکە بڕوانێت و داتاکانی خۆی تۆمار بکات. لە مانگی نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا کۆمەڵەی شاهانە بۆ ئەسترۆنۆمی دەرەنجامی گەشتەکەی ئەدینتنی بە وێنەوە چاپکرد و بڵاوکردەوە. تیمەکە جەختیان لەوە کرد کە کاتێک ڕوناکی ئەستێرەیەک بە لای خۆردا گوزەردەکات ئەوا لە مەوقیعی ڕاستە هێڵی خۆی لادەدات و سیمایەکی چەماوەیی وەردەگرێت، هەر بەو جۆرەی کە ئاینشتاین پێشبینی کردبو.

بەناوبانگترین زانا لە دونیادا

لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، ئەوەی ئەدینتن ئەنجامیدا و ئەو ئەنجامەی دەستەبەری کرد، ئاینشتاینی کرد بە بەناوبانگترین زانا لە دونیادا. بە سەدان نامەی لە هەمو گۆشەیەکی دونیاوە پێگەیشت، رۆژنامەکان دەیان بابەتیان لەسەر ژیانی ئاینشتاین و تیوری نسبی بڵاوکردەوە، لە هەمو لایەکی جیهانەوە بانگێشت کرا بۆ ئەوەی موحازەرە پێشکەش بکات.ئاینشتاین بەم شتانە بێتاقەت بو، هەستیکرد ئەم هەمو بانگەشەیە بوە بە مایەی شەرم لە نێو خەڵکدا. سەرباری ئەمانە هەموی ئاینشتاین لە کارکردن و توێژینەوە بەردەوام بو. پرۆژەی ئایندەی بریتی بو لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان ئەلکترۆموگناتیزم و هێزی کێشکردن، ئەمە سەرەتا و هەنگاوی یەکەم بو، کە دوایی خۆی لە پلانێکی مەزندا بەرجەستە بو، کە بریتی بو لە هەوڵدان و کارکردن بۆ دۆزینەوەی ”تیوری کایەی یەکانگیری” یان سەراپایی، کە ئەمەش تیورییەک بو ئامانجەکەی بریتی بو لە تەفسیکردنی ئەو یاسایانەی کە حوکمی هەمو شتێک دەکەن لە گەردوندا، هەر لە تەنۆلکەی ژێر  ئەتۆمییەوە هەتا دەگاتە ئەستێرە و هەسارەکان. ئاینشتاین هەتا دوا ساڵانی ژیانی، سەرقاڵی ئەم خواست و ئاواتە بو، بەڵام ئاکامەکەی نوشوستی بو. فیزیکی نوێ، کە خۆی لە کوانتەمدا دەبینییەوە و ئاینشتاین خۆی یەکێک بو لەو کەسانەی کە ڕۆلێ هەبو لە بنیاتنان و پەرەسەندنیدا، ئەوەی خستەڕو کە پرینسیپی نایەقینی حوکمی تەنکۆلکە ژێر- ئەتۆمییەکان دەکەن. بە پێێ پرینسیپی نایەقینی، ماتماتیک، تەنها بە شێوەیەکی ئیحتیمالی دەتوانێت پێشبینی پێگە و مەوقیعی تەنۆلکەیەکمان بۆ بکات، نە بە تەواوی و نە سەد لە سەد. ئاینشتاین، بە زۆر لایەنی تیوری کوانتەم ڕازیبو، بەڵام هەرگیز پرینسیپی نایەقینی پێ ئەزم نەکرا و نەیتوانی قبوڵی بکات، یاخود هەرگیز بەوە قایل نەبو کە تیوری ئحتمالیەت بەکار بهێنرێت بۆ حلکردنی گرفت و پرسە فیزیکییەکان، هەروەک چۆن گوتی.” خودا لە پرسی گەردوندا یاری بە زار ناکات.”

کاتێک ئاینشتاین لە ساڵی ١٩٢٩ دا فۆرمی یەکەمی تیوری کایەی یەکانگیری بڵاوکردەوە، میدیا بە چاوێکی بایەخەوە سەیریان کرد، بەڵام زانایان بە چاوی ڕەخنەوە خوێندیانەوە. بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ئاینشتاین بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا هەنگاو هەڵدەگرێت، هیوادارن تواناکانی خۆی تەرخان بکات بۆ یارمەتیدان و پێشکەوتنی تیوری کوانتەم.

لە دوای ١٩٢٠ وە، ئاینشتاین زیاتر چوە بواری سیاسەت و ساڵ لە دوی ساڵ رۆڵی لەم کایەیە و پرسە سیاسییەکاندا فراوان بو. بە درێژایی ژیانی کەسێکی ئاشتیخواز بو، زۆر چالاکانە بۆ ئاشتی جیهان تێدەکۆشا، هەر بۆ ئەم مەبەستە گەشتی بە وڵاتاندا دەکرد و لەگەڵ زانایانی گەورەی دونیادا نامەگۆڕینەوەی دەکرد، لەگەڵ دەرونشیکاری گەورە، سیگمۆند فرۆید چەندەها نامەیان بۆ یەکتر نوسی، لەگەڵ شاعیری گەورەی هیند، تاگور، ئاڵوگۆڕی بیروڕایان دەکرد. لە ساڵی ١٩٣٣ دا لە پەیمانگای توێنژینەوە پێشکەوتوکانی پرینستن، وڵاتە یەکگتوەکانی ئەمەریکا، کە تازە بنیاتنرابو ، پۆستێکی قبوڵکرد. کاتێک لە ساڵی ١٩٥٠ دا، دوبارە، فۆرمێکی نوێی تیوری کایەی یەکانگیری بڵاوکردەوە، دیسانەوە ڕوبەڕوی ڕەخنەی زیاتر بوەوە. ئیتر لێرە بە دواوە، هێدی هێدی زۆربەی فیزیکناسانی تیوریستی جیهان کارە زانستییەکانی ئاینشتانیان فەرامۆش دەکرد و حسابێکی ئەوتۆیان بۆ نەدەکرد.

ئاینشتاین لە ساڵی ١٩٥٥ دا و لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا مرد.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، ئاینشتاین وەک یەکێک لە زانا هەرە گەورەکانی مێژوو یاد دەکرێتەوە. تیورییەکانی، کە لەسەرەتای چەرخی بیستەمدا گەشەیان کرد، توانیان تێگەیشتن و دیدی مرۆڤ لە هەمبەر یاساکانی گەردون بگۆڕن. لە باری هەم ڕامان و هەم تاقیکردنەوەوە چەندین جار سەلمێنروان کە ڕاستن. هەرچەندە کاتێک کە تیوری گشتی بڵاوبوەوە، ئاینشتاین باوەڕی وابو کە گەردون لە فۆرمێکی ستاتیک یان نەگۆڕدایە، بەڵام سەیر لەوەدایە کە تیوری نسبی گشتی ئەوەی دەرخست کە گەردون لە پرۆسەی کشاندایە، ئەم دیاردەیە لە لایەن فەلەکناسی گەورە، ”ئەدوین هەبڵ” وە لە ساڵی ١٩٢٩ دا سەلمێنرا. هاوکێشە هەرە بەناوبانگەکەی ئاینشتاین کە دەڵێت E = MC2 چوە بواری پراکتیکییەوە و بو بە هۆی دروستکردنی وزەی ناوەکی و بۆمبای هایایدرۆجینی لێکەوتەوە کە بە تەواوی بۆ مرۆڤایەتی چەکێکی شەڕانگیزی روخێنەر بو، ماڵوێرانی بە دوادا هات و هەزاران مرۆڤی سادەی بەرەو مەرگێکی ترسناک ڕاپێچکرد.

کاریگەری فۆتۆکارەبایی

کاتێک تیشکی ڕوناکی دەدات بە تەبەقێکی کانزاییدا، پێگە و مەوقیعی ئەلیکترۆنەکان تێکدەچێت و لە ئەتۆمەکەیان دەترازێن. زانایان دەرکیان بەم دیاردەی کاریگەری فۆتۆکارەباییە کردبو، بەڵام نەیاندەزانی هۆکارەکەی چییە. ئاینشتاین هات و سودی لەو پێشکەوتنەی تیوری کوانتەم وەرگرت بۆ ئەوەی پرسەکە حل بکات. کوانتەم ئەوەی خستەڕو کە ئەو وزەیەی لە مادە تیشکدەرەکانەوە پەخش دەبن لە فۆرمێکدان کە بە کوانتا ناودەبرێت. ئاینشتاین پێشنیازی ئەوەی کرد ڕوناکی هەمان خاسیەت و هەمان فۆرم لەخۆدەگرێت و بە هەمان شێوە رەفتاردەکات. لای ئاینشتاین تیشکی ڕوناکی بریتییە لە ڕستێک تەنۆلکەی وزەیی کە فۆتۆنن. فۆتۆنەکان، ئەگەر ئەوەندە وزەیان تێدابێت، ئەوا دەتوانن ئەلیکترۆن لە ئەتۆمەکەی جیابکەنەوە. لە ساڵی ١٩١٣ تاقیکردنەوە سەلماندی کە ئاینشتاین ڕاست بو.

سەرچاوە:

هەرچەندە بە شێوەیەکی سەرەکی لەم سەرچاوەیەوە وەرگیراوە، بەڵام زۆر دەستکاری کراوە لە لایەن خۆمەوە.

Farndon, John The Great Scientists: From Euclid to Stephen Hawking, (2005) (Kindle Edition). Arcturus Publishing.

پەراوێز

[1] لە راستیدا لۆرد ئەدینتن یەکێک بو لەو سێ زانایەی لە سەرەتادا لە تیۆری نسبیەتی ئاینشتاین گەیشتبو، تەواو قەناعەتی پێ هێنابو، تەنانەت جارێک ڕۆژنامەنوسێک لێی پرسی کە ” ئایا راستە تەنها تۆ و دو کەسی تر لە دونیادا لە نسبیەت گەیشتون؟” ئەدینتن، هەڵوێستەیەکی بۆ کرد و کابرای رۆژنامەنوس لێێ پرسییەوە، ” بیر لە چی دەکەیتەوە؟” لە وەڵامدا گوتی، ” وەڵڵا بیر لەوە دەکەمەوە کە دەبێت کەسی سێێەم کێ بێت.” ئەدینتن تاکە زانای بەریتانی بو کە ناراستەوخۆ پەیوەندی هەبو بە فەلەکناسانی ئەڵمانییەوە. ئەم کابرایە کاراکتەرێکی زۆر عینادبو لە ژیانیدا، لە ساڵی ١٩١٦ دا، بە ئاشکرا گوتی من ئامادە نیم بچم بۆ شەر، هەرچەندە کۆمەڵەی شاهانە کارێکیان بۆ کرد کە نەچێت بۆ شەڕ، چونکە دەتوانێت لە دەرەوەی جەنگ خزمەتی زیاتر بە زانست بگەێنێت، کاتێک وەزارەتی بەرگری لە خزمەتی سەبازی بەخشی، هات و گوتی ئەگەر نەشم بەخشن ئەوا هەر ناچم بۆ جەنگ، چونکە ئیمانم بە جەنگ نییە. لەسەر ئەمە خەریک بو ڕوبەڕوی لێپێچینەوە ببێت. لە مانگی مایسی ١٩١٩ هەتا تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ سەرقاڵی سەلماندنی ئەم تیورییە بو. دوایی کە تیورییەکەی سەلماند، کچێک کە لەگەڵ ئاینشتایندا کاری دەکرد، لە ئاینشتاینی پرسی ،” هەستت چۆن دەبو ئەگەر تاقیکردنەوەکانی ئەدینتن تیورییەکەی تۆیان نەسەلماندایە؟” لە وەڵامدا گوتی، ” بە داخەوە ئەوە کێشەی من نییە، چونکە تیورییەکەی من هەر ڕاستە.”

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s