یاساکانی کێپلەر لەمەڕ جوڵەی هەسارەکان

kepler0

کاتێک هەسارەکان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، بە دو جۆرە خێرایی ئەم سوڕانەوەیە ئەنجام دەدەن، ئەو هەسارانەی لە خۆرەوە نزیکن خێراتر دەسوڕێنەوە لەو هەسارانەی کە دورن لە خۆرەوە. بۆ نمونە مێرکۆری، کە نزیکترین هەسارەیە لە خۆرەوە، هەشتا ڕۆژی پێ دەچێت بۆ ئەوەی سوڕەکەی بە دەوری خۆردا تەواو بکات، بەڵام هەسارەی مشتەری دوازدە ساڵی خۆمان دەخایەنێت بۆ ئەنجامدانی سوڕێک بە دەوری خۆردا. گومانی تێدانییە هەسارەکان وەک هەنگ بە ئاسماندا گیزەیان دێت و بە لای یەکتردا ڕەت دەبن، هەر بۆیەش کاتێک بە وردی لە زەوییەوە سەرنج لەم هەسارانە دەدەین، دەبینین کە هەندێک لەم هەسارانە وا دێنە بەرچاو کە دیاردەی پاشگەزە جوڵەیان هەیە، واتە لە ڕەوتەکەیاندا تۆزێک بە ئاڕاستەی دواوە دەگەڕێنەوە و لە خاڵێکدا حاڵەتێکی هەڵوێستەیی دروست دەکەن و پاشان بە ئاڕاستەی سروشتی خۆیان دەکەونەوە جوڵە. ئەم دیاردەیە هەر لە ڕۆژگاری فیساگۆرسەوە وەک جۆرە مەتەڵێک هاتوەتە بەرچاو فەلەکناسان، تەنانەت ئەفلاتونیش لە هەمبەر ئەم دیاردەیەدا زۆر حەپەساوە، بەڵام ئەو چونکە ئیمانی ڕەهای بە ماتماتیک هەبو بۆ حلکردنی پرسە ئەسترۆنۆمییەکان، هانی فەلەکناسانی ئەکادیمیاکەی خۆی دەدا کە واز لە کاری مەیدانی و ڕامانی پراکتیکی و تۆمارکردنی داتا لەمەڕ هەسارەکان بهێنن و سۆراخی تیورییەکی ماتماتیکی بکەن بۆ حلکردنی مەسەلەکە. هەر بۆیەش گەلێک جاران ئەفلاتون وەها دێتە باسەوە کە بوە بە هۆی دواخستنی بواری پراکتیکی ئەسترۆنۆمییانە.

بێگومان ئەم پرسە لە سەردەمی کێپلەردا هێشتا وەک مەتەڵێکی ئەسترۆنۆمی پێوستی بە یەکلاکردنەوە هەبو. لە ڕاستیشدا هەر ئەم مەتەڵەش بو کە بوە هاندانی کێپلەر بۆ ئەوەی هەر سێ یاساکەی لەمەڕ جوڵەی هەسارەکان بدۆزێتەوە و لە ئەنجامیشدا توانی یەکێک لە پەنهانییە ئەفسوناوی و قوڵەکانی گەردون ئاواڵەبکات و گەلێک پرسی ئەسترۆنۆمی بە تەواوی چارەسەربکات و نیوتنیش بە پلەیەکی بەرز سودیان لێ وەربگرێت.

یۆهان کێپلەر(1571–1630)، لە نەمسا لە دایکبوە، زۆربەی ژیانی هەژار بوە، هەمیشە نەخۆش و لاواز و ئنجا چاوەکانیشی زۆر کزبون. کە منداڵ بو، لە ساڵی 1577 دا، دایکی بردی بۆ سەر گەردێک بۆ ئەوەی بە جوانی سەیری کۆمێتێک بکات و لە تەمەنی دەساڵیشدا بە چاوانی خۆی بانگیرانی بینی و زۆر سەرسامبو، ئیتر لەو رۆژەوە عاشقی ئەسترۆنۆمی بو و خولیای ئەم زانستەی چوە سەر.

بە یەکێک لە ڕابەرە هەرە مەزنەکانی شۆڕشی زانستیی سەدەی شازدە و هەڤدە دادەنرێت. تەنانەت گەلێک پسپۆڕانی مێژوی ئەسترۆنۆمی دەڵێن کە غەدریکی گەورە لە کێپلەر کراوە، چونکە لە ڕاستیدا دەبو ناوی سیستەمی چەقە – خۆری کۆپەرنیکۆسی سیستەمی کۆپەرنیکۆ – کێپلەری بوایە. ئەمەش زیادەڕۆیی نییە، چونکە کێپلەر، دوای کۆپەرنیکۆس (1473 – 1543) یەکەم ماتماتیکناس و فەلەکناس بو کە توانی بە شیوەیەکی ماتماتیکی، یاخود جیومەتری، بناخەیەکی تۆکمە بۆ مۆدڵەکە دابڕێژێت. لە ساڵی 1601دا لە پراگ، لە کۆشکی شاهانەدا دەبێتە یاریدەدەری تیکۆ براهە (1546 –1600)، کە فەلەکناس و ماتماتیکناسی کۆشکی شاهانە بو، بەڵام تیکۆ ماتماتیکناسێکی بلیمەت نەبو، هەر بۆیەش کە شۆرەتی کێپلەری بیست، داوای لێکرد کاری لەگەڵدا بکات. دوای ساڵێک تیکۆ براهە مرد، بەمجۆرە کێپلەر میراتییەکەی تیکۆ براهەی بۆ مایەوە و بوە یەکەم ماتماتیکناس و فەلەکناسی کۆشکی شاهانە و پادشا فێردیناد متمانەی تەواوی پێ هەبو.

لە سەردەمی کێپلەردا هێشتا ئەسترۆلۆژی وەک دیاردەیەکی گرنگ سەیردەکرا، تەنانەت پادشاکان بۆ مەبەستی پێشبینی کردنی ڕوداوەکان و ئامۆژگاری هەڵگیرساندنی جەنگ و هێرشيکردنە سەر دەوڵەتانی تر ئامۆژگارییان لە فەلەکناسان وەردەگرت. ئەسترۆنۆمیش هێشتا لە پلەیەکی سەرەتایی پەرەسەندندا بو. بیرکردنەوەی ڕۆحانی و غەیبگەری هەتا ئەو کاتە کلیکی سەرەکی دەروازەی ئاواڵەکردنی یاساکانی سروشت بو. کێپلەر بە مانای وشە لەم زانایانە بو کە پێیەکی لە بۆتەی غەیبگەری و پێێەکی تری لە نێو زانستی هاوچەرخدا بو، چونکە باوەڕی وابو کە بنیاتی پێکهاتنی گەردون فۆرمێکی جیۆمەتری کەماڵی هەیە. ئەمە جگە لەوەی هەسارەکان کە دەسوڕێنەوە، دو بازنە دروستدەکەن، یەکەمیان بازنەیەکی گەورەیە و لە ئەنجامی سوڕانەوەی هەسارەکە بە دەوری خۆردا دروست دەبێت و ەەر خۆریش چەقەکەیەتی،جگە لەم تەرزەی سوڕانەوەیە و لە هەمان کاتدا، هەسارەکە سوڕانەوەیەکی تری هەیە و هەر خاڵێکی سەر چێوەی بازنە گەورەکە بگریت، ئەوا دەبێت بە چەقی سوڕانەوەی ئەو هەسارەیە.کێپلەر سەرتاپای ژیانی تەرخانکرد بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە گەردون کڵێشيیەکی جیۆمەترییە و دەکرێت ئاشکرابکرێت و لە سروشتدا خۆی مەڵاس داوە.

kepler4

نزیکەی سەدەیەک بەر لە کێپلەر کۆپەرنیکۆس سیستەمی چەقە –خۆری پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد، ئەو مۆدڵەی کە دەڵێت عەرد چەقی گەردون نییە، بەڵکو خۆر ناوەندی گەردونە و زەویش وەک هەر هەسارەیەکی تر بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. لای کۆپەرنیکۆس ئەم سوڕانەوەیە بە فۆرمێکی بازنەیی کەماڵە و خێراییەکەشی هەمیشە نەگۆڕە. ئەم دو چەمکە، واتە فۆرمی بازنەیی ڕەوتی هەسارەکان و ڕێکی (یان نەگۆڕی) لە خێرایی جوڵەیاندا مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگاری فیساگۆرسی (580 –500) و هەر لەو کاتەوە وەک دو دیاردەی پیرۆزی ئەبەدی و هەرگیز نەگۆڕ جەختیان لەسەر کراوە. ئەفلاتون زۆر زیاتر لە فیساگۆرسییەکان پێداگری لەم چەمکە کردوە و وەک میراتییەکی موبارەکیش بۆ ئەرستۆ ماوەتەوە وپاشانیش پەتلیمۆس تەبەننای کردوە، کۆپەرنیکۆسیش بە هیچ جۆرێک تەحەدای ئەم ئایدیا موبارەکەی نەکردوە و تەنانەت گالیلۆش، کە بە بابی زانست و فیزیکی هاوچەرخ هەژمارد دەکرێت باوەڕی تەواوی پێ بوە.

کێپلەر وەک فیساگۆرسییەکی توندڕەو، سەرەتا، باوەڕی بە چەمکی بازنەیی کەماڵ و خێرایی نەگۆڕی جوڵەی هەسارەکان هەبو، بەلام کاتێک لە ساڵی 1601 دا، دوای مەرگی ناوازە و کتوپڕی تیکۆ، کێپلەر داتایەکی بێشوماری ورد و نایابی لە تیکۆ وە(مامۆستاکەی) وەک میراتی بۆ بەجێما، کێپلەر ئەم داتایەی خستەگەڕ بۆ سەلماندنی چەمکی فیساگۆرسییانەی فۆرمی بازنەیی ڕەوتی جوڵەی هەسارەکان. دوای چەندەها شەونخونی و کارکردن و حساباتی ورد، هەرچەندی کرد و کۆشا، ویستی بیسەلمێنێت کە هەسارەکان هەر دەبێت بە فۆرمێکی بازنەیی بە دەوری خۆردا بسوڕێنەوە، بەڵام سەرەنجام و دوای چەندەها جار دوبارەکردنەوەی حساباتەکە، بۆی دەرکەوت کە هەسارەکان بە هیچ جۆرێک ملکەچی جیۆمەتری بازنەیی نین، بەڵکو فۆرمێکی تری جیۆمەترین و بە هێلکەیی ناودەبرێن.

kepler-2

کێپلەر، پێشکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، بە تایبەت کاتێک کە توانی پەردە لەسەر نهێنییەکانی دیاردەی پاشگەزە جوڵەی هەسارەی مارس ئاواڵەبکات. دیاردەی پاشگەزە – جوڵە لە هەسارەی مارسدا زۆر بە زەقی دەبینرێت، واتە ڕەوتەکەی خۆی دەگۆڕێت و لە ئاسماندا پێچێکی بچکۆلە ئەنجامدەدات، دواییش دێتەوە سەر ڕەوتە سروشتییەکەی خۆی. کۆپەرنیکۆس تەفسیری دیاردەی پاشگەزە جوڵەی بەو جۆرە کرد کە سیستەمی بازنە بچکۆلەی بۆ پاسادانی ئەم دیاردەیە هێنایەوە، ئەم تەفسیرە بە بناوان دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی چەقە عەردی پەتلیمۆسی. بەڵام کاتێک کێپلەر کەوتە خستنەگەڕی داتاکانی تیکۆ براهە لەمەڕ هەسارەی مارس، سەیری کرد و هەرچەندی کرد ئەم داتایانە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ پێشبینییەکانی ئەو پێوانانەدا ناگوجێن و فۆرمێکی بازنەیی دروست ناکەن وەک پێویست بوو. دوای چەندەها شەوی بێ خەوی و هیلاکبون، بۆی دەرکەوت کە ئەم داتایانە زۆر بە جوانی هەمانەهنگن لەگەڵ فۆرمی هێلکەیی نەک بازنەیی، دوای ئەوەی تەواو دڵنیا بوو کە ڕەوتی هەسارەی مارس بە دەوری خۆردا فۆرمێکی هێلکەییە، ئیتر بە تەواوی بڕیاریدا کە شەرت نییە سروشت وەدوی سیستەمی کەماڵی فیساگۆرسییانە بکەوێت، وەک ئەوەی خۆی سەیری دەکرد، یان وەک ئەوەی کۆپەرنیکۆس، وەک هەر فیساگۆرسییەکی تر، سەرەتا باوەڕی پێ بوو، کێپلەر زۆر بە جورئەتەوە ئامادە بوو کە بەم بەڵگەیە قایل بێت و دەستبەرداری بیرکردنەوەی فیساگۆرسییانە بەو جۆرە تەقلیدییەببێت.جگە لە پوچەڵکردنەوەی پیرۆزیی بازنەیی و ڕێکی(نەگۆڕی) سوڕانەوەی هەسارەکان بە دەوری خۆردا، کێپلەر، بە هۆی سەلماندنی فۆرمی جیۆمەتریانەی جوڵەی هێلکەیی ئەم تەنە ئاسمانییانەوە، توانی بۆ یەکەم جار لە مێژوی ئەسترۆنۆمیدا سیستەمی بازنە بچکۆلە و بازنە گەورە پوچەڵ بکاتەوە.

یاسای یەکەمی کێپلەر بریتییە لەوەی کە هەسارەکان بە شێوەیەکی هێلکەیی بە دەوری خۆردا دەسوێنەوە و خۆر دەکەوێتە یەکێک لە فۆکەسەکانی شێوە هێلکەییەکە. هەندێک جار ئەم یاسایە بە یاسای جوڵەی هێلکەیی ناودەبرێت.kepler-1
کێپلەر بەو هەقیقەتەی نەزانی کە ئەم ڕەوشە، واتە ڕەوشی خاوی و خێرایی جوڵەی هەسارەکە بە پێی دوری و نزیکی لە خۆرەوە دەگۆڕێت، ئەمەش بێگومان هۆکەی دەگەڕیتەوە بۆ دیاردەی هێزی ڕاکێشان کە دوایی نیوتن هات و تەفسیری ئەم دیاردەی بەو جوانییە کرد و گوتی کە هێزی ڕاکێشان ڕاستەوانە لەگەڵ بارستایی هەسارەکە و خۆردا دەگۆڕێت و پێچەوانەش لەگەڵ دوجای دوری نێوانیان.یاسای دووەمی کێپلەر وەسفی خێرایی جوڵەی هەسارەکان دەکات بە دەوری خۆردا. هەتا ڕۆژگاری کێپلەر فەلەکناسان باوەڕیان وابو کە هەسارەکان  بە خێراییەکی نەگۆڕ بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، بەڵام کێپلەری گەورە و مەزن ئەم چەمکە یۆنانییە کۆنەی تەمەن دو هەزار ساڵەی بە تەواوی هەڵوەشاندەوە. لای کێپلەر، ئەگەر هێڵێکی خەیاڵی لە چەقی خۆرەوە بۆ چەقی هەسارەیەک بکێشین، ئەوا کاتێک ئەم هەسارەیە دەجوڵێت، ئەو ڕوبەرەی ئەم هێڵە دروستی دەکات لە زەمەنێکی دیاریکراودا هەمیشە یەکسانە، جا خێرایی ئەم هەسارەیە خاو بێت یان خێرا بێت. ئەمەش چونکە کاتێک هەسارەکە نزیک دەبێت لە خۆرەوە، ئەوا خێراییەکەی زیاددەکات، بەڵام کە دور دەبێت لە خۆرەوە، ئەوا خێراییەکەی کەم دەکات.بەڵام ڕوبەرە داپۆشراوەکەیان هەمیشە یەکسان دەبێت. هەندێک جار بە یاسی دووەم دەوترێت یاسای ڕوبەرە یەکسانەکان.

یاسای سێیەم، کە هەندێک جار بە یاسای هارمۆنی، یان هەماهەنگی هەسارەکان ناسراوە، جودا لە دو یاساکەی تری کێپلەر، ئەم یاسایە پەیوەستە بە جوڵەی دو هەسارە یان زیاترەوە. ئەم یاسایە بەراورددەکات لە نێوان ڕێژەی دەورانی زەمەنی هەسارەیەک بۆ هەسارەیەکی تر، ئەم یاسایە دەڵێت کە ڕێژەی دوجای زەمەنی سوڕانەوەی هەسارەیەک بۆ دوجای دەورانی زەمەنی هەسارەیەکی تر یەکسانە بە ڕێژەی سێجای تێکڕای دوری هەسارەی یەکەم لە خۆرەوە بۆ سێجای تێکڕای هەسارەی دوەم لە خۆرەوە. بەمجۆرە هەتا هەسارەکە لە خۆرەوە دورتر بێت ئەوا خاوتر دەجوڵێت. بۆ نمونە مارس دەوارنەکەی بە دەوری خۆردا دوساڵی زەوی دەخاێنێت، زوحەڵ بیست و نۆ ساڵ و نیپتۆن سەد و هەشت و پێنچ ساڵی پێدەچێت.

بۆ نمونە ئەگەر حەرفی ت زەمەنی سوڕانەوەی هەسارەکە بێت بە دەوری خۆردا و ئاڕیش تێکڕای دورییەکەی بێت لە خۆرەوە ئەوا ڕیژەکەیان بەمجۆرە خوارەوە دەبێت ئەگەر بەراورد.

لای کێپلەر ئەم ڕێژەیە بۆ هەمو هەسارەکان نەگۆڕە.

لەم سێ یاسایەدا کێپلەر توانی سوڕانەوەی هەسارەکانی سیستەمی خۆری وەسف بکات و لێکدانەوەیەکی جوانی زانستی و سەردەمییانە پێشکەش بکات. یاساکانی کێپلەر بەسەر هەموو تەنەکانی ئاسماندا واری دەکرێن، جا کۆمێت بن، ئەسترۆید بن یان مانگ بن، یاخود هەر هەسارەیەک کە بە دەوری ئەستێرەکدا دەسوڕێتەوە، تەنانەت ئەگەر  سەتەلاتێکی دەستکردیش بێت و بە دەوری زەویدا بسوڕێتەوە. دوای چوار سەدە ، هێشتا یاساکانی کێپلەر بە ڕاستی ماونەتەوە و لە ڕوی فیزیکییەوە هیچ هەڵەیەک لەخۆناگرن. لەوەش زیاتر کێپلەر هزرمەندێک بوو کە زۆر لە پێش زەمەنەکەی خۆیەوە بوو، چونکە یەکەم زانا بوو کە هات و بۆ پاسادانی تیۆرییەکانی ڕامانی ئەنجامدا و میتۆدی زانستی خستەگەڕ بۆ شیکاری تیۆرییەکان.

کێپلەر توانی ئەم پرینسیپانە لە دووتوێی یاسای جیۆمەتریدا یەکبخات، بەڵام نەیزانی بۆچی ئەم یاسایانە بەمجۆرە هەمئاهەنگن. باوەڕی وابوو کە ئەمانە دەرهاویشتەی کڵێشەیەکی جیۆمەترین لە سروشتدا و هیچی تر، خوداوەندیش ئەو هێزە ئەقڵییە ئیلاهییە خارقەی بە کێپلەر بەخشیوە بۆ ئەوەی بتوانێت جوانییەکان و دەستڕەنگییەکانی پەروەردگار لە سروشت و گەردوندا بدۆزێتەوە. لای وی هێزی کێشکردن بریتییە لە ڕۆحی ئیلاهی بۆ ڕاگرتنی هەماهەنگی گەردون. بەڵام کاتێک نیوتن هاتە سەر گۆڕەپانی زانست، ئەم یاسایانەی لە بۆتەی تیۆری گەردونی هێزی کێشکردندا یەکخست.

sherkodylan@gmail.com

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s