بەرنامەی Simple Grapher یەکەمین بەرنامەی زانستی کوردی

بڕوا حوسێن

بواری پرۆگرامسازی لە جیهاندا ئێستە بوارێکی زۆر گرنگە، و گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت لەلایەن حکومەتەکان و خەڵکیشەوە، تەنانەت لە وڵاتی ئوسترالیا لە یەکێک لە قۆناغەکانی خوێندن بابەتی جوگرافیا لادراوە و لەجیاتی ئەوە قوتابیان هەر لەسەرەتاییەوە بابەتی پرۆگرامسازی فێردەکرێن، هۆکاری ئەم گرنگیەشی زۆر ڕوونە، سەردەمی ئێستە سەردەمی تەکنەلۆژیایە، و بێگومان هیچ تەکنەلۆژیایەکی ئەم سەردەمەش بێ پرۆگرامسازی ناڕوات بەڕێوە، جگە لەمەش ئێستە وای لێهاتووە کە کەسی ڕۆشنبیر ئەبێت بەلای کەمەوە شتێک لە پرۆگرامسازی بزانێت، ستیڤ جۆبس دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەپڵ لە وتەیەکی بەناوبانگیدا دەڵێت “پێویستە هەمووان فێرببن چۆن کۆد بنووسن، چونکە کۆدنووسین فێری بیرکردنەوەت دەکات”، بەڵێ بەڕاستی بەو شێوەیەیە، تەنانەت ئەو کەسانەی کە پرۆگرامسازیدا زیرەکن بەهەمان شێوەش لە بیرکاریشدا زیرەکن، و بە پێچەوانەشەوە، نموونەش بۆ ئەمە ستیڤ جۆبس خۆیەتی.

 بەداخەوە لە وڵاتی ئێمەدا ئەم بوارە بەپێی پێویستی خۆی گرنگی پێنادرێت، تەنها ئەوەی هەیە تاک و تەرا چەند پرۆگرامسازێک دەبینیت کە بە هەوڵی خۆی فێربووە و برەوی بە بەهرەی خۆی داوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی پرۆگرامە کوردییەکان تەنها لەچەند بوارێکی زۆر تەسکدا قەتیسیان خواردووە بە شێوەیەک کە دەتوانین بەمانە بڵێیت پرۆگرامی ڕاستەقینە نین، بەڵکو تەنها کۆدێکی کۆپیکراوە پاشان دەستکاری کراوە، ئەوبوارانەش زیاتر بواری فەرهەنگ و کیبۆری کوردی (بۆ مۆبایلەژیرەکان) و ئەو پرۆگرامانەی کە لە شێوەی کتێبن و چەند بابەتێکی لەخۆ گرتووە، لەڕاستیشدا ئەو پرۆگرامانە وات لێناکەن بیربکەیتەوە، بەڵکو هیچ بیرکردنەوەیەک لە ئارادا نیە.

لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە چەند بەرنامەیەکی ناوازەمان هەیە کە تەنانەت لەبواری خۆیاندا شان لە شانی بەرنامە جیهانییەکانیش دەدەن(بێ زیادەڕۆیی)، یەکێکیش لەو بەرنامانە بەرنامەی Simple Grapherە، ئەم بەرنامەیەکی زانستییە، وردتر بڵێین بەرنامەیەکی بیرکارییە، ئەم بەرنامەیە توانای کێشانی وێنەی ڕوونکردنەوەیی ئەو نەخشانەی هەیە کە بەکارهێنەر داخڵیان دەکات، واتە بەرنامەیەکی [1]grapherە، بەرنامەکە بەتەنها بۆ سیستەمی وەگەڕخەری ویندۆز هەیە، و بۆ هەموو ویندۆزەکان دەگونجێت، ئەم پرۆگرامە لەلایەن خوێندکارێک دروست کراوە بەناوی بڕوا حسێن، کە هەرهەموو کارەکانی (دیزاین و پرۆگرامسازی و بڵاوکردنەوەی) لەلایەن خۆیەوە بە تەنها ئەنجام دراوە، پرۆگرامەکە توانایەکی بەرزی هەیە و چەندین تایبەتمەندی ناوازەشی هەیە، لەوانە کێشانی نەخشەی دوو دووری و سێ دووری، و کێشانی خاڵ و دیاریکردنی سیفەتەکانی نەخشە (واتە ماوەی ڕوولەزیادبوون و ڕوولەکەم بوون و ماوەی قۆقز و وقۆپاو و خاڵەکانی وەرگەڕان و شلۆق) و کێشانی داتاشراوەی نەخشەکان، لەگەڵ ئەمەشدا دەتوانێت داتاشراوەی نەخشەکان بدۆزێتەوە، بەرنامەکەش گرنگیەکی زۆری داو بە لایەنی ڕووکار، واتە شێوازی دەرکەوتنی نەخشە، کە باسی لێوە دەکەین.

ئەمەش ڕووکاری سەرەکی بەرنامەکەیە:

5
ڕووکاری سەرەکی بەرنامەکە لەگەڵ دوو نەخشە

 

  • دەربارەی پرۆگرامسازی بەرنامەکە

ئەم پرۆگرامە بە زمانی Visual Basic 6 نوسراوە، تێکڕای بەرنامەکە هەر بەو زمانەیە، و لە ڕاستییدا ئەم زمانە تاڕادەیەک زمانێکی “کۆنە”، و وەشانی داهاتووی بریتیبو لە Visual Basic .NET، و هۆکاری ئەوەی کە پەرەی پێنەدرا بۆ زمانە نوێیەکە ئەوەیە کە ئەم پرۆگرامە پشت بە هەندێک فایل و زیاد کراوە دەبەستێت بۆ کێشانی وێنە ڕوونکردنەوەیەکان کە بەهیچ جۆرێک ناکرێت لەگەڵ فرەیموۆرکی .Net بگونجێنرێت، ئەم پرۆگرامە بۆ کێشانی نەخشەکان (بەگشتی بۆ کاری گرافیک) زیادکراوەی [2]vbrichclient5.dll بەکاردەهێنێت، کە کاری ئەمەش تەنها ئەوەیە کە کوالێتیەکی بەرز ‌هێڵ و خاڵەکان بكێشێت، واتە تەنها کاری گرافیک دەکات بەڵام بە کوالێتی و توانایەکی بەرز، لەگەڵ ئەمەشدا کۆدەکانی بەرنامەکە هەمووی کۆدی خۆماڵییە، واتە هەر نووسینی پرۆگراممەر خۆیەتی، هەر لە شێواز و ڕێگەی کێشانی نەخشەکان (algorithm) و تا بەشە بچوکەکانی تری بەرنامەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئینکاری لەوە ناکرێت کە کۆدی دەرەکی بەکارهێنراوە، و بێگومان هیچ بەرنامەیەکیش خاڵی نیە لەم جۆرە کۆدانە، بەڵام دەکرێت بڵێیت نزیکەی ١٠٪ کۆدی بەرنامەکە پێک دێنن، و بەرنامەکە بەشێوەیەکی سەرەکی دوو ActiveX بەکاتدەهێنێت، کە یەکێکیان بۆ نەخشە دوو دووریەکانە و ئەویتریش بۆ نەخشە سێ دوورییەکان، واتە دەتوانیت دووبارە بەکاریان بهێنیتەوە، بۆ نموونە گەر یەکێک ویستی لە بەرنامەیەکی خۆی بەکاریان بێنێت ئەوا دەتوانێت بە ئاسانی زیادی بکات بۆ بەرنامەکەی.

  • دەربارەی دیزاینی بەرنامەکە

بەرنامەکە دیزاینێکی زۆر نوێی و جوانی هەیە، کە لەو بەرنامانە ناچێت کە بە Visual Basic 6 دروستکراون، ئەم بەرنامەیە بۆ ڕووکارەکەی ئەوا زیادکراوەی [3]codejock softwareی بەکارهێناوە، و دەربارەی لۆگۆ و ئایکۆنەکان ئەوە هەر لەلایەن پرۆگراممەرەکەوە کراوە.

  • دەربارەی تایبەتمەندییەکانی بەرنامەکە:

بەرنامەکە تونایەکی زۆری هەیە و چەندین تایبەتمەندی جیاوازی هەیە، و بەشێوەیەکی بەردەوامیش تایبەتمەندی تری بۆ زیاد دەکرێت، ئێمە لێرەدا باسی هەندێک لە تایبەتمەندیەکانی بەرنامەکە دەکەین:

  1. بەرنامەکە بەشێوەیەکی گشتی بە جۆرێک دروست کراوە کە ڕاستەوخۆ سوود بە خوێندکاران بگەیەنێت، دەینیت زۆربەی ئەو تایبەتمەندیانەی کە بەرنامەکە هەیەتی لە قۆناغەکانی خوێندن دەخوێنرێن، ئەمەش بۆ ئەوەی زۆرترین سوودی هەبێت بۆیان.
  2. هەروەک پێشتر باسم کرد، بەرنامەکە توانای کێشانی نەخشەی دوودووری، لەگەڵ ئەمەشدا تۆ دەتوانیت بە ئاسانی نەخشەکان بنووسیت، هەر بەسادەیی گەر ویستت نەخشەیەک بکێشیتە ئەوا هەر بەشێوەی بیرکاریەکەی بینووسە:

y=x^2+1

2
بەشی داخڵکردنی نەخشە

بەرنامەکە توانای ئەوەی هەیە کە نەخشەی ڕاستەوخۆ (explicit) واتە ئەو نەخشەیەی بە گوێرەی گۆڕاوێک شێکارکراوە، بۆنمونە بە گوێرەی y یان x شیکار کراوە، بەئاسانی و زۆر بەخێرا دەکێشێت، لەگەڵ ئەمەشدە دەتوانێت نەخشەی خۆبەخۆ (implicit) بکێشێت و شیکارە جیاوازەکانی بدۆزێتەوە، بەڵام بەرنامەکە لەمەیاندا کەمێك هێواشە و کاتێکی پێدەچێت، ئەم بەرنامەیە بۆ دۆزینەوەی شیکارەکانی هاوکێشەی خۆبەخۆ ڕێگایەک بەکاردێنێت کە پێێ دەگوترێت میتۆدی نیوتن newton method[4]، کە ڕێگایەکە لەلایەن ئیسحاق نیوتنەوە دۆزراوەتەوە بۆ دۆزینەوەی ڕەگی نەخشەکان بەکاردێت، واتە ئەو خاڵانەی کە نەخشەکە تەوەرەی x دەبڕێت، ئەم ڕێگایە پێویستی بەوە هەیە کە داتاشراوەی نەخشەکە بزانیت، کە بۆ ئەم بەرنامەیە کێشە نیە چونکە زۆر بە ئاسانی داتاشراوەی نەخشەکان دەدۆزێتەوە، بۆ نموونە دەتەوێت ئەم هاوکێشە شیکار بکەیت: x^2+y^2=4 ، سەرەتا بەرنامەکە بە ڕێگەی کێشانی خاڵ نەخشەکە دەکێشێت، بۆیە پێویستە یەکێک لە گۆڕاوەکان ئازاد بێت، کە زۆرجار گۆڕاوی xە، ئێستە نرخێک بە x دەدرێت بۆ نموونە 1، بەمەش هاوکێشەکە دەبێت بە y^2=4-1^2 ، ئێستاش بەرنامەکە ڕێگای نیوتن بەکاردێنێت بۆ دۆزینەوەی ڕەگی نەخشەکە، سەرەتا یەکسانی دەکەین بە سفر، کەکارێکی زۆر ئاسانە،  y^2-4=0-1^2 ، پاشان بەرنامەکە داتاشراوەی نەخشەکە دەدۆزێتەوە کە دەکاتە: 2y، ئێستا ڕێگاکە دەڵێت گەر هەر ژمارەیەکی ڕاندۆم هەڵبژێرێت و لەم هاوکێشەیەx_1=x_0-\frac{f(x_0)}{f'(x_0)} دایبنێیت ئەوە لە ڕەگی ئەو نەخشەیە نزیک دەبیتەوە، واتە ئەنجامێکی باشترت دەست دەکەوێت کە لە ڕەگی نەخشەکە نزیکت دەکاتەوە، گەر ئەو ئەنجامە زۆر نزیک نەبوو ئەو دووبارە لە هاوکێشەکەی دایدەنێت و نرخێکی نزیکترت دەست دەکەوێت، بەم شێوەیە بەردەوام دەبیت تاکو نزیکترین نرخت دەست دەکەوێت، ڕاستیەکەی ئەم ڕێگایە بە دوو یان سێ هەنگاو ئەنجامێکی باشت دەداتێ بۆ زۆربەی هاوکێشەکان.

3
هاوکێشەکەی نیوتن
  1. بەرنامەکە توانای ئەوەی هەیە کە نەخشەی پۆلار polar بکێشێت، تۆ زۆر بە ئاسانی هاوکێشەکە لەسەر شێوەی r=f(\theta ) دەنوسیت، بۆ نموونە r=2\sin(\theta )، بەڵام لەم جۆرەیان بەرنامەکە پشتگیری نەخشەی خۆبەخۆ ناکات.

    4
    نەخشەیەکی پۆلار
  2. بەرنامەکە توانای ئەوەی هەیە کە خاڵ point لەسەر گرافەکە بکێشێت، تۆ بە ئاسانی دەتوانیت خالێکی (x,y) یان (r,θ) لەسەر نەخشەکەت بە ئاسانی بکێشێت، و دیاریشی بکەیت کە ئایا ئەو خاڵە بەشێکە لە کۆمەڵەی شیکار(خاڵێکی پڕکراوە) یان بەشێک نیە لە کۆمەلەی شیکار (خاڵێکی بەتاڵ)، ڕاستییەکەی ئەم خاڵانە تەنها گرنگیەکی گرافیکی و ڕووکارییان هەیە، کە ئەمەش سوودی زۆرە بۆ کەسێک کە پێویستی بەوە هەبێت ئەو نەخشانەی کە دەیکێشێت دواتر بە شێوەی وێنە یان هەر شێوازێکی تر پیشان بدات، سەرەڕای ئەمەش بەرنامەکە ڕێگای خێرای هەیە بۆ نووسینی خاڵەکان، تۆ دەتوانیت نەخشەیەک بنووسیت و پاشان ئەو خاڵانە بکێشێت کە دەکەونە سنوورێکی دیاریکراوی ئەو نەخشەیەوە.
    6
    چەند خاڵێکی کێشراو لە بەرنامەکە لەگەڵ نەخشەیەکی پلە دوو

    7
    تۆ دەتوانیت بە چەند کلیکێک ژمارەیەکی زۆری خاڵ هەژمار بکەیت
  3. تۆ لەبەرنامەکە دەتوانیت لەیەک کاتدا نزیکەی ١٢٠ نەخشە بنووسیت، واتە چەند نەخشەیەک لە هەمان کاتدا، و هەر نەخشەیەک دەکرێت تایبەتمەندی خۆی هەبێت لەوانە(دیاریکردنی ڕەنگی نەخشەکە، کێشانی داتاشراوەی نەخشەکە، ئایە نەخشەکە بەشێوەی دەرکەنار asymptote بکێشرێت کە لەمەیان نەخشەکە بەشێوەی هێڵی پچڕ پچڕ دەردەکەوێت، کێشانی تەواوکاری سنووردار بۆ دوونەخشە یان نەخشەیەک و هێڵی x واتە سنووری نێوان ئەو دوو نەخشەیە پڕدەکاتەوە کە ئەمەش سوودی گرافیکی خۆی هەیە) لەگەڵ چەندین تایبەتمەندی دیکەش.

    8
    نەخشەی هەشتی کە چەند هاوکێشەیەکی دەوێت، لەگەڵ دەرکەنارەکانی، تێبینی بکە کە لە بەرنامەکە دەتوانیت گۆڕاو بناسێنیت و نرخی پێبەیت!
  4. یەکێک لە تایبەتمەندیە زۆر بەسوودەکانی بەرنامەکە ئەوەیە بۆ هەر نەخشەیەک دەتوانی بواری ئەو نەخشەیە دیاری بکەیت، واتە دەتوانین نەخشەی پەلدار بنووسیت، چەند نموونەیەک
    1. y=x;x<1
    2. y=x;-1<x<1
    3. x=\frac{1}{2} y;y>-1
    4. r=\theta ;-\pi<\theta <\pi
    5. y=2x+1;x<1 \& x>-1 \& y>0

      9
      دوو نموونە لە دیاریکردنی بواری نەخشە!
  5. لەبەرنامەکە دەتوانیت تێبینی بنووسیت، کە هەر لە شوێنی نەخشەکان دەینوسیت.

    10
    نووسینی تێبینی لە بەرنامەکە
  6. بەرنامەکە پشتگیری لە کێشانی ڕوونکردنەوەی لاسەنگە (inequality) دەکات، و هەروەها دەکرێت دوونەخشەی لاسەنگەش بنووسیت، و بەرنامەکە بەشێوازێکی ئاسان و سەرنج ڕاکێش نەخشە لاسەنگەکان دەکێشێت.

    11
    بەرنامەکە توانایەکی بەرزی هەیە لە کێشانی لاسەنگەکان
  7. لەبەرنەماکە پشتگیری لە نەخشەی پارامێتری دەکات (parametric) تۆ دەتوانیت هەردوو نەخشەی x=f(t)  لەگەڵ  y=f(t) بنووسیت، یان دەکرێت نەخشەکەش پۆلار بێت واتە هەردوو نەخشەی r=f(t) لەگەڵ \theta =f(t) بنووسیت، وە لەهەردوکیشیان سنووری نەخشەکە دیاریدەکەیت.

    12
    کێشانی شیوەی گێڕ بە بەکارهێنانی نەخشەی پارامەتری
  8. بەشێکی گرنگی بەرنامەکە بریتیە لە نەخشەی سێ دووری، لە ڕاستیدا بەرنامەکە نەخشەی سێ دووری ڕاستەقینە ناکێشێت، بەڵکو چەند ڕێگایەکی ئاڵۆز بەکاردێنێت بۆ ئەوەی نەخشە پلەینێکی دوو دووری بەشێوەی سێ دووری نیشان بدات، و کۆمەڵەی شێکار بەشێوەی خاڵە نەک ڕوو یان شێوە.

    13
    نەخشەیەکی سێ دووری لە بەرنامەکە
  9. لە بەشی سێدووری پشتگیری لە زۆر بەش دەکات کە ئەوانیش (دیکارتی Cartesian، پۆلار و پارامێتری)، واتە دووبارە هەر سێبەشەکەی دوودووری لە بەشی سێ دووری دەردەکەونەوە.

    14
    بەشەکانی نەخشەی سێ دووری
  10. لەبەر ئەوەی بەرنامەکە دەتوانیت ژمارەیەکی ئیجگار زۆر نەخشە بنووسیت (١٢٠ نەخشە) بۆیە دەتوانیت ئەم نەخشانە بەشێوەیەکی بگونجێنیت کە شێوە و وێنە دروست بکات، کە لەبەشی Sampleی بەرنامەکە چەندین نموونەی تێدایە، کە زۆرێکیان کاراکتەری کارتۆنین کە بە نەخشەی بیرکاری شێوەکانیان کێشراوە.

    15
    کێشانی شێوەی کاراکتەری پیکاچۆ بەبەکارهێنانی ٦٨ نەخشە
  11. بەرنامەکە جگە لە کاری گراف، چەند تووڵێکی بیرکاری لەگەڵە کە هەریەکە کارێ ئەنجام دەدەن، ئەوانیش:
    1. Calculator: ئەمەیان بژمێرێکی زانستی سادە و بەهێزە.
    2. Composite Function Solver: لەم تووڵەدا دەتوانیت نەخشەی ئاوێتە بنووسیت و دواتریش شیکاریان بکەیت.
    3. Derivative Solver: ئەم بەشەیان دەتوانیت دەتاشراوەی نەخشە بە ئاسانی بدۆزیتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا دەتوانیت داتاشراوەی دووەم و سێیەم و هتد… بدۆزیتەوە.

      17
      تووڵی Derivative Solver، تێبینی بکە ڕووکاری بەرنامەکە چەند سادەیە!
    4. Integral Solver: لەم بەشەدا دەتوانیت نەخشەیەک بنووسیت و پاشان تەواوکاری سنووردار بدزۆیتەوە بە دیاریکردنی سنوورەکەی.
    5. Triangle Solver: ئەمەش توڵێکە کە دەتوانیت لاکان و گۆشەکانی سێگۆشە وەستاو بدۆزیتەوە.
    6. Function Evaluator: ئەمە تووڵەیان زۆر گرنگ و بەهێزە، لەم تووڵەدا دەتوانیت سیفەتەکانی نەخشە بدۆزیتەوە، لەوانە ناوچەی ڕوولەزیادبوون و ڕوولەکەمبوون و ناوچەی قۆپاو و قۆقز و خاڵەکانی وەرگەڕان و شلۆق، بەشێوەیەکی زۆر ئاسان تانها بە داخڵکردنی نەخشەکە و دیاریکردنی سنوورەکەی.

      16
      تووڵی Function Evaluator لەگەڵ دیاریکردنی ناوچەکانی ڕوولەکەمبوون و ڕوولەزیادبوون، خاڵەکان بریتین لە خاڵی شلۆق
  12. بەرنامەکە چەندین تایبەتمەندی دیکەی زۆری هەیە کە دەتوانن خۆتان ئاشکرای بکەن بە دابەزاندنی بەنامەکە و تاقیکردنەوەی[5].
  • وەشانەکانی بەرنامەکە

ئەوەی گرنگە تائێستا بەرنامەکە چوار وەشەنای فەرمی لێ دەرچوو، کە کۆتا وەشانی بریتیبووە لە 1.3، بەڵام پێشتر بەرنامەکە ناوی تەنها Simple Grapher بوو واتە بەبێ Plus، کە تاکو وەشانی ٦ لێدەرچووبوو، بەڵام دوای ئەوەی کە گۆڕانکاریەکی زۆر لەبەرنامەکە کراوە ناوەکەی گۆڕا بۆ Simple Grapher Plus و وەشانەکانی دووبارە بوویەوە بە 1.0.

  • دابەزاندنی بەرنامەکە

وەکو پێشتر وتمان کە بەرنامەکە تەنها بۆ سیستمی ویندۆز هەیە، و پلانی داهاتوو تەنها بریتیە لە سیستمی ئەندرۆید کە تا ئێستا پرۆژەکەی دەستی پێنەکردووە، بەڵام تۆ ئێستە دەتوانیت بۆ سیستمی ویندۆز تاقیبکەیەوە و بەرنامەکە لە سایتی فەرمی دابەزێنیت:

http://www.simplegrapher.com/p/latest-version.html

یان دەتوانیت لە سۆفتۆنیک دایبەزێنیت:

http://simple-grapher-plus.en.softonic.com/

چەند لینکێکی دیکەی دابەزاندن:

http://www.softpedia.com/get/Others/Home-Education/Simple-Grapher.shtml

http://download.cnet.com/Simple-Grapher-Plus/3000-2053_4-76475834.html

تێبینی: کێشەیەک هەیە لە تووڵی Function Evaluator کە لە ڤێرشنی 1.3 ئەگەری زۆر کە کارنەکات، کە بڕیار وایە لە وەشانی داهاتوو چاک بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە دەتوانین وەشانی 1.2 تاقیبکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو توڵەش ببینین چونکە زۆر بەسوود و گرنگە، ئەمەش لینکی دابەزاندنی وەشانی 1.2:

http://www.simplegrapher.com/2015/12/version-12.html

  • پلانی داهاتوو

پلانی گرنگی داهاتووی بەرنامەکە ئەوەیە کە بۆ سیستمی ئەندرۆید بەردەست بخرێت، و دەربارەی گۆڕانکاریەکانی ڤیرشنی ویندۆز ئەویش ئەم پلانانە هەیە بۆ وەشانەکانی داهاتوو:

  • زیادکردنی تووڵێک بەناوی MathArt یان دەکرێتیش ناوەکەی بگۆڕدرێت، کە ئەم تووڵە تۆ دەتوانیت هێل و بازنە و شیوەی تر بکێشیت بۆ ئەوەی وێنەیەکی لێ دروست بکەیت پاشان ئەم شێوانە هەموو بگۆڕیت بۆ نەخشە!
  • Viewer: ئەمەش بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ کە فایلێکی پرۆژەی بەرنامەکە دەکەیتەوە کە فایلەکانی بە پاشگری (.sgp:Simple Grapher Project File) ئەوە ڕاستەوخۆ بەخێرایی بەشێوەی وێنە پیشانی بدات بێئەوەی بەرنامە سەرەکیەکە بکاتەوە، و گەر ویستیشت نەخشەکان بگۆڕیت ئەوە دەتوانیت بەرنامەکە بکەیتەوە.

 

[1] https://en.wikipedia.org/wiki/Grapher

[2] http://www.vbrichclient.com/

[3] http://www.codejock.com/

[4] https://en.wikipedia.org/wiki/Newton%27s_method

[5] http://www.simplegrapher.com/

لێدوانێک بنووسە