کۆپەرنیکۆس: سیستەمی چەقە – خۆری

کۆپەرنیکۆس (1473 – 1543)  پیاوێکی موحافیزی کڵێسە و شۆڕشگێڕێکی شەرمن بو، تەنها یەک کتێبی نوسی، ئەویش بۆمبێکی خەوتو بێت، پێویست بو ئەو بۆمبە رۆژێک بتەقێت. کێپلەر و گالیلۆ ئەو دو پاڵەوانە بون ئەو شۆڕشە شەرمنەیان تەواوکرد.

” ئەهمەقێک هاتووە و دەیەوێت و ئاسمان رێسمانمان بۆ ئاوەژوو بکات، دەڵێن گوایە فەلەکناسە و ناوی کۆپەرنیکۆسە، دەڵێت کە عەرد بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە”.مارتن لۆتەر. رابەری بزوتنەوەی پرۆتێستانتەکان.copernicus

لە زەمانی شارستانییە کۆنەکاندا، مۆدڵەکانی گەردون هەموو عەردیان بە چەقی گەردون دادەنا. لای ئەوان هەموو شتێکی تر بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە. وێنایان بۆ گەردون بە جۆرێک بوو کە هەموو تەنە ئاسمانییەکان بە گۆ کریستاڵییەکانەوە داکوتراون و بە دەوری عەردا دەسوڕێنەوە و ئەستێرەکانیش پێیانەوە لکاون، یاخود لە دەلاقەی بچکۆلەوە بەرچاودەکەون. ئەمانە شەوانە بە قوتبەکانی باکور و باشوردا دەسوڕێنەوە. پێگەی مرۆ وەک کلیلی وەگەڕخستنی گەردون شتێک بوو کە مایەی جەختکردن بوو.

هێدی هێدی دەرکەوت کە ئەم مۆدڵە ڕاست نییە، ئەمەش، بۆ خۆی وەک مەتەڵێک، نەوە لە دوی نەوە بوو بە هۆی بیرکردنەوە و سەرسامی فەیلەسوفانی سروشت. بیرۆکەی سوڕانەوەی تەنە ئاسمانییەکان بە دەوری خۆردا – نەک بە دەوری زەویدا – واتە مۆدڵی چەقە – خۆری لە لایەن فەیلەسوفی یۆنانی ئەریستاکەسی سامۆسی لە دەوروبەری ٢٧٠ پێشزایین پێشکەشکراوە. ئەریستاکەس، دوای ئەوەی قەبارەی نسبی زەوی و خۆری حسابکرد، بۆی دەرکەوت کە خۆر زۆر لە زەوی گەورەترە. هەر بۆیەش شتێکی ماقوڵتر و شیاوترە کە عەردی بچکۆلە بە دەوری خۆردا بسوڕێتەوە نەک خۆری زەبەلاح بە دەوری عەرددا بسوڕێتەوە.

لە سەدەی دوی پێشزاییندا، پەتلیمۆس ماتماتیکی خستەگەڕ بۆ پێشبینیکردنی جوڵەی ئەستێرە و هەسارەکان. بە شێوەیەکی زۆر ماقوڵانە ئەمەی ئەنجامدا، بەلام کاتێک وردبوەوە، بۆی دەرکەوت کە ئەو کڵێشە بەرچاوەی لە ئاسماندا دەبینرێت ملکەچی هاوکێشە ماتماتیکییەکانی نین و هەمئاهەنگی لەخۆناگرن. دیارترین دیاردە کە بوو بە مایەی حەپەسان و تێڕامان بریتی بوو لە ڕەوشی پاشگەزە _ جوڵەی هەسارەکان، واتە هەسارەکان کاتێک لە جوڵەدان، ئاڕاستەی جوڵەکەیان پێچەوانە دەکەنەوە و وەکو بەرەو دواوە بگەڕێنەوە وایە، ئەم دیاردەیە بە پاشگەزە جوڵە ناسراوە retrograde motion .  پەتلیمۆس، چونکە وەک فەلەکناسانی پێش خۆی بیری دەکردەوە، کە بریتی بوو لەوەی ئەم هەسارانە لە سوڕانەوەدا، بازنەیەکی زۆر گەورە دروست دەکەن، هات تەفسیرێکی بۆ ئەم دیاردەیە خستەڕوو، مۆدڵەکەی دەستکاری کرد و کەمێک گۆڕانی تێدا ئەنجامدا. پەتلیمۆس بازنەی تری خستە سەر بازنەی سوڕانەوەی هەسارەکان، گوتی کاتێک هەسارەیەک بە دەوری عەردا دەسوڕێتەوە، هەسارەکە لە ڕەوتەکەیدا هەمیشە لەسەر چێوەی بازنەکە دەبێت، ئەم بازنەیەی ناونا بازنە گەورە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەسارەکە بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە و بازنەیەکی تر پێکدەهێنێت و ناوینا بازنە بچکۆلە. بەمجۆرە هەسارەکان لە کاتی سوڕانەوەیاندا بە دەوری عەرددا دوو بازنە دروست دەکەن، بازنە گەورە و بازنە بچکۆلە. لای پەتلیمۆس بازنە بچکۆلە هۆکاری دیاردەی پاشگەزە جوڵەیە، هەروەک لە وێنەکەدا دیارە.

سەرەتا چەمکی بازنە بچکۆلە ئەزم نەکرا، بەڵام لە ساڵانی دواییدا پەرەی پێدرا، چونکە ئەو بیرۆکەیەی کە سروشت مەیلی جیۆمەتری و کەماڵی جیۆمەترییانەی هەیە سەرنجی فەیلەسوفانی ڕاکێشا. دوایی، لەگەڵ ئەمانەشدا، کە فەلەکناسان جوڵەی هەسارەکانیان بە وردی پێوانەکرد، وردە وردە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەرکەوت ئەم پێوانەکارییانە لەگەڵ لێکدانەوە ماتماتیکییەکاندا هەماهەنگ نین و تەفسیرکردنیان فەشەل دێنێت. کە داتاکانی ڕامان نایابتر بوون، جیاوازی لە نێوان سیستەمی پەتلیمۆسی و ئەم رامانانەدا گەورەتربون.ptolomy3

مۆدڵەکەی پەتلیمۆس بۆ چەندەها ساڵ مایەی مشتومڕ بوو، بەڵام بە شێوەیەکی جدی و ڕژد وەرنەگیرا. تێڕوانینی چەقە – زەوی دیاردەیەک بوو کە مرۆ وەک دەرهاویشتەیەکی غەریزەیی تەبەننای کردوە. بەمجۆرە لە سەدەی شازدەوە، ئیتر دەرەنجامەکانی سیستەمی چەقە – خۆری بە تەواوی پەرەیان سەند. کۆپەرنیکۆس لە کتێبەکەیدا سوڕانەوەی گۆ ئاسمانییەکان، کە لە ساڵی 1543 دا بڵاوی کردەوە، مۆدڵی چەقە – خۆری بە وردی و ماتماتیکییانە خستەڕوو، کۆپەرنیکۆس دیاردەی پاشگەزە – جوڵەی گەڕاندەوە بۆ هۆکاری ئەوەی کە ئەم هەسارانە بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە و ئێمەش لە عەردێکەوە تێبینیان دەکەین کە خۆشی، واتە عەرد، بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە.

مۆدڵەکەی کۆپەرنیکۆس، کاتێک تەحەدای ئەو گەردونە زاڵەی کرد کە سەدەها ساڵە لە مێشکی مرۆڤدا وێنە کراوە، دەرەنجامەکانی شۆڕشگێڕانە بوون. کڵێسە و کۆمەڵگە خۆشییان بە سیستەمی چەقە – عەردی پەتلیمۆسی هەبوو. کۆپەرنیکۆس شتەکەی زۆر بە هەستیار وەرگرت، هەتا توانی چاپکردنی کتێبەکەی دواخست، بە جۆرێک گەیشتە ئەو ڕۆژەی کە لەسەر پێخەفی مەرگ بوو. میراتییە پڕ مشتومڕەکەی سەرەتا بە جدی وەرنەگیرا و بە شێنەیی وەلاخرا.

گالیلۆ، فەلەکناسی گەورەی ئیتالی، کە دوایی تۆمەتبارکرا، زۆر چالاکانە، وەک پاڵەوانی سیستەمی چەقە – خۆری، تەحەدای کڵێسەی ڕۆمانی کرد. بۆ پیشاندانی ئەم جورئەتەی خۆی، گالیلۆ پشتی بە ڕامانەکانی خۆی بەست کە بە تەلەسکۆپە نوێکەی ئەنجامی دابوون. گالیلۆ، چونکە زۆر بە دیقەتر لە فەلەکناسانی پێش خۆی لە ئاسمان وردبوەوە، توانی گەلێک بەڵگەی تۆکمە بەدەست بهێنێت لەمەڕ ئەوەی کە زەوی چەقی گەردون نییە. بۆ نمونە، هەسارەی مشتەری، چوار مانگی هەیە و بە دەورییدا دەسوڕێنەوە، ڤینۆس وەک مانگی لەمەڕ خۆمان هیلالی (فەیسی) هەیە. گالیلۆ دەرەنجامی دۆزینەوەکانی خۆی کۆکردەوە و لە ساڵی 1610 دا لە دوتوێی کتێبی ”پەیامبەری ئەستێرەیی”دا بە چاپ گەیاند.

گالیلۆ، چونکە خۆی باوەڕی بە دیدی چەقە – خۆری هەبوو، لە نامەیەکەدا، کە بۆ خانم کریستینا، دایکی پادشای تۆسکانی نوسی، بەرگری لە مشتومرەکەی خۆی دەکات، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا هۆکاری ئەوەیە کە خۆر وەها دێتە بەرچاو کە بە ئاسماندا دەسوڕێتەوە. هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کە گالیلۆ، خۆی بانگ بکەن بۆ ڕۆما بۆ ئەوەی ڕونکردنەوە لەمەڕ ئەم مەسەلەیە پێشکەش بکات. ڤاتیکان قایل بوو بەوەی کە ڕامانەکانی گالیلۆ ڕاستن، چونکە فەلەکناسە عیساییەکان هەمان دۆزینەوەکانی گالیلۆیان پشڕاست کردەوە و ئەوانیش لە جاوی تەلەسکۆپەوە لە ئاسمانیان ڕوانی و سەلماندیان کە دۆزینەوە فەلەکییەکانی گالیلۆ راستین و ئنکارییان لیناکرێت. بەلام کڵێسە تیورییەکەی گالیلۆی ڕەتکردەوە و ئامادەنەبوو بیروڕاکانی لە ئامێز بگرێت و قبوڵی بکات. کڵێسە ئەوەی خستەڕوو کە ئەمانەی گالیلۆ باسیان دەکات جگە لە فەرزییە هیچی تر نین و ناکرێت بە جدی سەیربکرێن. لە ساڵی 1616 دا کڵێسە گالیلۆیان خستە ژێر چاودێرییەوە و نابێت بە هیچ جۆرێک دەرسەکانی چەقە – خۆری بڵێتەوە، یاخود تەبەننای بکات یان بەرگری لێ بکات.retrogade-motion

کێپلەر، کە فەلەکناسێکی بلیمەتی ئەلمانی بوو و ئەویش کاری لەمەڕ ماتماتیکی هەسارەکانی ئاسمان دەکرد، بیروباوەڕی شیکارییانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوتی سوڕانەوەی هەسارەی مارس خستە بۆتەی کتێبەکەوە و لە ساڵی 1609 دا، لە هەمان ساڵدا کە گالیلۆ تەلەسکۆپەی ڕوکردە ئاسمان، بە ناوی ئەسترۆنۆمی نوێ بڵاوکردەوە. کێپلەر گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هەسارەکان بە فۆرمێکی هێلکەیی، نەک بازنەیی بە دەوری خۆردا دەسوڕینەوە. کێپلەر دوای قوتارکردنی بیرکردنەوەی خۆی لە چەمکی بازنەی کەماڵ، کە تەمەنێکی هەزار ساڵنەی هەبوو، بازدانێکی گەورەی بە مۆدڵی کۆپەرنیکۆسی دا توانی پێشبینی جوڵەی هەسارەکان زۆر نایابتر بکات. هەرچەندە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بە یاسایەکی بنەڕەتی فیزیک دادەنرێت، بەلام ڕوئیای کێپلەر لەو سەردەنەدا شتێکی پێشکەوتوو بوو و زەمەنێکی زۆری خایان هەتا ببێتە مایەی قبوڵکردنی زانایان، تەنانەت لای گالیلۆ هێشتا بە جوڵەی بازنەیی ڕازیبوو، نەک شێوە هێلکەییەکی کێپلەر.

هەرچەندە ویستیان بیرکردنەوەی ئازادانەی گالیلۆ کۆت بکەن، بەڵام ئەو تەواو دڵنیابوو کە سیستەمی کۆپەرنیکۆسی ڕاستە. سەرەنجام پاپا ئوربانی هەشتەم، کە هاوڕێی دێرینی خۆی بو، داوای لێکرد کە لەمەڕ هەردوو سیستەمەکە بنوسێت و میتۆدێکی هەماهەنگ تەبەننا بکات، بەلام کاتێک کتێبەکەی، دیالۆگ لەمەڕ دو سیستەمەکەی دونیا، نوسی، بوو بە هۆی نیگەرانی ئۆفیسی توێژینەوە لە کڵێسە، چونکە لە پەڕتوکەکەیدا، بە ئاشکرا مەیلی گالیلۆ بەدی دەکرێت کە چۆن شکاندویەتی بە لای سیستەمی چەقە – خۆری. کتێبەکەی گالیلۆ تەرزێکی مشتومڕ لەخۆدەگرێت، بە درێژایی چوار ڕۆژ لە نێوان سێ کەسدا دێتەگۆڕێ. کارەکتەری یەکەم سالڤیاتی بوو، کە کۆنە هاوڕێیەکی گالیلۆ خۆیەتی و بەرگری لە مۆدڵی چەقە – خۆری دەکات، دووەم کەسایەتیش بریتییە لە ساگرێدۆ، کە ئەمیش هەر هاوڕێیەکی کۆنی گالیلۆیە و هەڵویستێکی میانڕەوانەی هەیە و پرسە ئەسترۆنۆمییەکان دەوروژێنێت بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەمەڕ بکەن، بەڵام زاتی سێیەم، سیمپلیچۆیە، کە کە کارەکتەرێکی ساویلکەیە و ئیشارەیە بۆ فەیلەسوفێکی کۆنی یۆنانی و هەڵویستی بریتییە لە بەرگریکردن لە کۆسمۆلۆژیای ئەرستۆیی و سیستەمی چەقە – عەردی پەتلیمۆسی. ئەم کەسایەتییە ئەوەندە سادە و ساویلکانە بیردەکاتەوە و وەلامی پرسەکان دەداتەوە، کە بە ڕاستی دەتوانین بڵێین جگە لە گەمژەیەک هیچی ترنییە. ئەم کتێبە لە ساڵی 1632 دا بڵاوکرایەوە، هەرچەندە زۆری لێ فرۆشرا، بەڵام پاپا یەکسەر بڕیاری دەرکرد کە کتێبەکە لە بازردا کۆبکرێتەوە و فرۆشتنی قەدەغەبکرێت. دوا بە دوای ئەمەش گالیلۆ بانگکرا بۆ ئەوەی بچێت بۆ ڕۆما و بچێتە بەردەم ئۆفیسی توێژینەوە. بەمجۆرە گالیلۆ دادگاییکرا و دیسانەوە تۆمەتیان خستەپاڵ چونکە سنوری خۆی بەزاندووە و کفری بە کتێبی پیرۆز کردووە. گالیلۆ حوکمی دەستبەسەری هەتا هەتایی بەسەردا درا و بۆی نەبوو جگە لە چەند کەسێک کەسی تر سەردانی بکات. گالیلۆ لە ساڵی 1638 نابینا بوو، تەندروستی تەواو خراپ بوو، هەتا لە ساڵی 1642 دا بە یەکجاری ماڵئاوایی تەواوی لەم دنیایە کرد. لە ساڵی 1992 دا، کڵێسەی ڤاتیکان بە فەرمی پۆزشنامەی بڵاوکردەوە.copernicus2

هێدی هێدی، ساڵ لە دوی ساڵ، بەڵگەکان لەمەڕ سیستەمی چەقە –خۆری زیاتر بوون و پێگەی مۆدڵی جەقە – عەردی لەق کرد و هەتا جێگای گرتەوە. میکانیک و جیۆمەترییانەی کێپلەر سەبارەت بە ڕەوتی هەسارەکان بوون بە بناغەی کارەکانی نیوتن، بە تایبەت تیوری هێزی ڕاکێشان، پاشان دوای ئەوەی گەلێک هەسارەی تر دۆزرانەوە کە بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، بەڵکەکان سەلماندیان کە عەرشی مرۆڤ لە گەردوندا چیتر پیرۆز نییە.

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s