ستیفن هەوکین (1942- )

ستیفن هەوکین (1942-   )

hawkings-6

”ئامانجم زۆر سادەیە. بریتییە لە تێگەیشتنی تەواو لە گەردون، بۆ چی بەو جۆرەیە کە هەیە، ئەی باشە بۆچی هەیە؟” ستیفن هەوکین

کۆسمۆلۆژیستی ئنگلیزی ستیفن هەوکین (1942 – ) یەکێکە لە رابەرە گەورە و زیندوەکانی ئەم چەرخە و بەرهەمە نایابەکانی لەمەڕ چاڵە ڕەشەکان و بیگ بانگ بە قوڵی کاریگەرییان کردوەتە دیدی بەشەرییەت لە بەرانبەر گەردون.

سەدەیەک لەمەوبەر، فەلەکناسان باوەڕیان وابو کە گەردون تۆزێک گەورەترە لەو گالاکسییەی خۆمان کە بە رێچکە شیرییەکان ناودەبرێت، ئەمە جگە لەوەی گەردون سەقامگیرە و هەرگیز ناگۆڕێت. بەڵام لە سەرەتای چەند دەیەی چەرخی بیستەمدا، ئەو بیروڕایە بە قوڵی گۆڕا و عەرشیان هێنایە لەرزین.

پێش هەمو شتێک، تەلەکسۆپە پڕ قودرەتەکان ئەوەیان واڵاکرد کە لەودیو رێچکە شیرییەکانەوە، واتە لەودیو گالاکسییەکەی لەمەڕ خۆمان، ژمارەیەکی بێشومار ئەستێرە هەن، پاشانیش، لە بیستەکاندا، فەلەکناسی گەورەی ئەمەریکی سێر ئەدوین هەبڵل ئەوەی کەشفکرد هەمو گالاکسییەکان بە خێرایی لە ئێمە دوردەکەونەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کەگەردون نەک هەر سەقامگیر نییە، بەڵکو بە رێژەیەکی بەرچاو لە پرۆسەی کشان یان گەورەبوندایە.

ئەمە لە کاتێکدا، کە دو چەمکی گەورە و مەزن – فیزیکی کوانتەم و تیوری نسبی ئاینشتاین – فیزیکی کلاسیکی سەدەی هەڤدەی نیوتنیان هەڵگێرایەوە. ئەم ئایدیا سەمەرانە، هێدی هێدی کاریگەری گشتییان کردە سەر دونیای زانست، بەڵام ژمارەیەک لە زانایان، هەر زو شرۆڤەکاری ئەم گۆڕانانەیان بەدیکرد. بۆ نمونە، لە ساڵی 1917 دا، دە ساڵ بەر لەوەی هەبڵڵ سەرنجەکانی خۆی لەمەڕ کشانی گەردون بڵاوبکاتەوە، فەلەکناسی روسی ئەلێکسندەر فرەیدمان پرۆسەی کشانی گەردونی لە تیوری نسبی گشتی ئایشتاینەوە وەک دەرەنجامێکی ماتماتیکی گەڵاڵەکرد. ئاینشتاین، خۆی لە راستیدا لەگەڵ دەرەنجامەکەی فرەیدماندا تەبا و کۆک نەبو، تەنانەت توشی شۆک بو کاتێک ئەدوین هەبڵڵ سەلماندی کە فرەیدمان راستە.

وەک دەرکەوت، ئەمە دوەمجار بو کە ئاینشتاین سەبارەت بە تەفسیری تیوری نسبی روبەروی تەحەدا بوەوە، چونکە ساڵێک لەوەبەر، واتە لە 1916 دا، فەلەکناسی ئەڵمانی کارل شوارتزچایەڵدا[i]   Karl Schwarzschild تیورییەکەی ئاینشتاینی بەکارهێنا بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئەستێرەیەک چی بەسەر دێت کاتێک لە سایەی هێزی کێشکردنی خۆیدا هەرەس دەهێنێت. شوارتزچایەڵد، گەیشتە ئەو ئاکامەی کە ئەستێرەکە دەچێتەوە یەک، هێزی کێشکردنەکەی بە جۆرێک گەورەدەبێت و بە هێزدەبێت کە هیچ شتێک، تەنانەت روناکیش ناتوانێت لێی دەربازبێت. ئەمە لە فەزادا دەبێت بە ”چاڵی رەش”. دوایی، دەرکەوت ئەم چاڵە ( یان هەندێک دەڵێن کون) رەشە لە خاڵێکی بچکۆلەدا خۆ چردەکاتەوە، ئەم خاڵە بە تاکێتی singularity ناسراوە و زەمەن و هەمو هێزەکان دەبن بە یەک. قەبارەی ئەم جۆرە ئەستێرانە، بەر لەوەی بچوک ببنەوە و بگۆڕێن و بچنە دۆخی چاڵی رەشەوە، بە ”نیوە تیرەی شوارتچایەڵد” ناسراون و بۆ ئەستێرەیەک، ئەگەر لە قەبارەی خۆری خۆماندا بێت، تەنها سێ(3) کیلۆمەترە.

لە نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمدا، زانایان رویانکردە تاووتوێی ماتماتیکییانە بۆ گەڕاندنەوەی زەمەن یان سەعاتی کشان یان گەورەبونی گەردون و بۆیان دەرکەوت کە سەرباری ئەوەی گەردون ئێستا لە قەبارەدا گەورەیە، بەڵام رۆژێک هەبوە کە زۆر زۆر بچکۆلە بوە. تیورییەکە بەمجۆرەیە کە گەردون، بلیۆنەها ساڵ لەمەوبەر، رۆژێک بە شێوەی تەقینەوە لەدایکبوە و دروستبوە، ئنجا بەرەو دەرەوە ئاوساوە. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، ئەم پرۆسەیە بە بیگ بانگ ناسراوە. دوایی، تیوری بیگ بانگ زۆر بە باشی لە ناوەندە زانستی و فیزیکییەکاندا خۆی سەپاند، سەرباری ئەوەی کە تێگەێستن لە پرۆسەکە هێشتا زۆر لەق و ئاڵۆزبو.

Hawkings 7.jpg

هەرچۆنێک بێت، چاڵە رەشەکان، وەک پرسێکی مشتومڕ مایەوە. دوایی، بە پێی ئەوەی پێناسە کرابو، نەبینرا. هەندێک لە زانایانی سۆڤیەتی ئەوسا، دەیانگوت کە بە هیچ جۆرێک ئەمانە بونیان نییە، چونکە بەندن لەسەر هەرەسهێانی ئەستێرە بە شێوەیەکی خۆجێیی کەماڵ perfectly symmetrically ، ئەمەش وەک دەیانگوت، شتی وا ناکرێت ببێت.

ئەوەی مایەی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە لە کاتێکدا کە تیوری نسبی ئاینشتاین رۆڵی سەرەکی بینی لە سەرهەڵدانی هەردوک تیوری نوێێ کۆسمۆلۆژی، هەم بیگ بانگ و هەم چاڵە رەشەکان، دەبینین لە لایەکی ترەوە ئایدیا شۆڕشگێڕییەکەی تر، میکانیکی کوانتەم، لای زانایان وەها هاتە بەرچاو کە دورەپەرێزە و پەیوست نییە بە کۆسمۆلۆژیاوە. ئەمەش بە ئاشکرا زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بایەخ دەدات بە ئاستە بچکۆلە و ژێر – ئەتۆمییەکانی فیزیک، نەک بە مەودا و مەغزای گەردون.

لە راستیدا، لێرەوە بلیمەتی ستیفن هەوکین بەرچاودەکەوێت. دوای وردبونەوە و توێژینەوە نایابەکانی هەوکین، هەردو تیوری بیگ بانگ و چاڵە رەشەکان – فیزیای نسبیەت و کوانتەمی – لە یەک بۆتەدا کۆکردەوە. لەم رێگایەوە، هەوکین وێنەیەکی تیوریی لە ئاسابەدەر نایابی لەمەڕ هێزەکانی گەردونەوە پێشکەشکرد کە چەند جوان کاردەکەن.

بەر لە هەمو شتێک، وەک خوێنکارێکی زانکۆ، هەوکین بۆی دەرکەوت کە بیگ بانگ لەوانەیە چاڵی رەش بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، واتە لە خاڵی تاکێتیەوە گەورە دەبێت. ئەم ئایدیایەی هەوکین بوە هەوێنی ئامرازێکی ماتماتیکی بە دەست کۆسمۆلۆژیستانەوە بۆ پەرەپێدانی وێنەیەکی گەورەتری بناوانی گەردون.

پاشان لە ساڵانی 1970 کاندا، هەوکین بۆی دەرکەوت کە لەوانەیە کاریگەری کوانتەم بەسەر ”ئاسۆی روداو” [i]یان قەراغی چاڵی رەشدا واری بکرێت. سەیری بەشی (چاڵی رەش و نایەقینی) بکە. هەروەک گفتوگۆی لەسەر بابەتەکە کرد، هەوکین باوەڕی وابو، خۆ ئەگەر ئەم کاریگەرییانە رۆڵی خۆیان شرۆڤەبکەن، چاڵی رەش وا لێ بکەن بە کزی بگەشێتەوە و لەوانەیە، دوای هەمو شتێک ئەم تیورییە مشتومڕ – ئامێزە بکەنە هەقیقەتێک. ئەم پرۆسەی ”گەشانەوە” یە دوایی ناونرا ”تیشکی هەوکین.” تەنانەت لەوەش گرنگتر، بە خستنەگەڕی فیزیکی کوانتەم بۆ خوێندنی چاڵە رەشەکان، هەوکین توانی کوانتەم کێش بکات بۆ ناو سەرتاپای کایەی کۆسمۆلۆژی و دەروازەیەکی کردەوە بۆ تیورییەکی فیزیکی لەمەڕ گەردون. ئەمەیە کە هەوکین و هاوکارانی لە حاڵی حازردا بە دویدا عەوداڵن و بۆی دەگەڕێن.

زانایەکی بچکۆلەی زیرەک

ستیفن هەوکین لە رۆژژگاری ئەمڕۆدا تەنها بە تیورییە کۆسمۆلۆژییەکانی بەناوبانگ نییە، بەڵکو نەخۆشییەکی ترسناکیش یەخەی گرتوە و بە تەواوی دوچاری ئیفلیجی کردوە و تەنها بە هۆی ئامێری تایبەتەوە دەتوانێت گفتوگۆبکات و ئاڵوگۆڕی زانیاری بکات. ئەم نەخۆشییە، کە بە ئەی ئێڵ ئێس ALS ناودەبرێت، هێدی هێدی خانەکانی دەماری بڕبڕەی پشتی لەناودەبات، ئەم خانانە کۆنترۆڵی جوڵە ماسولکەییەکانی بەدەن دەکەن. کاتێک لە ساڵی 1960 دا، ئەم نەخۆشییە لە هەوکیندا دەرکەوت، تەمەنی 22 ساڵ بو، دکتۆرەکان گوتیان تەنها چەند ساڵێکی کەمی لە ژیاندا ماوە. سەرباری ئەوەی نەخۆشییەکە گەشەی کردوە، بەڵام هەوکین، وەک خۆی دەڵێت شوکرە و هەتا ئێستاش بە باشی لە تەمەنی هەفتا و چوار ساڵیدایە.

ستیفن هەوکین، لە 8 کانونی دوەمی 1942 دا، لە ئۆکسفۆرد لەدایکبوە. 1942 ئەو ساڵە بو کە خێزانەکەیان، لە ترسی بۆمباباران هەڵاتن و رویانکردە لەندەن. بەرواری لەدایکبونەکەی رێکەوتە لەگەڵ مردنی گالیلۆ، کە سێ سەد ساڵ لەوەبەر بو، جگە لەوەی نزیک بو لە مێژوی سێ سەد ساڵەی لەدایکبونی نیوتن. لە تەمەنی هەشت ساڵیدا بو کە بە خاو و خێزانەوە گواستیانەوە بۆ ناوچەی سەینت ئەلبان، کە دەکەوێتە باکۆری شاری لەندەن. هەوکین، منداڵێکی گۆشەگیربو، هەرچەندە بلیمەتی لە سەرەەتادا تێدا دەرنەکەوت، بەڵام هاوڕێیەکی باسی دەکات و دەڵێت کە لە زانایەکی بچکۆلەی زیرەکەوە گۆڕا بۆ کەسێکی لەخۆبایی.

کاتێک تەمەنی بو بە هەڤدە ساڵ، داخڵی تاقیکردنەوەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد بو بەو مەبەستەی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد وەربگیرێت. هەر ئەو ساڵە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و چوە زانکۆ و مەنحەشی وەرگرت کە لە زانسیە سروشتییەکاندا بخوێنێت. دوای ئەوەی لە بەکالۆریۆسدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، ئنجا چوە زانکۆی کامبریچ بۆ خوێندنی کۆسمۆلۆژیا و بوە قوتابی فەلەکناسی گەورەی ئەو سەردەمە فرێد هۆیڵ[ii]. بە داخەوە هۆیڵ ئەوەندە کابرایەکی سەرقاڵ و مەشغوڵ بو کە نەیتوانی کەمێک لە کاتی خۆی بۆ هەوکین تەرخان بکات. دوای چەند مانگێک لە زانکۆ، دەرکەوت کە نەخۆشە و وەزعی باش نییە و دوچاری نەخۆشی ئەی ئێل ئێس بوە.

پێکهێنانی خێزان و پێشکەوتن

هەر لەم دەورانەدا بو کە هەوکین کچێکی جوانی تەمەن هەژدە ساڵانی ناسی کە ناوی جەین وایڵد بو. دور نییە ئەم کیژە کاریگەری لەسەر هەوکین دروستکردبێت کە ژیان بە هیواوە ببینێت و مەبەستێکی جوانی تێدا بەدی کردبێت. هەوکین، سەرباری نەخۆشییەکەی، سوربو لەسەر ئەوەی ئامانجەکانی بهێنێتەدی. هەروەک خۆی دەڵێت، ”خەونم دەبینی و لە خەومدا لە سیدارە دەدرام، بەڵام لە پڕ بۆم دەرکەوت ئەگەر ئنسان نەمرێت، زۆر شت هەیە شایانی ئەوەیە ئەنجامی بدات.” دوای دو ساڵ، هەوکین و جەین هاوسەرگیرییان کرد، جەین بیست و پێنچ ساڵ هاوکاری هەوکین بو. بون بە خاوەن سێ منداڵ.

hawkings-8

 لێرەوە هەوکین ناوی بڵاوبوەوە. سەرەتا، کاتێک فرێد هۆیڵ لە کۆمەڵەی شاهانە موحازەرەیەکی لەمەڕ تیوری حاڵەتی رێک (نەگۆڕ) پێشکەشکرد ، هۆیڵ سوربو لەسەر ئەوەی کە گەردون بۆ هەتا هەتایی ناچێتە پرۆسەی کشانەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی رێک یان نەگۆڕ لە نێوان کشان و چونەیەکدا دەوەستێت. لە کۆتایی موحازەرەکەدا، کاتێک هەمو شت ئارام بوەوە، هەوکین، کە تازە لە زانکۆ دەرچوبو، هەستایە سەرپێ و گوتی، ”ئەو بڕەی تۆ باسی دەکەیت هەر دەڕوات.” بە قسەکەی هەوکین بێت، مشتومڕەکەی هۆیڵ هیچ نییە و بایەخیشی نییە، هۆیڵ، لە وەڵامدا گوتی،” بێگومانم کە بەردەوام نابێت و لە شوێنێکدا دەوەستێت.” هەوکین سوربو لەسەر قسەکەی خۆی، دیسانەوە وەڵامی دایەوە و گوتی،” هەر دەڕوات.” هۆیڵ پرسی،” چۆن دەزانیت؟” هەوکین لە وەلامدا گوتی،” چونکە ئەو پرسەم حلکردوە.” لە راستیدا هەوکین پرسەکەی حلکردبو.

چاڵی رەش و نایەقینی
گومانی تێدا نییە کە هەوکین لە هەمو کەس زیاتر ماتماتیکی خستەگەڕ بۆ کارکردنی گەردون و لە هەمو کەسیش زیاتر قودرەتی ماتماتیکی بەکارهێنا بۆ تێگەیشتن لە گەردون و حلکردنی لوغزەکانی. کاتێک لە سەرەتای هەفتاکانی سەدەی بیستەمدا بو، کە سەرقاڵی توێژینەوە بو لە چاڵە ڕەشەکان، هەوکین تێبینیکرد کە لێکچونێکی غەریب لە نێوان روداوی ئاسۆی چاڵی رەش و یاسای دوەمی سێرمۆداینەمیکدا هەیە. یاسای دوەمی سێرمۆداینەمیک، ئەو یاسا بەناوبانگەیە کە دەڵێت، سیستەمێکی دورەپەرێز یان جیاکراوە، هەمیشە مەیلی بەدەستهێنانی ئنترۆپی( بەرەو پشێوی زیاتر دەچێت) هەیە، خۆ ئەگەر فەرامۆشی بکەیت، ئەوا هەرگیز ناچێتە دۆخێکی نیزامییەوە. هەوکین گوتی ئەمە وەک خانویەک وایە، ئەگەر چیتر چاکی نەکەینەوە و فەرامۆشی بکەین، ئەوا وردە وردە زیاتر دەڕمێت و هەرەس دەهێنێت. بە هەمان شێوە، هەوکین دەرکی بەوە کرد کە روی چاڵە رەشێک دەتوانێت تەنها بە هەمان قەبارە بمێنێتەوە یان بئاوسێت – هەرگیز ناچێتەوە یەک یان بچوک نابێتەوە یان لەوە نیزامیتر نابێت.

hawkings-9

بۆ تێگەیشتن کە بۆچی ئەمە لەوانەیە روبدات، هەوکین هات و سەیری پرینسیپی نایەقینی هەیزنبێرگی کرد، ئەو تیورییەی لە ساڵی 1927 دا فۆرمولەکرابو. هەیزنبێرگ ئەوەی پیشاندا کە مومکین نییە ئنسان بتوانێت لە هەمان ساتەوەختدا لە تەوژم و مەوقیعی بابەتێک دڵنیابێت. ئەمەش چونکە رێگەی دیاریکردنی پرسیارەکە یان یەکیکیان بە تەنها یان هەردوکیان پێکەوە دەشێوێنێت. ئەگەر رۆژانە حساب بۆ ئەم شێواندنە بکەین، ئەوا بچکۆلەیە و گرنگ نییە. بەڵام کاتێک دەچێتە مەودا یان ئاستی تەنۆلکە ژێر ئەتۆمییەکانەوە، ئەوا دەبێتە شتێکی بنەڕەتی و دەبێت بە هۆی سەرهەڵدانی جۆرەها شتی غەریبی ‘کاریگەری کوانتەمی’، کە وەک ئەنجامێک تەنۆلکەکان بە ئاشکرا رێساکانی فیزیکی کلاسیکی فەرامۆش دەکەن و بە هەمو شوێنێکدا هەڵبەز و دابەز دەکەن، هەر بە راستی وەک ئەو کەروێشکانەیان لێ دێت کە لە کڵاوی کابرای سیحربازەوە لە هەمو شوێنێکەوە بازدەدەن. بەس چۆن چۆنی ئەمە رودەدات؟ ئەوە شتێکی زەحمەتە ئنسان بتوانێت تەفسیری بکات، بەڵام کاریگەرییەکانی کوانتەم ئەوەیان سەلماندوە کە راستن و بناخەی تەکنەلۆژی وەک لەیزەرن.

یەکێک لە لایەنە سەمەرەکانی پرینسیپی نایەقینی هەیزنبێرگ بریتییە لەوەی کە لەمەڕ فەزای بەتاڵ چی دەڵێت. لە راستیدا، دەڵێت کە شتێکی وەکو فەزای بەتاڵ بونی نییە، چونکە فەزای بەتاڵ دەبێتە حاڵەتی ورد، شتێکیش کە حاڵەتی ورد بێت بونی نییە. خوڵقاندنی ئەوەی کە ئیحتیماڵە فەزای بەتاڵ بێت، پێویستە چەند جوتێک تەنۆلکەی خەیاڵی لە هەردوک لای سفر جۆلانە بکەن کە فەزای بەتاڵە. ئەم جوتە تەنۆلکانە، تەنۆلکەی پۆزەتیڤی و دژە تەنۆلکەی نێگەتیڤین. کاتێک ڕوبەروی یەکتردەبنەوە، لەگەڵ یەکتردا دەجەنگن، بەڵام بە بەردەوامی دێنە دەرەوەی فەزا و دەچنەوە ناو فەزا.

هەوکین بۆی دەرکەوت کە ئەم هەڵبەز و دابەزینەی تەنۆلکە خەیاڵییەکان شانبەشانی ئاسۆی روداوی چاڵە رەشەکان دەڕۆن، ئەم ئاسۆی روداوانە کەناری فەزا پێکدەهێنن. تەنۆلکە نێگەتیڤەکان بەرەو چاڵی رەش راپێچ دەبن، هەرچی تەنۆلکەی پۆزەتیڤەکانە بە ئاراستەی دەرەوە فرێدەدرێن. تەنۆلکە نێگەتیڤەکان ناهێڵێن قەبارەی چاڵە رەشەکان بچوک ببنەوە. تەنۆلکە پۆزەتیڤە فڕێدراوەکان وەک گەرما پەخش دەبن. بەمجۆرە، چاڵە ڕەشەکان، ڕەش نین، بەڵام تیشکی گەرمی دەدەنەوە، ئەو تیشکەی بە تیشکی هەوکین ناسراوە.

هەوکین هەنگاوی لەوە زیاتری هەڵگرت و گوتی هەر وەک چۆن ئەستێرەیەک تیشکەکەی لەدەستدەدات و هێدی هێدی بچوک دەبێتەوە و ئاوادەبێت، ئاواش چاڵی رەش سەرەنجام دەبێت بە تیشکی پوخت – بە واتایەکی تر دەتەقێتەوە. ئایدیاکانی هەوکین، وەک پەیپەرێک بە ناوی ”تەقینەوەی چاڵە رەشەکان؟”،  لە گۆڤاری ”نەیچەر” دا بڵاوبونەوە، ئەم پەیپەرەی هەوکین لە لایەن کۆسمۆلۆژیستانەوە، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا وەک یەکێک لە کلاسیکەکانی کۆسمۆلۆژی ئیشارەی پێدەدرێت و بایەخی خۆی هەیە.

قوڵبونەوە لە چاڵە رەشەکاندا

هەوکین دەستیکرد بە خوێندنی کارەکانی ماتماکیناسی لاو لە زانکۆی ئۆکسفۆرد رۆجەر پێنرۆز لەمەڕ چاڵە رەشەکان. پێنرۆز لەوەبەر ئەوەی پیشاندا کە رێک لە ناوەراستی چاڵی رەشدا، لە نێو ئاسۆی روداودا، پێویستە نوقتەیەک بونی هەبێت کە سەرتاپای هەمو بارستایییەکە دەبێت بە هیچ – واتە خاڵێک کە بە تاکێتی ناودەبرێت. هەوکین ئەم ئایدیایەی ئاوەژوکردەوە بۆ ئەوەی بۆ بناوانی گەردون بگەڕێت، ئنجا پێشنیازی ئەوەی کرد کە بیگ بانگ لە ئەسڵدا چاڵی رەشە و بە ئاڕاستەی پێچەوانەوەوە (بە عەکسەوە)، لە بنەڕەتدا پێویست بوە بە تاکێتی دەستی پێ بکات، خاڵێکی بچکۆلەی بچکۆلە – ناکۆتا کە سەرتاپای پێکهاتەی گەردونی لەخۆگرتبێت.

گرنگی و نایابی ئایدیاکانی هەوکین لەوەدا بو کە زۆر زو لە لایەن کۆمەڵگە و ناوەندەکانی کۆسمۆلۆژییەوە ڕەچاوکرا و بە چاوی بایەخ و رێزەوە تەماشاکرا، بەمجۆرە شۆرەتی هەوکین لە کاتێکدا بڵاوبوەوە کە جەستەی رۆژ لە دوی رۆژ زیاتر بەرەو کەنەفتی دەچو. زمانی تەتەڵەی دەکرد و وشەکانی بەسەر یەکدا دەخلیسکان، هێدی هێدی توانای نوسینی نەما. ئارامی لەبەر هەڵگیرا، تەنها کەس کە حەوسەڵەی ئەم هەمو ئازار و ئەشکەنجەیەی هەبو، ژنەکەی، جەین، بو. جەین کەوتە چاپکردنی دەستوخەتە تێکەڵ و پێکەڵەکەی. لە ساڵی 1974 دا، ئەو ساڵەی وەک گەنجترین هاوڕێ بۆ کۆمەڵەی شاهانە هەڵبژێردرا، تەنها لە ئەرەبانەی کەمئەندامیدا توانستی جوڵەی هەبو، ئەمە جگە لەوەی دەنگیشی تەنها ورتە ورت و گوزارشتێک بو کە تەنها ئەندامادانی خێزانەکەی، هاوڕی نزیکەکانی و هاوکارانی لێی حاڵی دەبون.

لەگەڵ ئەوەشدا کە جەستەی بچکۆلە دەبوەوە و بەدەنی لاواز دەبو، کەچی ئەقڵی بەوجۆرە نەبو. لە ساڵی 1970 دا، گەورەترین و بەناوبانگترین ئکتشافی لە ژیانیدا ئەنجامدا، ئەوەی خستەڕو کە چاڵە رەشەکان نەک هەر دەکرێت کەشف بکرێن، بەڵکو لە سەرەنجامدا دەتەقنەوە. ئەمەی هەوکین گوتی ئەمەندە ئایدیایەکی رادیکاڵ بو کە سەرەتا، نەک هەمو کەس بۆی ئەزم نەدەکرا و قایل نەبو، بەڵکو هەندێک لە هاوڕێیانی کۆسمۆلۆژیشی تەحەدایان دەکرد.

کورتە مێژویەکی زەمەن

لە سەرەتای 1980 کاندا، هەوکین دەستیکرد بە خۆئامادەکردن بۆ نوسینی کتێبێک لەمەڕ زانستی میللی سەبارە بە کۆسمۆلۆژی، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوەی سەرچاوەیەکی دارایی پەیدابکات بۆ مەسرەفی خوێندنی منداڵەکانی. لە ساڵی 1985 دا، پەڕتوکەکەی تەواوکرد، ئنجا چو بۆ جەنەڤا (سویسرا) بۆ ئەوەی سەردانی ناوەندی گەورەی (سێرن) بکات، ژنەکەی لەم کاتەدا چوبو بۆ پشویەکی زۆر گرنگ، چاودێرەکەی هەوکین و توێژەرێکی یاریدەدەری بەجێهێشت کە ئاگایان لە هەوکین بێت. دوای چەند رۆژێک هەوکین زۆر بە هیلاک چوبو، هەناسەی بە زەحمەت بۆ دەدرا، بە پەلە گەیاندیانە خەستەخانە. دەرکەوت کە خوێنی سییەکانی چوەتە بۆری هەناسەیەوە و توانای هەناسەدانی بە باشی نەبو، تەنها رێگا بۆ رزگارکردنی بریتی بو لەوەی کە تراچیۆتۆمی بدرێتێ، کە ئەمەش بواری هەناسەدانی بۆ ئاسان دەکات، بەڵام جارێکی تر بە هیچ جۆرێک ناتوانێت قسەبکات. جەین بە پەلە گەڕایەوە بۆ ئەوەی ئاگاداری بێت.

hawkings-11

دوایی بە خێزانەوە گەڕانەوە بۆ کامبریچ، هەوکین تەنها بە تروکاندنی چاوانی توانای ئاخاوتنی هەبو. کە هەواڵی وەزعی خراپی بڵاوبوەوە، پسپۆرێ کۆمپیوتەر، وال وۆڵتۆسز، لە کالیفۆرنیا، بریاریدا یارمەتی هەوکین بدات. کۆمپیوتەرێکی دروستکرد کە تەنها بە هۆی جوڵەی یەک پەنجەیەوە توانای تەرجەمەکردنی دەنگی هەوکینی هەبو. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە پرۆڤە و راهێنانێکی زۆر درێژ هەبو، سەرەنجام هەوکین لەگەڵ ئەم ماشێنە زیرەکەدا بوە هاوڕێ و لە ئاخاتندا لەگەڵ دونیای دەوروبەر بوە پسپۆر، هەرچەندە هێچ شتێک جێگەی ئەندامەکانی جەستەی خۆت ناگرێتەوە، بەڵام پێویستە ئەوە بڵێین کە هەوکین لە رۆژگارێکدا لەدایکبو کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژی لە سیحر نزیک بوەتەوە. ئەمڕۆ هەوکین دەنگێکی هەیە کە زۆربەی ئاشنایەتییان لەگەڵدا هەیە حاڵی دەبن.

کتێبەکەی هەوکین، کورتە مێژویەکی زەمەن، لە رۆژی درۆی نیسانی 1987 دا، بڵاوبوەوە. هەتا بڵێی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، بو بە پڕ فرۆشترین کتێبی زانستی لە مێژودا، سەباری ئەوەی بابەتێکی زۆر ئاڵۆزیش تاووتوێ دەکات. کەس نازانێت بۆچی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی مسۆگەرکرد، دور نییە خەڵکانێک تەسەورییان کردبێت و هەستیان بەوە کردبێت کە ئەم کابرا غەریب و بلیمەتە لەوانەیە هەندێک لە دوا پەنهانییەکان و هەقیقەتەکانی گەردون واڵابکات. لە دوا بەشی کتێبەکەدا، هەوکین باس لە سروشتی خودا دەکات.

ساڵانی دوایی

هەوکین بو بە ئەستێرەکی گەورە و ناسراوی دونیا. بەردەوامبو لە بیرکردنەوە لەمەڕ تیورییەکانی خۆی کە دەڵێت سەرتاپای یاساکانی فیزیک پێکەوە لە تەنها یەک هاوکێشەی سادەدا گەڵاڵە دەکات. جگە لەمانە لەگەڵ چاودێرەکەیدا، ئیلەین، کەوتە سەفەرکردن بە دونیادا و چاوپێکەوتنی بێشوماری رادیویی و تەلەفزیونی بە جۆرێک ئەنجامدەدا کە بو بە مەخلوقێکی ئیلاهی زانستی ئەم سەردەمە.  فلیمێکیان لەسەر دەکرد بە ناوی ماستەری گەردون. هێدی هێدی داستان دروسبو کە چیتر لەگەڵ جەین یەکتریان خۆش ناوێت، خەبەر بە جۆرێک بو وەک دەڵێن، هەوکین دڵی بۆ چاودێرەکەی لێدەدات و گیرۆدەی ئەوینی ئەو بوە، هەتا لە ساڵی 1990 دا، دەروازی خۆشەویستیە نهێنییەکان شکان و کۆنەکان بە ئارامی کڵۆمکران، هەوکین و جەین جیابونەوە و هەوکین بە یەکجاری چو لەگەڵ ئیلەین، چاودێرەکەیدا بژی.

بە درێژایی ساڵانی  1990کان، هەوکین لە کارکردن لەسەر ”تیوری هەمو شتێک” بەردەوامبو، هەندێک وەها بیریان دەکردەوە کە گەورەترین داهێنانی ئەم پیاوە لە رابردودا ئەنجامدراوە. بەڵام وەک بلیمەتێکی کتوپڕ، لە تەموزی 2004 دا، لە کۆنفراسێکدا سەرسوڕهێنترین شتی راگەیاند.

هەوکین، دەیان ساڵ بو، لەگەڵ زانایانی تر مشتومڕی ئەوەی بو کە ”پارادۆکسی زانیاری”، کە زادەی بیرکردنەوە و دیدی کوانتەمی خۆی بو لە بەرانبەر چاڵە رەشەکان، ئەمەش بۆ خۆی پرسێک بو کە دەڵێت ئایا دەکرێت داتا لە چاڵە رەشەکانەوە ساخ بکرێتەوە یان نەء. هەوکین، باوەڕی وابو کە ئەمە مەحاڵە و خۆشی گرەوی لەگەڵ کیپ سۆرپ، کە لە زانکۆی کالتێک بو، کردبو کە لای وی بەڵی داتا ساخ دەکرێتەوە.

لە راستیدا، ئەو خەڵکەی لەم کۆنفرانسەدا بون تێکڕا حەپەسان کاتێک هەوکین گوتی ئەم پرسەی حلکردوە و شتەک
ەی یەکلایی کردوەتەوە – گرەوەکەشی دۆڕاندوە.

پێدەچێت بەرز و نزمی کوانتەم، هەروەک تیشکی هەوکینەکەی خۆی، بهێڵێت کە داتا بۆ دەرەوە دزەبکات. بە واتایەکی تر، دەتوانین ئەوە کەشف بکەین کە چی لە ناوەوەی چاڵی رەشدا دەگوزەرێت.

سەرچاوەی سەرەکی

Farndon, John. The Great Scientists: From Euclid to Stephen Hawking. Arcturus Publishing. Kindle Edition (2005)

پەراوێز

[1]  کارل شوارتزچایەڵد (1873 – 1916) : فیزیکناسی ئەڵمانی، بەوە ناسراوە کە یەکەم کەس بو لە ساڵی 1915 دا، واتە هەر هەمان ساڵ کە ئاینشتاین نسبیەتی گشتی بڵاوکردەوە، هاوکێشە گشتییەکانی تاووتوێکرد و باشترین حلی بۆ هاوکێشەکانی کایەی هێزی کێشکردن دۆزییەوە. بە گەڵیک چەمکی نوێ بەناوبانگە، وەکو پۆوتانی شوارتزچایڵد، نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد.

حلەکەی شوارتزچایەڵد زۆر سەرنجڕاکێشە، باس لە نیوەتیرەیەک دەکات، کە ئێستا بە نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد ناسراوە. نیوەتیرەکە پەیوەستە بە بارستایی ئەستێرەوە، ئەگەر بارستایی ئەستێرەیەک ئەوەندە بچوک بێتەوە یان بچێتەوەیەک هەتا دەگاتە ئەو نیوەتیرەیەی بە نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد ناسراوە، ئەوا هیچ هێزێک، یان فشارێک ناتوانێت ئەم ئەستێرەیە بوەستێنێت لە بەردەوامبون بەرەو هەرەسهێنان و گۆڕان بۆ تاکێتی کێشکردن یان چاڵە رەش. بەمجۆرە کاتێک نیوەتیرەی ئەستێرەکە یان تەنەکە کەمتر بو لە نیوەتیرەی شوارتزچایەڵد، ئەوا هیچ شتێک، تەنانەت فۆتۆنەکانی روناکیش ناتوانن لێی قوتاربن و حەتمەن لە لایەن چەقی تەنەکەوە قوتدەدرێن . وەک دەرەنجامێک، کاتێک چڕی بارستایی ئەم چەقی تەنە گەورەتر دەبێت لە حەدێک، ئەوا دەگاتە پلەی هەرەسهێنانی کێشکردن و ئەمەش بە چاڵە رەشی شوارزچایەڵد ناسراوە. هەتا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم ئەم دیاردەیە شتێک نەبو کەس باوەڕی پێ بێت و کەسیش قەناعەتی پێ نەبو، تەنانەت شوارتزچایەڵد خۆشی باوەری بە واقیعی فیزیکی چاڵە ڕەش نەبو، وای دەزانی کە حلە تیورییەکەی لە فیزیکییەوە شتێکی هیچە و هیچ مانایەکیش نابەخشێت.

 [1]   ئاسۆی روداو: لە تیوری نسبیدا، ئاسۆی روداو بریتییە لەو کەنارانەی لە فەزا – زەمەندا، کە لەودیوەوە چیتر روداوەکان کارناکەنە سەر چاودێری دەرەکی. بە زمانی سادە، بریتییە لە ”خاڵی نەگەڕانەوە”، واتە ئەو خاڵەی کە تێیدا هێزی کێشکردن بە جۆرێک گەورە دەبێت کە هیچ شتێک، تەنانەت روناکیش، چیتر ناتوانێت دەربازبێت و بۆی دەربچێت. ئاسۆی روداو، بە شێوەیەکی گشتی و بە زۆری لەگەڵ چاڵە رەشدا بەکاردهێنرێت. ئەو روناکییەی لە ناوەوەی ئاسۆی روداودا پەخشدەبێت هەرگیز ناگاتە چاودێری دەرەکی. بە هەمان شێوە، هەر تەنێک لای چاودێرەوە بێت و لە ئاسۆکە نزیک ببێتەوە، لە دیدی چاودێرەکەوە وەها دێتە بەرچاو کە خاودەبێتەوە و هەرگیز بە لای ئاسۆکەدا گوزەرناکات. لەگەڵ رەوتی زەمەندا سیماکەی زیاتر و زیاتر لادانی سوری redshifted  تێدا بەدەردەکەوێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە درێژی شەپۆلەکانی درێژدەبێت، واتە لە چاودێرەکە دوردەکەوێتەوە.

    [1]  فرێد هۆیڵ (1915 – 2001) لە دەورانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا و لە وڵاتی ئنگلتەرە لەدایکبوە. هەرچەندە زۆر خۆی لە مەکتەب و خوێندن دەدزییەوە، لەگەڵ مامۆستاکاندا دەنگە دەنگی زۆر دەکرد و ئیمانی بە پەروەردەی تەقلیدی نەبو، بەڵام  دەرەوەی قوتابخانە خولیای خۆ رۆشنبیرکردنی هەبو، بە بەردەوامی دەگەڕا لە دوی سەرچآوەی خوێندنی ئەسترۆنۆمی و کیمیا.

دوای ئەوەی چەندین چار چوە تاقیکردنەوەوە بۆ ئەوەی مەنحە دەستەبەربکات، هەمو جارێک فەشەلی هێناوە. بەڵام دواجار بەخت یاری بو، لە ساڵی 1933 دا چوە زانکۆی کامبریچ بۆ خوێندنی زانست. هەمیشە لە ماتماتیکدا لاواز بو، بەڵام چونکە سوربوە لەسەر فێربونی و گرنگی ماتماتیکی زانیوە، توانیویەتی خەلاتی باشترین دە قوتابی لە ماتماتیکی تەتبیقیدا بەدەست بهێنێت.

کاتێک جەنگی دوەمی جیهانی هەڵگیرسا رەتیکردەوە بچێتە بواری توێژینەوەی چەکدارییەوە. بەلام دوایی دەستیکرد بە کارکردن لەسەر رادار، لێرە دو هاوڕێی فەلەکناسی ناسی، کە بریتی بون لە هەر یەک لە هێرمان بۆندی و تۆماس گۆڵد. ئەم سێ زانا گەورەیە پێکەوە تیورییەکی یان بڵێین مۆدڵێکی نوێیان لە دژی تیوری تازە لەدایکبوی کشانی گەردون گەڵاڵە کرد. رابەری یەکەمی ئەم مۆدڵە هۆیڵ خۆی بو، هۆیڵ بە جۆرێک دژایەتی مۆدڵی کشانی گەردونی کرد کە لە گفتوگۆیەکی رادیۆیی لەگەڵ بی.بی.سی دا، بە گاڵتەجاڕییەکەوە گوتی،” ئەم  ئایدیای بیگ بانگە لای من شتێکی قایلکەر نییە، تەنانەت توێژینەوەی فراوانیش ئەوە دەردەخات کە ئەمە گرفتی جدی هەیە.” ئیتر وشەی بیگ بانگ بوە ناوێکی ستاندارد بۆ تیوری بیگ بانگ.

هۆیڵ لە هەمبەر ئەم تیورییەدا مۆدڵەکەی خۆی و هەردو هاوڕێکەی خستە ناوەندەکانەوە  بە ناوی مۆدڵی ”حاڵەتی نەگۆڕی گەردون”. کە لای ئەوان راستە گالاکسییەکان لە یەکتر دوردەکەونەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا گالاکسی تر و ئەستێرەی تر هەمیشە لە پرۆسەی لەدایکبوندایە، بۆیە گەردون سەقامگیرە و لە حاڵەتی نەگۆڕدایە و هەتا ئەبەدییەتیش بە جۆرە دەمێنێتەوە.

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s